سەعدی حەمەخان

سەید قوتب قورئانی دۆزیەوە، ئەو جادوەی دۆزیەوە کە قورئان لەمرۆڤدا دایدەنێت، لەو کەسانەدا کە باوەڕی پێ دەهێنن، لەو کەسانەشدا کە باوەڕی پێناهێنن، جادویی قورئان لەباسکردنی غەیبیات و زانستە ئەزموونیەکان و تەشریعدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لەڕۆحی هاوئاهەنگیی و هارمۆنیەتی قورئاندا خۆی دەبینێتەوە، لەئیمان و پەیامی هیدایەتەدا خۆی دەبینێتەوە، لەو هاوئاوازیی و هونەرو هەستی جوانناسی و ڕێکخستنەدا خۆی دەبینێتەوە کە خۆی لەوێناکردنی هارمۆنیەتی دەروونیدا نمایش دەکات، ئەو هاوئاهەنگیەی کە (عومەری کوڕی خەتاب) دەڵێت: تەزوو دەهێنێت بەگیانی ئەو کەسانەدا کە باوەڕی پێدەهێنن) و چێژو تەڕاییەکیش دەدات بەوانەی پێناهێنن و ژیریان ورد و خاش دەکات.
پێشینان ستاتیکای هونەریی و ڕێکخستنی قورئان جێی سەرنج و ڕامانیان نەبوو، بەڵکو سەرقاڵی بابەتی فیقهی و زمانەوانی و فەلسەفی و ڕێزمانی و خەلقی قورئان بوون، جگە لە زەمەخشەری و جورجانی نەبێت.
وێناندنەکان لەقورئاندا تەنها دەربڕینی ڕەوانبێژی و ئیعجازی نین، بەڵکو وێنەگەلێکن پڕن لەژیان و بزاوتن، ڕیزبەندی ئایەتەکان یەک لەدوای یەک وێنەگەلێکی گشتیی و گشتگیرن و وەک تابلۆیەک سەرتاپای قورئان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەمەیە جیاوازی سەید لەگەڵ ڕاڤەکارانی پێش خۆیدا، چونکە ئەوان تەنها لەسەر تایبەتمەندیە تاکەکانی دەقەکان دەوەستان و خۆیان نەگەیاندە تایبەتمەندیە گشتییەکان.
وێناکردنی هونەریی لەچەند ڕوویەکەوە دەکرێت وێنابکرێت، وەک لەڕێگەی هەستپێکراوەوە تەعبیر لەوێنەی زیهنی و حاڵەتی دەروونی دەکات، مانای زیهنی دەبێتە شتێکی بەرجەستە و حاڵەتی دەروونی دەبێتە تابلۆ، ئەوەش لەگێڕانەوەی چێرۆک و وبابەتە دەروونیەکاندا زۆر بەباشی دەردەکەوێت، بەجۆرێك بیسەری دەقەکە دەبێتە بینەر، دەقەکە دەبێتە دیمەنێکی نمایشکراو و ڕوداوێک وەکو ئەوەی لەکاتی ئێستادا ڕووبدات، سەید لەم بارەیەوە دەڵێت: (نموونە لەسەر ئەمەی کە دەێڵێین هەموو قورئانە، هەرکات بیەوێت باس لەمەبەستێك لەو مەبەستانە بکات، کاتێك بیەوێت تەعبیر لەمانایەکی ئەبستراک بکات، یان حاڵەتێکی دەروونی، یاخود خەسڵەتێکی دەروونی، یاخود خەسڵەتێکی مەعنەوی، یا نموونەیەکی مرۆییانە، یا ڕووداوێک، یاخود چیرۆکێکی ڕابردوو، یان دیمەنێک لە دیمەنەکانی ڕۆژیی دوایی یاخود بارێک لەبارەکانی نازونیعمەت و سزادان، یاخود کاتێک دەیەوێت نموونە بە مشت ومڕ و دەمەقاڵێیەک بهێنێتەوە، بەڵکو تەنها ئەم دەماقاڵێیەی دەوێت وپشت دەبەستێت بەواقیعی هەستپێکراو و خەیاڵئامێزی بینراو، لاپەڕە ٤٣).
ئەمەش لەچەند بابەتێکدا دەردەکەوێت:
١-مانای زیهنی لەوێنەی هەستیدا: کاتێك قورئان باس لەو کەسانە دەکات کە باوەڕ ناهێنن هەرگیز ناچنە بەهەشتەوە، ئەم مانا زیهنیە دەکاتە وێنەیەکی هەستپێکراو لەدیمەنێکدا وەکو دەفەرموێت: (إِنَّ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِآيَاتِنَا وَاسْتَكْبَرُوا عَنْهَا لَا تُفَتَّحُ لَهُمْ أَبْوَابُ السَّمَاءِ وَلَا يَدْخُلُونَ الْجَنَّةَ حَتَّىٰ يَلِجَ الْجَمَلُ فِي سَمِّ الْخِيَاطِ) واتە: بێگومان ئەوانەی کە باوەڕیان بەئایەت و فەرمانەکانی ئێمە نەهێنا و خۆیان لەئاستیدا بەگەورە دانا ئەوانە دەروازەکانی ئاسمانیان بۆ ناکرێتەوە و ناچنە بەهەشتەوە هەتا گوریس نەچێت بەکونی دەرزیدا.
٢- وێنای حاڵەتی دەروونی و مەعنەوی: (أَفَمَنْ أَسَّسَ بُنْيَانَهُ عَلَى تَقْوَى مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانٍ خَيْرٌ أَمْ مَنْ أَسَّسَ بُنْيَانَهُ عَلَى شَفَا جُرُفٍ هَارٍ فَانْهَارَ بِهِ فِي نَارِ جَهَنَّمَ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ (التوبة109)واتە: ئەو کەسەی مزگەوت یان کارەکەی لەسەر بنچینەی تەقواو لەخواترسان دروستکردبێت و ڕەزامەندی خوای مەبەست بێت چاکترە؟ یاخود ئەو کەسەی کە مزگەوت و بینای ئیشەکەی لەسەر لێواری کەندەڵانێکی بێهێز و ڕووخاو دامەزراندبێت کە لەگەڵ خۆیدا بیڕوخێنێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە؟!
