عه‌بدولجه‌ببار قه‌ره‌داغی
سه‌رنج: ئه‌م وتاره له به‌رگی یه‌كه‌می ئینسكلۆپیدیای كورد‌و كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه
ناوی مه‌لا مصگفى صه‌فوه‌ت، كوڕی حاجی مه‌لا ڕه‌سول، كوڕی مه‌لا شه‌ریفی دێلێژه‌یی قه‌ره‌داغه. له ساڵی (1324هـ) به‌رامبه‌ر (1906-1907م) له گه‌ڕه‌كی (ده‌رگه‌زێن) له شاری سلێمانی له‌دایك بووه. دایكی (ڕه‌عنای شێخ عه‌زیزی شێخ فه‌تاحی خانه‌قا)یه. نازناوی شیعریی مه‌لا مسته‌فا: (صه‌فوه‌ت)ه. چووه‌ته حوجره‌ی فهقێو دوانزه عیلمی ته‌واو كردووه. له سلێمانی لای مه‌لا (حسه‌ینی پیسكه‌ندی) خوێندوویه‌تی. هه‌ر بۆ پیرۆزی دوو ئیجازه‌ی مۆركراوی (شێخ عومه‌ر)و (مه‌لا ڕه‌زای واعیز)یشی وه‌رگرتووه، ساڵی (1928ز) بووه به ئیمام‌و موده‌ڕیسی مزگه‌وتی (باشچاوه‌ش)، مزگه‌وته‌كه‌ى باوكی. قورئانى خه‌تم كردووه‌و لاى باوكى سه‌رقاڵ بووه به كتێبه ئاینییه‌كان‌و عه‌ره‌بییه‌وه، پاشان بۆ قوتابخانه‌كان چووه بۆ وه‌رگرتنی زانست له مزگه‌وتی (شێخ بابا عه‌لی)و مامۆستای زانا (شێخ عمر قه‌ره‌داغی). هه‌روه‌ها چووه بۆ گوندی (بێژووه) له ناحیه‌ی (ئالان)و لای زانای چاكه‌خواز حاجی شێخ (محه‌ممه‌د ئه‌مین بێژوێیی) ده‌رسی خوێندووه. پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه سلێمانی، ئیجازه‌ی لاى (شێخ بابا عه‌لی) وه‌رگرتووه. له سه‌ره‌تای لاوێتیدا ڕووی كردۆته تهصهووفو ته‌نانه‌ت دهروێشیشو پابه‌ندی ڕێبازی قادریی بووه. له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، گرانی پێی لێ هه‌ڵبڕیبوو، به‌ده‌م مه‌لایه‌تییه‌وه كه‌وته كاسپی كرن. له (9-12-1963ز) به‌رامبه‌ر (1383ك) وه‌فاتی كردووه‌و له گردی (سه‌یوان)ى سلێمانى نێژراوه، (23) دانراوی هه‌یه، له‌وانه: (هۆنراوه‌ی كوردی له دووڕی بوردی. سلێمانی، (1935ز)، ڕابه‌ری نوێژ، گوڵستان، وه‌رگێڕانی گوڵستانی سه‌عدی شیرازی بۆ زمانی كوردی، شانۆی ناوماڵ، ڕابه‌ری حه‌ج، دیوانی صه‌فوه‌ت، مێژووی به‌رزنجه، ڕابه‌ری ڕۆژوو، ڕابه‌ری زه‌كات، ته‌فسیری قورئان، فتوحاتی شام، نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی نه‌خۆشی سیل، دیوانی (محیی)و چه‌ند دانراوێكی تر. نموونه‌یه‌ك له شیعره‌كانى: له به‌شێك له قه‌صیده‌ی بوردییه كه كردوویه‌تى به كوردیی، ده‌ڵێت: له یادی ههمسایهكهی دانیشتوویی زی سه‌له‌م فرمێسكت كرد تێكه‌ڵی خوێنێ كه ئه‌ڕژا له چه‌م یا بایه‌كه هاتووه له لای مه‌دینه‌ی ره‌سووڵ یا به‌رقه ڕوون بوو، له تاریكی، له شاخی ئیزهم ئه‌ی به‌و دوو چاوت بڵێن: مه‌گرین پێیان زیاد ئه‌كه‌ن دڵ بۆ چ بڵێیت پێی به‌سه، زیاتر ئه‌بێ پڕ له هه‌م
ده‌رباره‌ى خۆ پاراستنیش له ئاره‌زووی نه‌فس، ده‌ڵێت: ئه‌م نه‌فسی ئه‌مماره‌یه، نه‌فامه گوێ ناگرێ له ترسی ترسێنه‌ری پیرییو سپیی ڕیشهكهم هیچ خۆی ئاماده نه‌كرد، به كردوهوی چاكه بۆ مێوانه هاته سه‌رم، له لای نه‌بوو موحته‌ره‌م بمزانیایه ئه‌گه‌ر من حورمه‌تی ناگرم خه‌نه‌م ئه‌كرد مووی سپی، وون بێ، نه‌بینرێ به چه‌م كێ بۆم بگێڕێته‌وه، نه‌فسم له گومڕایی یا وه‌ك ئه‌سپی سه‌ركه‌ش كه‌وا لغاوی بكرێته ده‌م هیوات نه‌بێ شه‌هوه‌تی نه‌فست به عیصیان شكان خۆراك كه زۆرتر ئه‌دا قووه‌ت به گه‌وره شكهم وێنه‌ی مناڵه نه‌فس، گه‌ر لێی گه‌ڕێیت زل ئه‌بێ له‌سه‌ر مه‌مك بیبڕه‌وه، نابینی بۆی بێنێ ده‌م لایده هه‌وایی نه‌فس، وریابه ئامیر نه‌بێ كه بوو به ئامیر هه‌وا، ئه‌تخاته ڕهنجو سه‌ده‌م وریای به كه‌وته له‌وه‌ڕ له كاتی سهردارییا ده‌می كه شیرین بوو لێی، بۆت ناگیرێ بێ سته‌م چه‌ند جوان ئه‌كا له‌ززه‌تی كوشنده بۆ ئاده‌می جۆرێ نازانێ هه‌یه، له چهورییا زههرو سهم.
ژێده‌ره‌كان:
- علماۆنا فی خدمه العلم والدین
- دیوانی صه‌فوه‌ت
- أعلام الكرد، جمال بابان
- گوڵستانی سه‌عدی، مصلح ا‌لدین سعدی شیرازی. وه‌رگێڕانی: مامۆستا ملا مصطفى ڕه‌سول (سه‌فوه‌ت). چاپی دووه‌م، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان، سنه ، (1384ه).

