به‌یان نورى ته‌وفیق
ئه‌حمه‌د موختار، كوڕی حەسەن بەگ، كوڕی فەتاح بەگی عبد القادر بەگی كوڕی خانە بەگە.
سیاسه‌تمه‌دارێكى كوردى عێراق بووه‌و له نه‌وه‌ى بابانه‌كانه. ساڵى (1901ز) له شارى به‌غدا, يان حيلله له‌دایكبووه. ساڵى (1922ز) كۆلیژى (حقوق)ى له به‌غدا ته‌واو كردووه‌و له (1926ز) له موصل به قازى دامه‌زراوه‌و له (1928) تا (1931ز) له كوت و به‌غدا بووه‌ته حاكم و له (1934ز) بووه‌ته داواكارى گشتیی.
پاش دامه‌زراندنى، چه‌ندین پله‌ى وه‌زیفيى بڕیوه، تا بووه به قازى‌و پاشان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى‌و موته‌صه‌رریف، ماوه‌یه‌كیش ئه‌ندامى په‌رله‌مان‌و ماوه‌یه‌كى زۆریش سه‌رۆكى دیوانى پادشایى بووه، له (1935ز) كراوە بە موتەصەرريفى كەربەلاو له (8/10/1942ز) بۆ یه‌كه‌مین جار له كابینه‌ى وه‌زاریى نورى سه‌عیدا بووه‌ته وه‌زیرى كار‌و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیى، پاشان له (25/12/1943ز) له هه‌مان كابینه‌دا بووه‌ته وه‌زیرى داد. له (6/4/1944ز) له كابینه‌ى حه‌مدى پاچه‌چیدا به وه‌زیرى داد ماوه‌ته‌وه. له كابینه‌ى دووه‌مى پاچه‌چیدا بووه‌ته‌وه به وه‌زیرى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى. له (23/6/ 1946ز)دا له كابینه‌كه‌ى (ته‌وفیق سوه‌یدى)ــیدا به وه‌زیرى كار ماوه‌ته‌وه.
له (20/6/1947ز)دا له كابینه‌ى وه‌زارى عه‌لى جه‌وده‌ت ئه‌یوبیدا، بووه‌ته وه‌زیرى به‌رگریى‌و مه‌عاریف. له (19/5/1958ز)دا بووه به سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، تا شۆڕشى (14)ى ته‌موز، واته سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى له كاتى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشه‌كه‌دا، كه‌متر له دوو مانگ بووه. دواى دوو ڕۆژ له شۆڕش ده‌ستگیر كراوه‌و له (19/11/1958ز) دادگایی كراوەو حوكمى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌رچووه، به‌ڵام (سه‌راب) خاتوونى كچى‌و هاوسه‌ره‌كه‌ى چوونەتە لاى عبد الكریم قاسم‌و داواى لێخۆشبوونيان بۆ كردووه، ئه‌ویش لێى خۆش بووه. هه‌ر ئه‌و كاته چووەته لوبنان‌و پاش ماوه‌یه‌ك چووەته ئه‌ڵمانیاو هه‌ر له‌وێ تا ڕۆژى وه‌فاتى ماوەته‌وه.
له كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د موختاردا ـ كه (14) كه‌س بوون ـ سێ وه‌زیریان كورد بوون، كه جار هه‌بووه له و كاته‌دا كابینه‌ى وه‌زاریى هیچ كوردێكى تێدا نه‌بووه.
به پێى یاداوه‌رییه‌كانى خۆی، به درێژایی ژیانى و له هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ى كه وه‌ريگرتوون، هیچ كارێكى نه‌رێنیى و گه‌نده‌ڵیى لێ نەبينراوه‌و سته‌مى له كه‌س نه‌كردووه‌و هه‌رگیز بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى پۆسته‌كانى به‌كارنه‌هێناوه. جگه له‌وه كه‌سێكى ساده بووه‌و جیاوازیى له نێوان كەسانى هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ندو لاواز‌و به‌هێزدا نه‌كردووه، بە پێچەوانەی زۆربەی وەزیرو كاربەدەستانەوە..
ده‌گێڕنه‌وه سه‌رابى كچى ـ كاتێك له زانكۆى به‌غداد بووه‌ـ هه‌روه‌ك قوتابییه‌كى ئاسایی بووه‌و ئه‌وه‌ى له كۆلێژدا نزیكى نه‌بووبێت كه‌سى تر نه‌یزانیوه كچى كێیه، نه به جل و به‌رگ و نه به هەڵس و كەوت و هاتوچۆدا دیار نه‌بووه‌و كه‌سێكى زۆر ساده بووه.
له كاتى ده‌ستگیركردنیدا له گرتووخانه‌ى ئه‌بوغرێب ـ ئه‌حمه‌د موختار بابان هه‌یبه‌ت‌و قورسایی خۆى له‌ده‌ست نه‌داوه، به هۆى ڕه‌وشتبه‌رزیى خۆیه‌وه ده‌وترێت ئه‌و عه‌ریفه‌ى كه پاسه‌وانى گرتووخانه‌كه بووه، هه‌ر به پاشا ناوى هێناوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه ئه‌وانى تر ئه‌وه‌نده قسه‌ى نه‌شیاوو خراپیان گوێ لێ بووه، داوایان كردوه په‌نجه‌ره‌كانیان به ته‌واویى بۆ دا بخه‌ن، تا گوێیان له قسه‌ى سووك‌و بێ مانا نه‌بێت.
هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د موختار بابان یه‌كێك بووه له‌و كه‌سه كه‌مانه‌ى كه له گرتووخانه‌ش نوێژه‌كانى له كات‌و ساتى خۆیدا كردووه.
یه‌كێكى تر له صیفه‌ته‌كانى كه باس ده‌كرێت، نه‌رم‌و نیانى بووه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن‌و نه‌یاره‌كانیدا، وه‌ك به‌ردانى سه‌رۆكى پارتى نیشتمانى دیموكرات (كامل چادرچى)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه نورى سه‌عید بڕیارى داوه به لێسه‌ندنه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زنامه‌ى عێراقیى له شیوعییه‌كان.
ئه‌حمه‌د موختار له دادگا جۆراو جۆرەكانى عیراقدا (17) ساڵ قازى بووه، ماوه‌یه‌كى زۆریش له سەردەمى پادشاييدا سه‌رۆكى دیوانى شاهه‌نشایی عیراق بووه.
ناوبراو له (24/10/1976ز) له شارى (بۆن)ى ئه‌لمانیا كۆچی دوایی كردووه‌و له گۆڕستانى موسڵمانان له شارى (میۆنیخ) نێژراوه، دياره خۆى وه‌صیه‌تى كردووه كة له هه‌ر وڵاتێك مرد، له‌و وڵاته بنێژرێت.
ساڵى (1999ز) بە هەوڵی د. كەمال مەزهەر، بیرەوەرییەكانی چاپ و بڵاو كرانەوە، كە لە لایەن خاتوو (سەراب)ی كچییەوە تا ئەو مێژووە پارێزرابوون.
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ رجال العهد الملكی، د.علا‌ء جاسم محمد، الحكمة، لندن، 2010م.
2ـ مذكرات أحمد مختار بابان، تحقيق: د.كمال مظهر أحمد، المؤسسة العربية للدراسات، بيروت، 1999م.
3ـ أعلام الكرد، جمال بابان، آراس، أربيل، 2012م.
4ـ تاريخ الوزارات العراقية، عبد الرزاق الحسيني، بغداد، 1953م.