٣-کێشانی مودێلێکی مرۆڤانەی ڕوونە: وەکو ئەو ئایەتەی کەلە سورەتی (البقرة)دا دەفەرموێت: (وَمِنَ النَّاسِ مَن يُعْجِبُكَ قَوْلُهُ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيُشْهِدُ اللَّهَ عَلَىٰ مَا فِي قَلْبِهِ وَهُوَ أَلَدُّ الْخِصَامِ،
وَإِذَا تَوَلَّىٰ سَعَىٰ فِي الْأَرْضِ لِيُفْسِدَ فِيهَا وَيُهْلِكَ الْحَرْثَ وَالنَّسْلَ ۗ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ الْفَسَادَ) واتە: هەندێك کەس هەن زمان پاراوییان لەژیانی ئەم دونیایەدا سەرسامت دەکات، خواش بەشایەت دەگرێت و دەڵێت: دڵ و زمانم یەکن، لەکاتێکدا ئەو سەرسەختترین کەسە لەهەموو جۆرە دوژمنایەتیەکدا، هەکاتێك ئەو جۆرە کەسە پشتی هەڵکرد و دەسەڵاتی پەیدا کرد هەوڵ دەدات لەزەویدا ئاشوب بەرپا بکات و خراپە بڕوێنێت و کشتوکاڵ لەناو ببات و پاکتاوکردنی ڕەگەزی ئەنجدام بدات، بێگومان خوا فەساد و خراپەی ناوێت.
سەید دەربڕینە قورئانیەکان شی دەکاتەوە، باس لەوە دەکات کە چۆن قورئان کاتێک باسی مانای زیهنی یان حاڵەتی دەروونی یان واقیعی دووبارە بوەوەی مرۆڤ دەکات چۆن لەدەربڕینی موجەڕەد و ڕووتەوە دەیگۆڕێت بۆ وێنەیەکی وێناکراو، وێنەیەکی جوڵا یاخود بینراو.
٤-پاشان دێتە سەر وێناکردنی بینرا(التصویر المشهود)و دیمەنی ڕووداوەکان کە ڕوویان داوە وەکو چیرۆکەکانی ڕابردوو و ڕووداوەکان، نموونە و پەند و ئامۆژگاریەکان، دیمەنەکانی قیامەت، قورئان کە چیرۆکێك باس دەکات نایگێڕێتەوە بەتەنها بەڵکو ژیانی بەبەردا دەکات و دووبارە لەبەرچاوماندا لەسەر تەختی شانۆیەک نماشی دەکات، (وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ الْقَوَاعِدَ مِنَ الْبَيْتِ وَإِسْمَاعِيلُ رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (البقرة127)واتە: لەکاتێکدا کە ئیبراهیم و ئیسماعیل پایەکانی ماڵی خوایان بونیاد دەنا و بەرزیان دەکردەوە دەیانوت: پەروەردگامان لێمان قبوڵ بکە بەڕاستی تۆ زۆر بیسەر و زانایت.
وێناکردن ئامرازی یەکەمی قورئانە و ڕێسای یەکەمیەتی بۆ ڕوونکردنەوە، ئەی ئەم وێناکردنە لەسەر چی وەستاوە؟ لەسەر بەرجەستەکردن وەستاوە، بەرجەستەکردنی شتە مەعنەویەکان و بەخشینی ژیان پێیان، وەکو ئەوەی کە بەیانی هەناسە دەدات (الصبح إذا تنفس) لێرەدا هەناسە دەبەخشێت بەبەیانی و ژیانی دەکات بەبەردا، یان کاتێك توڕەبوون بێدەنگ دەبێت لە موسا (ولما سکت عن موسی الغضب) توڕەیی کە سیفەتێکی مەعنەویە بەرجەستەی دەکات هەروەکو کەسایەتیەک بێدەنگ دەبێت، هەروەها ئەم بەرجەستەکردنە لەسەر جوڵانەوە وەستاوە وەکو (أفمن اسس بنیانە علی شفا حفرة من النار): دروستکردنی بینا لەسەر کەندەڵانێکی بێهێز کە ئەگەری هەیە لەهەر ساتێکدا بڕوخێت.
هاوڕێکی هونەریی (التناسق الفني) :
سەید لەڕێسا سەرەکیەکەی شێوازی قورئاندا کەخۆی لەخەیاڵ و بەرجەستەکردندا دەبینێتەوە دەگات بەو تەنسیقەی کە لە دەستەواژە و وشە هەڵبژاردنیاندا هەیە، ئەوەی کە زانایانی پێشوو لەڕەوانبێژیدا زۆر لەسەری ڕۆشتوون بەڵام بە کرداری و وەکو سیفەتێکی گشتی لەقورئاندا پەیڕەویان نەکردوە، وەک ئەوەی زەمەخشەری لەتەفسیری سورەتی فاتیحەدا باسیدەکات کە تاڕادەیەکی زۆر نزیک بووەتەوە لەو هاوڕێکیە، دیارە وەک چۆن هاوڕێکی لەدەستەواژە و وشەکاندا هەیە هەر بەو جۆرەش هاوڕێکی لەلایەنی مەعنەوی و دەروونیدا هەیە، دەربڕینەکان لەقورئاندا لەپێناو دەربڕیندا نین، بەڵکو لەپێناو وێناکردندان، وێناکردنیش لەپێناو گەیاندنی کتێبی هیدایەتدایە، نموونە لەسەر ئەمە وەکو وشەی(دواب) لە ئایەتی: (إن شرالدواب عند اللە الذین لایعقلون):خراپترین ئاژەڵەکان لەلای خوا ئەو کەڕ و لاڵانانەن کە ئاوەز ناگرن، لەئاساییدا بەکارهێنانی وشەی(دواب)هەر بۆ ئاژەڵە بەڵام لێرەدا بۆ مرۆڤ بەکار هاتووە، ئەو مرۆڤانەی کە هیدایەت وەرناگرن و وەکو ئاژەڵ کەڕ و لاڵن لەئاست هیدایەتدا و ئاوەزیان ناخەنە کار، هەروەها وەکو وشەی(إثاقلتم)و (لیبطئن)و (أنلزمکموها)و (یصطرخون).
