ئێمەی مسوڵمان هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ ئەو ئێسکەپەیکەرەی لەشانەدەر دۆزراوەتەوە و وێناکراوەتەوە، بەوەی دژبێت بەبیروباوەڕی ئێمە، لەبەر ئەوەی:

١. هیچ بەڵگەیەکی دڵنیابەخشمان لانییە کە ئادەم کەی خەلقکراوە، ملیۆنان ساڵە یان هەزاران ساڵ!

٢.ئەو ژمارانەی هەیە زیاتر زانیاری ئەهلی کیتابن و بۆ ئێمە یەکلاکەرەوە نییە.

٣.ئەگەر بوونەوەری عاقڵی نزیک لەمرۆڤیش هەبووبێت هیچ کێشەیەکی نابێت بۆ بیروباوەڕی ئێمە، چونکە ئاماژەی قورئانی هەیە کەپێش ئادەم لەلایەن درووستکراوێکی ترەوە خوێنڕژاوە و خراپەکاریی کراوە.

٤. تەنانەت ئەگەر جۆرە مرۆڤێکی خوارتر لە ئادەمیش هەبووبێت و لەناوچووبن هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و گرنگ ناتەبا نەبێت لەگەڵ تێگەیشتنی قورئانیانەی ئێمە بۆ درووستبوونی ئادەم بەو شێوەیەی باسکراوە و بەو تەکامولەی کە لەدرووستکردنی ئادەمدا هەبووە و بەو ڕێزە تایبەتەی خوا لەنەوەی ئادەمی ناوە.

٥. ئەو پەیکەرەی کێشراوە لەمرۆڤی ئەمڕۆ دەچێت و جیاوازییەکی بەرچاوی نییە و ئاماژەش هەیە کە ئەو ناشتنەی لەشانەدەر هەبووە واتای ئەوەیە خاوەنی بیروباوەڕی ئایینی بوون لە ناستنی تەرمی مردووەکانیاندا.

٦. بۆ ئێمەی کورد گەرچی دڵنیاش نەبین ئەوانە لە ڕەگەزی ئێمەبووبێتن یان نا، یان ئێمە نەوەی ئەوان بین یان نا، بەڵام ئەم ڕووداوە خۆی لەخۆیدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بۆ ئێمەی کورد و دەبێت جێگەی گرنگیی پێدان بێت لە زۆر رووەوە، ئەمە لەکاتێکدایە من خۆم بڕوام وەها نییە ئەوانە مرۆڤی نزمتربووبێتن بەڵکو وەک مرۆڤی ئێستای سەردەمی خۆیانن.

٧. ئەو وتارانەی بەناوی ئایینەوە دەنووسرێن یان دەدرێن و ئەم بابەتە دەئاڵێنن بەوەی گوایە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت مرۆڤ لە مەیموونەوە هاتووە ، یاخود ئەم باسانە بە دژایەتی ئایین ئەژمار دەکەن؛ بەهەڵەی دەبینم و ترسێکی زیاد لەپێویست و خوێندنەوەیەکی هەڵەیە، لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو مامۆستا خۆشەویست و بەڕێزانە.

فاتیح

کۆمێنتەکان لەکارخراون.