محه‌ممه‌د شێخ حه‌سه‌ن
سه‌رنج: ئه‌م وتاره له به‌رگی یه‌كه‌می ئینسكلۆپیدیای كورد‌و كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه
شێخ نه‌جیب، كوڕى شێخ عبد اللطیف، كوڕى شێخ عبدالله، كوڕى شێخ عوسمان، كوڕى شێخ (عبد اللطیف)ى گه‌وره‌یه. ده‌وروبه‌رى ساڵى (1283ك)، (1858ز)، له‌دایكبووه. باوكى زانایه‌كى شاره‌زاو لێهاتوو بووه، له مهدرهسهو مزگه‌وتى قه‌ره‌داخدا سه‌رگه‌رمى وانه وتنه‌وه‌و پێگه‌یاندنى فه‌قێ بووه. شێخ نه‌جیب له‌م مه‌دره‌سه گه‌وره‌یه، لاى باوكى، سه‌ره‌تاى خوێندن ده‌ست پێده‌كات، پاشان ده‌چێت بۆ كفرىو لاى شێخ حه‌سه‌نى قه‌ره‌داغى مامى كه زانایه‌كى به‌ناوبانگ بووه، درێژه به‌خوێندن ئهداتو ناگه‌ڕێته‌وه تا ئیجازه له خزمه‌تیدا وه‌رده‌گرێت. پاشان، ده‌چێته‌وه قهرهداخو له مزگهوتو مهدرهسهكهى خۆیان دادهنیشێتو ده‌ستده‌كات به وانه‌وتنه‌وه‌و خزمه‌تى خه‌ڵكى، تا ناوبانگى به هه‌موو لایه‌كدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌و له زۆربه‌ى كوردستانه‌وه فه‌قێ ڕووى تێده‌كه‌ن. ئه‌م مه‌دره‌سه‌یه وه‌ك زانكۆیه‌كى ئێستا وا بوو، خزمه‌تى به هه‌موو كوردستان ده‌كرد، تا (1920ز)و به‌رپابوونى شۆڕشى شێخ مه‌حمود، شێخ داواى له شێخ نه‌جیب كرد بۆ هاوكاریى، ئه‌میش به هێزێكه‌وه به‌شداریى شۆڕشه‌كه‌ى كرد، به‌ڵام دواى هێرشى ئینگلیز‌و ده‌سگیركردنى شێخ مهحمودو دوورخستنه‌وه‌ى، به پێویستى نه‌زانى بمێنێته‌وه‌و هێزه‌كه‌ى كێشایه‌وه‌و گه‌ڕایه‌وه قه‌ره‌داخ، ئاژاوه‌چییان ئه‌مه‌یان به‌هه‌ل زانى‌و ناكۆكییان خسته نێوان شێخ مهحمودو شێخ نه‌جیبه‌وه، كه بووه هۆى هێرشى له‌شكرى شێخ مه‌حمود بۆ قهرهداخو سووتاندنى كتێبخانه به‌ناوبانگه‌كه‌ى مه‌دره‌سه‌ى قهرهداخو ئاواره‌بوونى شێخ نهجیبو بنه‌ماڵه‌كه‌ى بۆ گوندى (سۆڵه)و مانه‌وه‌یان لاى شێخ قادرى شێخ حوسه‌ینى چرچه‌قه‌ڵا. پاش ماوه‌یه‌ك شێخ نه‌جیب چووه بۆ ناحیه‌ى (بیاره)و لاى شێخ عه‌لادین مایه‌وه، كه ڕێزێكى زۆرى له میوانان ده‌گرت، پاش هێوربوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه، له بیاره‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ قه‌ره‌داخ. شێخ نه‌جیب زۆر دۆستى كتێب‌و زانست بووه، بۆیه كتێبخانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى دروست كردووه‌و گه‌لێك كتێبى بهنرخو دانسقه‌ى بۆ په‌یدا كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێبانه‌ى كه له باپیرانیه‌وه بۆى به‌جێماوه توانیویه‌تى كتێبخانه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندو پڕ بایه‌خ پێكه‌وه بنێت. ناسراوترینى قوتابییه‌كانى: شێخ عه‌لى كوڕى شێخ (عبد الرحمن)ى برازاى، شێخ مسته‌فاى كوڕى، شێخ عومه‌رى ابن القرداغى، شێخ جه‌لالى شێخ (عبدالطیف)ى براى، مه‌لا عارف. ئه‌م زاته له نزیكه‌ى ساڵى (1351ك)، به‌رامبه‌ر (1932ز) دا، له ته‌مه‌نى (74) ساڵیدا، وه‌فات دهكاتو له گۆڕستانى گومه‌زى له قه‌ره‌داخ به‌خاك ده‌سپێرێت.
ژێده‌ره‌كان
- علماۆناو بنه‌ماڵه‌ى زانایانى( المدرس)
- وردبوونه‌وه‌یه‌ك له مێژووى شێخانى مه‌ردۆخى قه‌ره‌داخى، بورهان شێخ مه‌جید
- بێگه‌رد شێخ نورى شێخ باباعه‌لی، سلێمانى، (2001ز)
- گۆڤارى مه‌ردۆخ، چاپى 4، ساڵى دووه‌م.