یەکێکی تر لەو هاوڕێکیانە ئەو هاوتەریبیەیە کە قورئان لە نێوان دوو وێنە یان دوو حاڵەتدا دەیکێشێت وەکو نموونەی بڵاوەپێکردنی زیندەواران و کۆکردنەوەیان لەسەر زەویدا: (وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِنْ دَابَّةٍ وَهُوَ عَلَى جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ (الشوری29):یەکێك لەئایەت و نیشانەکانی خوای گەورە دروستکردنی ئاسمانەکان و زەویە وئەوەی بلاوی کردوەتەوە تیایاندا لەگیانداران، هەر ئەویش دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هەرکات ویستی لەسەر بوو دوبارە کۆیان بکاتەوە، هەروەها وەکو دروستکردنی مرۆڤ لە ئاوێك و پاشان بوونی بە مرۆڤێکی دوژمنکار(خلق الانسان من نطفة فإذا هو خصیم مبین): مرۆڤی لە نوتفەیەك لە دەڵۆپە ئاوێك دروستکرد کەچی لەپڕ دەبینیت بەو لاوازیەی کە تیایەتی دەبێتە دوژمنێکی سەرسەخت و دیاری بەرامبەر بەخوا.
سەید دەگاتە ئاستێکی زۆر ورد لەهاوڕێکیدا بەجۆرێك پەی بەوە دەبات کە کۆتایی ئایەتەکان بەپێی تەواو بوونی چیرۆك و بابەتەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت، لەچەشنی ئەوەی لەسورەتی مەریەمدا هاتووە، کاتێک باسی یەحیا و مەریەم و عیسا – سهلامی خوایان لێ بێت – -دەکات کۆتایی ئایەتەکان بە(أ)دێت بەڵام کاتێك دەگاتە هەڵێنجانی حوکمێک کۆتایی ئایەتەکە دەبێت بە (ن)پاشان کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی ئیبراهیم- سهلامی خوای لێ بێت – دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕیتمی چیرۆک و پیتی(أ) لەکۆتایی ئایەتەکاندا، وەکو بڵێی پێمان دەڵێت کۆتایی هاتنی ئایەتەکان هەروا شتێکی لەخۆوە نییە و ئامانج و مەبەستێکی لەپشتەوە هەیە وەکو چۆن لەوێناکردن و خەیاڵکردن و ئاواز و بەرجەستەکردندا هەیە.
یەکێکی تر لەو هاوڕێکیانە – تناسق -ی کەلە قورئاندا هەیە بریتیە لەو یەکێتیەی کە لە نێوان بەشەکانی وێنەکە و دابەشکردنی بەشەکانی وێنەکە و ئەو ڕەنگەدا هەیە کە وێنەکەی پێدەکێشرێت، وەک ئەوەی لەسورەتی(الفلق)دا هاتووە، هەموو ئایەتەکان پێکەوە باس لەکەشێکی تاریک و ترس و شاردنەوە و لێڵی دەکەن، لەم کەشە تاریکەدا پەنای بە پەروەردگار گرتووە کە خاوەنی فەلەقە، ناڵێت فەجر چونکە (فلق) قۆناغێکە پێش خۆرهەڵهاتن لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەشی تاریکی و سامناکی تەواوی بابەتی ناو سورەتەکەدا بگونجێت، هەروەها وەکو هەردوو وشەی (هامدة- وشك و برنگ) (خاشعة- ملکەچ) کەلە دوو شوێنی جیاوازدا بۆ زەوی بەکار هاتووە، بەکارهێنانی وشەی هامدة لەشوێنێکدایە کەباسی زیندووبوونەوە و بوژانەوە دەکات، بەڵام خاشعة لەشوێنێکدایە کەباسی خواپەرستی و ملکەچ بوون دەکات.
هاوڕێکی هونەریی دەگاتە ئاسۆیەک کە چوارچێوەیەک بۆ وێنەکە دادەنێت و لەگەڵ دەیمەنەکەدا دەیگونجێنێت، وەکو ئەوەی لەسورەتەکانی (الضحی)و (العادیات)و(اللیل)هاتووە، بۆ نموونە لەسورەتی (الضحی)دا سوێند بە چێشتهنگا و شەوی ئەنگوستەچاو دەخوات وەکو هێمایەك بۆ ئەوپەڕی ڕووناکی و تاریکی، دوای ئەوە باسی لایەنی تاریک و ڕووناکی ژیانی پێغەمبەر-دروودی خوای لەسەر بێت-دەکات، تێیدەگەیەنێت کە وانەزانێت خوا وازی لێهێناوە و دەستبەرداری بووە، نەخێر سەبر بگرە، ئینجا ئەوەی بەبیر دەهێنێتەوە کە مەگەر ئەو بێباوک نەبوو و خوا پەنایدا؟ مەگەر سەرگەردان نەبوو و خوا هیدایەتیدا؟ مەگەر هەژار نەبوو و خوا بێنیازی کرد؟ دەی ئیتر خەم مەخۆ بێ ئومێد مەبە، ئینجا وەک چۆن خوا فەزڵی خۆیی بەسەردا دایت و لە بێباوكی و سەرگەردانی و هەژاری ڕزگاری کردی، دەی تۆش بۆ خەڵکی ئاوابە هەتیو مەڕەنجێنە و هەڵمەشاخێ بەڕووی هەژاردا و سوپاسگوزار و پێزان بە بەرامبەر ئەو نیعمەتانەی پێت بەخشراوە.
