د. عه‌دنان عه‌بدو لقادر هه‌ورامانى

ناوى ئه‌حمه‌د، كوڕى ڕه‌حیم، كوڕى موحه‌ممه‌ده‌، له‌ ساڵى 1896 زاینى له‌ گوندى (پاشبه‌رد)ى شارۆچكه‌ى (پێنجوێن) هاتۆته‌ دنیاوه‌. هۆى نانازناوه‌كه‌شى به‌ (مه‌لاى ڕه‌ش) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ مامۆستا شێوه‌ى له‌سه‌ر شێوه‌ى (سه‌ید عایشێ)ى دایكى، ڕه‌ش‌و كورته‌ باڵا بووه‌، باوكیشى ڕه‌نگى سپى‌و سوورو چاوشین‌و به‌جه‌م بووه‌.
مامۆستا كاتێ ته‌مه‌نى ده‌گاته‌ حه‌وت ساڵ، باوك‌و دایكى كۆچى دوایی ده‌كه‌ن، خاڵێكى باوكى كه‌ ناوى (مه‌لا ئه‌حمه‌د) بووه‌ ده‌یباته‌ لاى خۆى.
خاڵى باوكى له‌ ته‌ماعى كتێبه‌كان كه‌ لاى ده‌بن، پێی خۆش نابێ كه‌ وانه‌ى ئاینى بخوێنێت، به‌ڵام تازه‌ مه‌لایه‌كى گونده‌كه‌یان (99) ناوى خواى مه‌زن ده‌نوسێته‌وه‌‌و دوو سێ ڕۆژ له‌ مزگه‌وت، به‌ هاتوچۆ كردن‌و ده‌نگى به‌رزه‌وه‌ بۆ ده‌رخكردن ده‌وریان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هره‌یه‌كى واى هه‌بووه‌، دووجار یا سێ جار شتێكى به‌رگوێ كه‌وتبایه‌ یه‌كسه‌ر له‌به‌رى ده‌كرد‌و له‌بیریشى نه‌ده‌چووه‌وه‌، جا ڕۆژێك به‌ مه‌لاكه‌ ده‌ڵا: مامۆستا ئه‌وه‌ى چه‌ند ڕۆژه‌ ده‌وریان ده‌كه‌یته‌وه‌ بۆتى بڵێم؟ مه‌لاش به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌ڵا: ده‌ بیڵا! ئه‌ویش ناوه‌كانى خوا زۆر به‌ڕێكیى‌و ڕه‌وانیى بۆ مه‌لاكه‌ ده‌ڵێت. مه‌لا هه‌ر كه‌ ئه‌و به‌هره‌یه‌ى لێ ده‌بینێ‌و بنه‌ماڵه‌كه‌شیان مه‌لازاده‌ بوون، هه‌ستى ئاینپه‌روه‌ریی هانى ده‌دات شه‌وانه‌ به‌دزى خاڵۆكه‌یه‌وه‌ ده‌رسى پێ بڵێته‌وه‌، ئیتر له‌لاى ئه‌و مامۆستایه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ خوێندنى قورئانى پیرۆز‌و بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ هه‌مووى خه‌تم ده‌كات، ئه‌وسا ده‌چێته‌ ناو فه‌قێیان، دواتر ده‌چێته‌ پێنجوێن‌و مه‌ریوان‌و كانى سانان‌و چۆڕو بالك، بۆ خوێندنى زانسته‌ شه‌رعییه‌كان.
پاشان چووه‌ بۆ شارۆچكه‌ى بیاره‌، لاى مامۆستا مه‌لا عبد القادرى بیاره‌ خوێندوویه‌تى، دواتر چووه‌ بۆ گوندى (په‌سوێ) لاى مامۆستا مه‌لا عبد الله. جا كاتێك ده‌گاته‌ كتێبى (جامى) ئیتر كتێبه‌كانى باوكى له‌ خاڵۆى ده‌سێنێته‌وه‌‌و به‌و كتێبانه‌ ده‌بێته‌ مه‌لا باش، به‌ڵام ساڵى (1916)ى زاینى سوپاى ڕوسیا ده‌گاته‌ ناوچه‌كه‌‌و كتێبخانه‌كه‌ ده‌سوتێنێت. ده‌وترێت كه‌ (مه‌لا نصر الله) ناوێك له‌ كاتى ئاگرگرتنى كتێبخانه‌كه‌دا كتێبێكى زۆر ده‌رباز ده‌كات، پاشان له‌لاى خۆى هه‌ڵیانده‌گرێ‌و نایداته‌وه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌، به‌ڵام له‌ دواییدا كچێكى خۆى له‌ تۆڵه‌دا ده‌داته‌ كوڕێكى (حه‌مه‌ شه‌ریف)ى براى (مه‌لاى ڕه‌ش).
مامۆستا جگه‌ له‌ زیره‌كییه‌كه‌ى زۆر وانه‌بێژێكى سه‌ركه‌وتووش بووه‌، پێش ئه‌وه‌ى كتێبى (موخته‌صه‌ر) ته‌واو بكات، نزیكه‌ى (20) جار كتێبى (جامى) له‌به‌ر به‌ فه‌قێیان وتووه‌ته‌وه‌.