ئاسۆیەکی تر لەئاسۆکانی هارمۆنیەتی هونەری لەقورئاندا ئەو ماوەیەیە کە بۆ مانەوەی دیمەنەکە بەنمایشکراوی بۆ خەیاڵی بینەران پێویستە، بۆیە هەندێک لەدیمەنەکان بەخێرایی دەڕۆن کە نە چاو و نەخەیاڵ و پێیان ناگات، هەندێکیشیان وا درێژ دەبنەوە کە مرۆڤ وا هەست دەکات هەر ناسڕێتەوە، ئەوەتا قورئان دەیەوێت کورتی ئەم ژیانە بۆ خەڵکی وێنا بکات: (وَاضْرِبْ لَهُمْ مَثَلَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا كَمَاءٍ أَنْزَلْنَاهُ مِنَ السَّمَاءِ فَاخْتَلَطَ بِهِ نَبَاتُ الْأَرْضِ فَأَصْبَحَ هَشِيمًا تَذْرُوهُ الرِّيَاحُ وَكَانَ اللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ مُقْتَدِرًا (الکهف45): نموونەی ژیانی دونیایان بۆ بهێنەرەوە کە وەکو ئاوێک وایە لە ئاسماندا باراندبێتمان تێکەڵ بووبێت لەگەڵ تۆوی ڕووەکەکانی زەویدا ئینجا ببێتە پوش و پەڵاش و با لەگەڵ خۆیدا بیان بات لە دوای ئەوەی کە وشک دەبێت، خوای گەورە دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە، دەیەوێت بڵێت کە ژیانی مرۆڤیش هەروەکو ژیانی ڕووەکە ئاوا کورتە.
هەر هەمان دیمەنی ژیانی ڕووەک بەڵام ئەمجارەیان درێژەی پێدەدات و لەسەرخۆ نمایشی دەکات: (اللَّهُ الَّذِي يُرْسِلُ الرِّيَاحَ فَتُثِيرُ سَحَابًا فَيَبْسُطُهُ فِي السَّمَاءِ كَيْفَ يَشَاءُ وَيَجْعَلُهُ كِسَفًا فَتَرَى الْوَدْقَ يَخْرُجُ مِنْ خِلَالِهِ فَإِذَا أَصَابَ بِهِ مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ إِذَا هُمْ يَسْتَبْشِرُونَ (الروم48): خوای گەورە ئەو زاتەیە کە بایەکان دەنێرێت وهەور لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکات، ئینجا خوا پەخشی دەکاتە بە ئاسماندا بەهەر شێوازێك کە بیەوێت، هەورەکان پارچە پارچە دەکات، ئینجا دەبینیت باران لەنێوانیاندا دەردەچێت، جا کاتێك کە بارانەکەی باراند بۆ هەر تاقمێک لەبەندەکانی کە بیەوێت ئەوانیش خۆشحال دەبن و مژدە دەدەن بەیەکتری، لێرەدا باسی خستنە ڕووی نیعمەتە خواییەکانە، هەربۆیە بە نمایشکردنەکە و تێڕامان لە دیمەنەکان شیاوترە.
چیرۆك لەقورئاندا:
چیرۆک لەقورئاندا کارێکی هونەریی سەربەخۆ نییە لەبابەت و شێوازی نمایشکردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی، واتە چیرۆک بەتەنها لەپێناو چیرۆکدا نیە، بەڵکو ئامرازێکە لە ئامرازەکانی قورئان بۆ ئامانجێکی ئایینی، چونکە قورئان پێش هەموو شت کتێبی هیدایەتە، ئامرازی چیرۆکیش وەک ئامرازەکانی وێناکردنی قیامەت و بەهەشت و دۆزەخ و دروستکراوەکان و شەریعەت و هەربابەتێکی ترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجە ئایینەیەکە ڕێگر نەبوو لەبەردەم دەرکەوتنی تایبەیمەندیە گەورەکانی قورئان لەدەربڕیندا کە وێناکردنە، لەیەک کاتدا مەبەستە ئایینیەکە و مەبەستە هونەریەکە پێکەوە گرێدەدات.
مەبەستەکانی چیرۆک:
- سەلمانی وەحی و پەیامە: پێغەمبەر- دروودی خوای لەسەر بێت- هیچ شتێکی لەبارەی ئەم چیرۆکانەوە نەدەزانی ئەگەر وەحی نەبوایە، وەکو چیرۆکەکانی ئیبراهیم و یوسف و موسا و عیسا- سهلامی خوایان لێ بێت- (وَمَا كُنْتَ بِجَانِبِ الطُّورِ إِذْ نَادَيْنَا وَلَكِنْ رَحْمَةً مِنْ رَبِّكَ لِتُنْذِرَ قَوْمًا…): تۆ لەلای کێوی تور نەبوویت کاتێک بانگمان لە موسا کرد بەڵکو ئەوە ڕەحمەتی تایبەتی بوو لەلایەن پەروەردگارتەوە کە تۆمان کرد بە پێغەمبەر تا گەلێک بێدار بکەیتەوە، (تِلْكَ مِنْ أَنْبَاءِ الْغَيْبِ نُوحِيهَا إِلَيْكَ مَا كُنْتَ تَعْلَمُهَا أَنْتَ وَلَا قَوْمُكَ مِنْ قَبْلِ): ئەی پێغەمبەر-دروودی خوای لەسەر بێت-ئەو باسانەی بۆمان کردیت لەهەواڵە نادیارەکانە کە بۆت دەنێرین، نەتۆ دەتزانی و نەهۆز و نەتەوەکەشت پێش ئەم باسەی ئێمە.
هەموو ئەو چیرۆکانەی لە قورئاندا هاتوون پێغەمبەر- دروودی خوای لەسەر بێت- نەیزانیون بەڵکو لەڕێگەی وەحیەوە زانیونی، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم قورئانە لەلایەن خواوە نێردراوە.
- یەکێکی تر لەمەبەستەکانی چیرۆک ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە ئایین هەمووی لەخواوەیە، لەنوح هەتا موحەمەد (علیهم السلام) ئیماندارانیش یەک میللەتن و خوای تاک و تەنهاش پەروەردگاری هەمووانە، نموونە لەسەر ئەمە ئەوەیە کە لەسورەتی (الأنبیاء)هاتووە، لەدوای ئەوەی چیرۆکی زۆربەی پێغەمبەران یەک لەدوای یەک دەهێنێت دەفەرموێت: (إن هذە امتکم امة واحدة وأنا ربکم فاعبدون): بەڕاستی ئەو چیرۆکانەی باسمانکردن سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم ئوممەتەی ئێوە تەنها یەک ئوممەتە و منیش پەروەردگاری ئێوەم دەی کەواتە هەر من بپەرستن.
- یەکێکی تر لەمەبەستەکان ئەوەیە کە ئایینەکان لەبنەڕەتدا یەکن، ئەویش باوەڕهێنانە بەخوای تاک و تەنها.
- مەبەستێکی تر ئەوەیە کە ئامرازەکانی پێغەمبەران بۆ بانگەواز وەك یەکن، هەروەها پێشوازی گەلەکانیان لەپەیامی ئەو پێغەمبەرانە وەک یەکە، وەکو ئەوەی لەسورەتی(هود)دا هاتووە، باسی چەند پێغەمبەرێک دەکات کە یەک پەیامیان هەبووە، لەبەرامبەردا گەلەکانیان یەک وەڵامیان هەبووە.
- ئەو بنچینە هاوبەشەیە کە لەنێوان ئاینی موحەمەد و ئیبراهیمدا بەتایبەت و ئاینەکانی بەنی ئیسرائیلدا هەیە بەگشتی، لەبەر ئەوەشە چیرۆکەکانی ئیبراهیم و موسا و عیسا- سهلامی خوایان لێ بێت – زۆرتر دووبارە بوونەتەوە.
- خوای گەورە پێغەمبەرانی لەکۆتاییدا هەر سەردەخات، ئەوانەشی بەدرۆی دەخەنەوە لەناویان دەبات، وەکو ئەوەی لەسورەتی(العنکبوت)دا هاتووە (وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَى قَوْمِهِ فَلَبِثَ فِيهِمْ أَلْفَ سَنَةٍ إِلَّا خَمْسِينَ عَامًا فَأَخَذَهُمُ الطُّوفَانُ وَهُمْ ظَالِمُونَ (14): بەڕاستی ئێمە (نوح)مان نارد بۆلای گەلەکەی خۆی و نۆسەد و پەنجا ساڵ لەناویاندا مایەوە و بانگی کردن بۆ ڕێگەی هیدایەت، لە کۆتاییدا کەسانێکی کەم نەبێت باوەڕیان پێنەهێنا بۆیە لافاو و زریان لەناویبردن لەکاتێکدا ئەوان ستەمکار بوون.
شوێنەواری ملکەچ بوونی چیرۆک بۆ مەبەستە ئاینیەکە
لێردە سەید ڕاڤەیەکی زۆر جوان دەکات بۆ ئەو ناونیشانەی سەرەوە، ئەویش بەوەی کە چیرۆکەکە لە چەندین شوێنی جیاجیادا دووبارە دەبێتەوە، دێت دووباروبوونەوەی چیرۆکەکان بەپێی کاتی دابەزینیان پۆلێن دەکات، نموونەی چیرۆکی موسا دەهێنێتەوە کە سی جار لەقورئاندا هاتووە، ئەو ڕاستیەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هێنانی چیرۆکێک لەچەند شوێنی جیاواز و هەرجارەو بەیەکێک لەدیمەنەکانی بۆ ئەوەیە کەهێنانی چیرۆکەکان لەبەر خودی خۆیان نین بەڵکو بۆ ئەوەی لەو سیستمەدا جێیان بکاتەوە کە بریتیە لەوەی ئەم قورئانە کتێبی بانگەواز و هیدایەتە، بەڵام هەرگیز مۆرکی هونەریی چیرۆکەکان تێک نادات، بۆیە لەهەر شوێنێکدا بەپێی ئەوەندەی کە پێویستە و خزمەت بەمەبەستە سەرەکیەکە دەکات باسی دەکات، هەروەها بەو جۆرەی کە سیاقەکە دەیخوازێت، هەر بۆیە دەبینین چیرۆکەکە جارێك لە سەرەتاوە و جارێک لەناوەڕاستەوە و جارێک لەکۆتاییەکەیدا باسدەکرێت بەپێی ئەو پەندەی کە تیایەتی بۆ ئەو سیاقەی کە تێیدا باسکراوە.
ئاین و هونەر لەقورئاندا
قورئان جوانناسی هونەری دەکاتە ئامراز بۆ کاریگەری دەروونی، بۆیە زمانی جوانناسی هونەر لەگەڵ هەستی دەروونی ئایینیدا دەدوێت، هەروەها سیمای هاوڕێکی هونەری لەچیرۆکەکاندا دەردەکەوێت.
ئەگەر لەچیرۆکەکان ورد ببیتەوە لەهێنانیان لەسیاقی جیاجیادا بۆت ڕوون دەبێتەوە کەهاوڕێکیەکی جوان هەیە لەنێوان هونەری چیرۆکەکە و مەبەستە ئاینیەکەدا بەجۆرێک هەردووکیان یەکتری تەواو دەکەن، هێنانی چیرۆک بۆ مەبەستی ئایینی نەبووەتە هۆی لاوازی هونەری لەچیرۆکەکەدا.