مامۆستا وه‌ك وتمان له‌ ناوچه‌ى پێنجوێن‌و مه‌ریوان‌و موكریان‌و هه‌ورامان – به‌ تایبه‌تى بیاره‌- هه‌ر مه‌لا باشێكى بینیبێت، چۆته‌ لاى‌و زانستى له‌ لا خوێندووه‌، ئه‌مه‌ش ناوى هه‌ندێ له‌ مامۆستاكانى مه‌لا ئه‌حمه‌دى ڕه‌ش:
حاجى مه‌لا عبد الله: له‌ گوندى (كانى سانان). مه‌لا سه‌ید موحه‌ممه‌دى چۆڕى، مه‌لا مه‌حمودى جوانڕۆیی، له‌ گوندى (باڵك) ى لاى مه‌ریوان، مه‌لا عبد القادرى موده‌ڕیس، له‌ شارۆچكه‌ى (بیاره‌). حاجى مه‌لا عبدالله په‌سوێ، له‌ (موكریان)، مه‌لا عبد الله وه‌ڵزى، له‌ گوندى دووڕۆ.
ساڵى 1920ز كه‌ مه‌لایه‌تى ته‌واو ده‌كات، مامۆستا (مه‌لا عبد القادرى بیاره‌) ئیجازه‌ى مه‌لایه‌تى ده‌داتێ‌و زۆر نابات مامۆستا (مه‌لا عبد القادر) كۆچى دوایی ده‌كات، ئیتر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ شێخ عه‌لائه‌دین ساڵى (1921) له‌ هه‌مان جێى مامۆستاكه‌ى ده‌یكاته‌ وانه‌بێژ‌و موده‌ڕیس له‌ بیاره‌، له‌و كاته‌دا مامۆستا مه‌لا (عبد الكریم مدرس) له‌ لاى ئه‌و ده‌خوێنێت، دواتر ده‌چێته‌ شارى سلێمانى، لاى شێخ عومه‌رى قه‌ره‌داغى ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان ده‌چێت بۆ گه‌ڵاڵه‌ لاى محه‌ممه‌د عه‌باس ئاغاو ده‌بێته‌ موده‌ڕیس.
دواى چه‌ند سالأ مه‌لایه‌تى‌و ده‌رس گوتنه‌وه‌، واز له‌ مه‌لایه‌تیى دێنێ‌و ده‌چێته‌ شارى هه‌ولێر‌و له‌وێ ده‌بێته‌ میوانى شێخ مسته‌فاى نه‌قشبه‌ندیى‌و به‌هۆى مه‌لا ئه‌حمه‌ده‌وه‌ لاى مه‌لا فه‌ندى هه‌ولێر داده‌مه‌زرێ‌و بۆ ماوه‌ى نۆ مانگ لاى ئه‌ویش ده‌خوێنێ‌و دووباره‌ ئیجازه‌یه‌كى ترى مه‌لایه‌تى لاى ئه‌ویش وه‌رده‌گرێت. پاشان له‌ مه‌خمور ده‌بێته‌ مه‌لاو ماوه‌ى هه‌شت سالأ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان ده‌چێته‌ گوندى (دێمه‌كار)و پێنج ساڵ له‌وێش ده‌بێت، دواتر له‌ (چه‌غه‌میره‌) لاى كانه‌بى حه‌وێز ئاغا پازده‌ سالأ ده‌مێنێته‌وه‌، دواتر بۆ ماوه‌یه‌كى كه‌م ده‌چێته‌ مورتكه‌ى گه‌وره‌، لاى عه‌لى مه‌حمود كاكه‌خان.
ناوى هه‌ندێ له‌ فه‌قێكانی:
مه‌لا ڕه‌شیدى موكریانى، مه‌لا سه‌لیمى دیبه‌گه‌، مه‌لا عبد الكریم موده‌ڕیس، مه‌لا موحه‌ممه‌د فه‌رهادى، مه‌لا عبد الله چروستانى، مه‌لا مسته‌فا بێلنگه‌، مه‌لا عه‌لى عه‌وداڵان، مه‌لا موحه‌ممه‌دى مه‌خمور، مه‌لا ئه‌بوبه‌كرى دووگردكان، مه‌لا عه‌زیزى حوسێنه‌ گه‌وره‌، مه‌لا موحه‌ممه‌د ئه‌مین سوێرى، مه‌لا ئه‌حمه‌د گورزه‌یی، مه‌لا عومه‌ر مه‌ولود دیبه‌گه‌یی، مه‌لا ئه‌حمه‌د قه‌ره‌به‌ك، مه‌لا عومه‌ر تورجانى، مه‌لا صادقى كه‌سنه‌زان، مه‌لا عبد الله سه‌قزى، مه‌لا قادرى داره‌خورما، مه‌لا ئه‌بوبه‌كرى شه‌ركان، مه‌لا عوسمانى بیره‌عاره‌بان.
مه‌لا ئه‌حمه‌دى ڕه‌ش ساڵى 1957ز له‌ هه‌ولێر كۆچى دوایی كردووه‌‌و پاش خۆى چوار كوڕى لێ به‌جێماوه‌، به‌ ناوه‌كانى:
1- مه‌لا محمد ئه‌مین: پێشنوێژ بوو له‌ مزگه‌وتى (ناونه‌جاڕان) له‌ناو بازاڕى هه‌ولێر. 2- مامۆستا عبد العزیز: ڕۆشنبیرو نووسه‌رو ڕۆماننووسه‌، دانراوى هه‌یه‌، له‌ نووسراوه‌كانى به‌ (عه‌زیزى مه‌لاى ڕه‌ش) خۆى ناو ده‌بات. 3- قاسم. 4- ئه‌بوبه‌كر.
سه‌رچاوه‌كان:
1- مه‌لاى ڕه‌ش، نووسین‌و كۆكردنه‌وه‌ى عه‌زیزى مه‌لاى ڕه‌ش، چاپخانه‌ى مناره‌، هه‌ولێر، 2010ز.
2- مێژووى زانایانى كورد، تاهیر به‌حركه‌یی، به‌رگى یه‌كه‌م، هه‌ولێر.

کۆمێنتەکان لەکارخراون.