لەکۆتایی هێنانی چیرۆکەکاندا کۆتایی هێنانی واقیعی و ئایینی و هونەریی یەکانگیر دەبن وەکو ئەم ئایەتانە لە سورەتی حەجدا: (وَإِنْ يُكَذِّبُوكَ فَقَدْ كَذَّبَتْ قَبْلَهُمْ قَوْمُ نُوحٍ وَعَادٌ وَثَمُودُ (42) وَقَوْمُ إِبْرَاهِيمَ وَقَوْمُ لُوطٍ (43) وَأَصْحَابُ مَدْيَنَ وَكُذِّبَ مُوسَى فَأَمْلَيْتُ لِلْكَافِرِينَ ثُمَّ أَخَذْتُهُمْ فَكَيْفَ كَانَ نَكِيرِ (44الحج): ئەگەر خوانەناسان بڕوا بە تۆ ناکەن و بەدرۆت دهخهنهوه، ئەوە دڵنیابە پێش ئەوان هۆزی نوح و عاد و سەمود پێغەمبەرەکانی خۆیان بەدرۆ زانیوە و بڕاویان پێنەکردون، هەروەها هۆزی ئیبراهیم و هۆزی لوتیش، هەروەها دانیشتوانی مەدیەن و موساش بڕوایان پێنەکرا و بەدرۆ زانران، منیش مۆڵەتی کافرانمدا، لەوەو دوا هەموویانم گرت، ئیتر ئاشکرایە کە تۆڵە و خەشم و قینم چۆن بوو، دیارە لە قورئاندا باسی سەرەنجامی بانگەوازی هەموو پێغەمبەران دەکات کە گەلەکانیان باوەڕیان پێنەهێناون و لەئەنجامدا بەر تۆڵە و خەشمی خوایی کەوتوون.
تایبەتمەندیە هونەریەکانی چیرۆک
لێرەدا سەید باس لەوە دەکات کەچۆن لەڕێگەی جوانناسی هونەریەوە مەبەستە ئاینیەکە جێبەجێ دەبێت:
١- فرەیی شێوازی نیشاندانە، بەجۆرێک جارێک پوختەی چیرۆکەکە باس دەکات و دواتر بەدرێژیش لەسەری دەڕوات، وەک لەچیرۆکی (اصحاب الکهف)دا، جارێکیش باسی سزای چیرۆکەکە و مەبەستەکەی دەکات و دوای ئەوە چیرۆکەکە لەسەرەتاوە باسدەکات، وەکو لەچیرۆکی موسادا-سهلامی خوای لێ بێت – هاتووە لەسورەتی (القصص)دا، جارێکیش چیرۆکەکە بەبێ پێشەکی و کورتکردنەوە باسدەکرێت وەکو چیرۆکی حەزرەتی مەریەم، جارێکی تریش چیرۆکەکە دەکاتە نواندن وەکو ئەوەی لەسەر تەختی شانۆ سەیری بکەی، وەکو چیرۆکی حەزرەتی ئیبراهیم و ئیسماعیل -سهلامی خوایان لێ بێت – کاتێك کەعبە بونیاد دەنێن.
٢- جۆراوجۆری شێوازی ڕوودوای لەناکاو، هەندێک کات نهێنی ڕووداوەکە لە بینەران دەشارێتەوە تا پێکەوە لەگەڵ ئەکتەرەکەدا بۆیان ڕوون ببێتەوە، وەکو چیرۆکی موسا لەگەڵ پیاو چاکەکەدا لەسورەتی(الکهف)دا، هەندێک جار بینەران دەزانن چی ڕوو دەدات لەکاتێکدا ئەکتەرەکان خۆیان ئاگایان لێ نییە و نازانن چی دەگوزەرێت وەکو چیرۆکی ئەوانەی باخێکیان هەبوو شەو بەدزیەوە چوون بەرەو باخەکەیان بۆئەوەی کەس پێیان نەزانیت و بەشی کەسی لێنەدەن بەڵام بینەران سەیریان دەکرد کە ئەو باخەی ئەوان بەتەمان بەرەکەی بچننەوە بەرەکەی تیاچووە و هیچی نەماوە بەهۆی نیەتی خراپیان بەبێبەشکردنی هەژاران لێی، هەندێک جاری تریش بینەران هەندێک لە نهێنیەکەی دەزانن کە لەپاڵەوانی چیرۆکەکە پەنهانە یان بە پێچەوانەوە، هەندێک جاریش هیچ نهێنیەک نییە بەڵکو بینەرو ئەکتەر هەردووکیان نهێنیەکە دەزانن.
٣- بۆشایی نێوان دیمەنەکانە کە لەشانۆگەریدا بەهێنانە خوارەوەی پەردەی شانۆ دەکرێت، لە سینەماشدا بەگواستنەوەی ئەڵقە دەکرێت بۆ ئەوەی نێوان هەردوو دیمەنەکە خەیاڵ پڕی بکاتەوە، وەکو چۆن لەچیرۆکەکەی یوسفدا بۆ بیست و هەشت دیمەن دابەشکراوە و بۆشایی نێوان دیمەنەکان دانراوە بۆخەیاڵ کەپڕیان بکاتەوە.
٤- وێناکردن لەچیرۆکدا: ئەم وێناکردنە لەدیمەنەکانی چیرۆکدا چەند جۆرێکە: جۆرێک لەبەهێزیی پیشاندان و زیندویەتیدا خۆی نمایش دەکات، جۆرێکیش لەخەیاڵکردنی سۆز و هەڵچوونەکاندا خۆی دەنوێنێت، جۆرێکی تریان لەوێنەکردنی کەسایەتیەکان، ئەم جۆرانەش لەیەکتری دابڕاو نین، بەڵکو یەکێکیان لەهەندێک بۆنەدا دیارتر دەردەکەوێت و لە دوو جۆرەکەی تردا دەبینرێت و بەناوی خۆیەوە ناو دەنرێت، بەڵام لەراستیدا ئەم فڵچە هونەریانە لەسەرجەم دیمەنەکانی چیرۆکەکاندا بەدی دەکرێت، لێرەدا نموونە هێنانەوە ڕونتر بابەتەکە دەخاتە ڕوو.
هێزی نمایشکردن و زیندویەتی: چیرۆکی یارانی ئەشکەوت، خەیاڵکردنی سۆز و هەڵچوونەکان وەکو چیرۆکی مەریەم لەکاتی لەدایک بوونی عیسادا، کاتێک ئایەتەکان دەخوێنیتەوە دەبینی کە هەست وسۆز زاڵە تێیدا.
وێنەکێشانی کەسایەتیەکان لەچیرۆکدا: سەید دەرکی بەوە کردوە کە چۆن قورئان وێنەی کەسایەتیەکان دەکێشێت هاوشێوەی ئەو ئەکتەر و پاڵەوانانەی کە لە فیلمی سینەماییدا ڕۆڵ دەگێڕن، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە کە لێرەدا نواندنەکە وێناکردنە لەڕێگەی تێکستەوەیە، وێناکردنی کەسایەتی لەڕێگەی دەقەوە گەلێک ناڕەحەتتر و دژوارترە وەک لەڕێگەی کامێراوە، قورئان هەر تەنها وێنەی کەسایەتیەکان ناکێشێت بەڵکو سنووری کەسایەتیەکە لەکەسێکی ئاساییەوە تێدەپەڕێنێت بۆ کەسایەتیەکی نموونەیی، وەکو کەسایەتی موسا – سهلامی خوای لێ بێت – کاتێک دەچێتە شارەوە و مشتهكۆڵهیهک دەدات لەکەسێک کە لەگەڵ کەسێکی بەنی ئیسرائیلدا شەڕ دەکات، توڕەیی موسا وێنا دەکات، دواتر کەسایەتی توڕەی موسا لەتەواوی دیمەنەکاندا بەرجەستەیە تەنانەت دوای بە پێغەمبەر بوونیشی و بوونی بەکەسێکی کامڵ.
نموونەی کەسایەتیەکی دیکە ئیبراهیمە- سهلامی خوای لێ بێت – بەڵام ئەم بەپێچەوانەی موساوە کەسایەتیەکی ئارام و هێمن و لێبوردە و لەسەرخۆیە، ئەم سیفەتەش لەهەڵوەێستەکانیدا دەردەکەوێت، لەگەنجی و لە پیریدا، لەپێش پێغەمبەرایەتیەوە و لەپاش بە پێغەمبەربوونیشەوە، کاتێك کە دەیەوێت خوای گەورە بدۆزێتەوە و دوای ئەوەش کە دەگاتە یەقینی باوەڕ بوون بەخوا.
نموونەی کەسایەتیەکی دیکە یوسفە – سهلامی خوای لێ بێت – کە کەسایەتیەکی بیرتیژ و ژیرو هوشیار و دانایە، ئەوەتا کاتێک ژنەکەی عەزیزی میسر داوای کاری ناپەسەندی لێدەکات ژیری دەخاتە پێش هەواوهەوەسی و بیر لەئەنجامی خراپیی ئەو کارە دەکاتەوە، دوای ئەوەش دەخرێتە زیندان فرسەتێکی ژیرانە دەدۆزێتەوە و بەو کەسە دەڵێت کە ڕاڤەی خەونی بۆکردوە و دواتر ڕاڤەکردنەکەی وەك خۆی دێتە دی کە لەلای گەورەکەی باسی بکات، باسی ژیری و حیکمەت و لێکدانەوەی خەون، هەروەها باسی ئەوە بکات کە بەناڕەوا زیندانی کراوە، پاشان کە دەنێرن بەشوێنیدا بۆ لێکدانەوەی خەونی عەزیزی میسر بەفرسەتی دەزانێت و دوو هەڵوێستی ژیرانە دەنوێنێت، یەکەم دەڵێت بڕۆن بزانن ئەو ژنانە چییان لێهات کە دەستی خۆیان بڕی، ئینجا ژنی پادشا دان دەنێت بەوەی کە خەتای ئەو بووە و یوسف بێتاوانە، دووەم بە پادشا دەڵێت بزانە کە من لە نهێنیدا خیانەتم لێ نەکردی لەئاشکراشدا خیانەتت لێناکەم، بەو جۆرە متمانە دروست دەکات لەلای پادشا، سەرەڕای ئەو لێکدانەوە ورد وژیرانەیەی بۆ خەونی عزیزی میسری دەکات، ئینجا پادشا پێی دەڵێت: (انك الیوم لدینا مکین امین): تۆ لەلای ئێمە دامەزراو و متمانەپێکراوی، ئەو هەلە و دانپیانانەی عەزیز دەقۆزێتەوە و یەکسەر دەڵێت:(إجعلني علی خزائن الإرض إني حفیظ علیم): بمکە بە لێپرسراوی خەزینەکانی زەوی، دیارە لێپرسراویەتیەکی ناشایستە نا بەڵکو لەبەر ئەوەی دەیانپارێزم و زانام لە ئیشەکەدا، لەکۆتاییشدا کاتێک براکانی دوای چەندین ساڵ دێن بۆلای دەیانناسێتەوە لەکاتێکدا ئەوان یوسف ناناسنەوە ئەوەش تەنها زیرەکی و بیرتیژی و زانایی ئەو دەردەخات.
نموونەی مرۆڤانە: قورئان دەیان نموونەی مرۆڤانەی لەمەبەستە ئایینیە جۆراوجۆرەکان کێشاوە، بەهەردوو دیوە پەسەند و ناپەسەندەکەدا، بە ڕستەیەك یان دوان نموونە مرۆڤانەییەکە بەرجەستە دەکات، جا هەندێک جار ئەم نموونانە دەبنە وێنەیەک بۆ ڕەگەزی هەموو مرۆڤایەتی، نموونەی سیفەتی خراپی مرۆیی وەکو دەفەرموێت: (وَإِذَا مَسَّ الْإِنْسَانَ الضُّرُّ دَعَانَا لِجَنْبِهِ أَوْ قَاعِدًا أَوْ قَائِمًا فَلَمَّا كَشَفْنَا عَنْه ضُرَّهُ مَرَّ كَأَنْ لَمْ يَدْعُنَا إِلَى ضُرٍّ مَسَّهُ): کاتێک مرۆڤ زیان و ناخۆشیەکی توش دەبێت هانا و هاوار بۆ ئێمە دەهێنێت بۆلابردنی ئەو زیانە، بە ڕاکشاوی و دانیشتن و بە پێوە داوامان لێدەکات، کاتێک زیانەکەمان لێ دوورخستەوە هەروا دەڕوات و فەرامۆشی دەکات وەکو ئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان هاواری لەئێمە نەکردبێت! باس لەمرۆڤ دەکات کاتێک مەترسیەکە نەما دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و هەروەکو وابێت هیچ ڕووی نەدابێت.
هەندێک جاریش وێنەکان دەبنە وێنەی دووبارەکراوی تاکەکان، وەکو ئەوەی لەسورەتی (النوردا)دەفەرموێت: (وَإِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ إِذَا فَرِيقٌ مِنْهُمْ مُعْرِضُونَ وَإِنْ يَكُنْ لَهُمُ الْحَقُّ يَأْتُوا إِلَيْهِ مُذْعِنِينَ): کاتێک بانگ بکرێن بۆلای خوا و پێغەمبەرەکەی بۆ ئەوەی دادوەری بکەن لەنێوانیاندا دەبینیت کۆمەڵێکیان پشت هەڵدەکەن کاتێک دادوەریەکە لەبەرژەوەندیاندا نەبێت، خۆ ئەگەر لەبەرژەوەندیاندا بێت بەملکەچیەوە دێن بەدەم دادوەریەکەوە! باس لەو کەسە دەکات کە ئەگەر حوکمێک بدرێت و لەبەرژەوەندی ئەودا نەبێت پشت هەڵدەکات، خۆ ئەگەر حوکمەکە لەبەرژەوەندی ئەودا بێت بەملکەچیەوە فەرمابەردار دەبێت.
باسی چەندین سیفەتی دەروونی دیکەی مرۆڤ دەکات وەکو: خۆبەزلزانی، دوورکەوتنەوە لەڕاستی، کەسێك هیچ ناکات و دەیەوێت سوپاس بکرێت، کەسێك ڕاستی دەبینێت و دانی پیانانێت تەنانەت ئەگەر ڕاستیەکەش وەکو خۆر ڕوون و ئاشکرا بێت، نموونەی کەسێک نەشەرم دەکات و نە ترس دایدەگرێت لەدووبارە کردنەوەی کردەوەی خراپ، نموونەی کەسی دووڕوو کە لەبەردەم بەڵگەدا خۆی ناگرێت و بەدزیەوە هەڵدێت، نموونەی بێغیرەتی و کەم هیممەتی و بیانوو هێنانەوە بۆ هەستان بەکردەوەی چاکە، نموونەی کەسێک گێلی و فێڵکردن تێیدا کۆدەبنەوە بەحساب فێڵ لەخوا یان خەڵکی دەکات بەڵام گێلە و نازانێت خەریکە فێڵ لەخۆی دەکات، نموونەی کەسێک باوەشی بەدونیادا کردوە و بەهەموو شت ڕازیە لەپێناو ژیانیدا تەنانەت ئەگەر ڕەزیلیش بکرێت، نموونەی کەسێک کە دەستبەرداری باوەڕی چەوتی نابێت، نموونەی کەسێک بەردەوام پەیمان دەشکێنێت، نموونەی کەسێک شارەزایی لە شتێکدا نیە کەچی قسەی لەسەر دەکات، نموونەی کەسێک بەشداری ناکات لەئیشێکدا ئەگەر کەسێکی دیکە کە بەشدارە تێیدا تووشی زیان بوو ئەم دەڵێت بەخوا باش بوو من بەشدار نەبووم تێیدا، خۆ ئەگەر کەسەکەی تر خێر و بێرێکی بەنسیب بێت دەڵێت: خۆزگە منیش بەشدار بوومایە تێیدا، نموونەی کەسێک ناخ و دەرەوەی وەک یەک نین وەکو بڵێی دوو کەسایەتین لەکەسێکدا، نموونەی کەسێک تامردن نزیک نەبێتەوە خوای بیر ناکەوێتەوە، نموونەی کەسێک گوێدەگرێت بەڵام نابیستێت.
لەپاڵ ئەم نموونە ناپەسەندانەدا کۆمەڵێک نموونەی پەسەندیش هەن کە باسیان لێوە دەکات وەکو: نموونەی کەسێک کە لەخوا نەبێت لەهیچ کەس و شتێکی تر ناترسێت، نموونەی هەژاری بەعیزەت و دەروون بەرز ئەوانەی کە هەژاریەکەیان بەهۆی ئیمان هێنانیانەوەیە، بەهۆی سەرقاڵ بوونیان بەگەیاندنی پەیامی خواوە، نموونەی کەسێک کاتێک ئایەتەکانی خوای بۆ بخوێنرێتەوە ئیمانی زیاد دەکات، نموونەی کەسێک لەبەرامبەر خراپەی خەڵکیدا تەنها سڵاوی هەیە بۆیان و کەسێکی ڕەوشت بەرزە، نموونەی کەسێک دەبەخشێت سەرەڕای نیازمەند بوونی خۆی بەو شتەی کە دەیبەخشێت، بەخشینەکەشی بەجۆرێکە کە منەت ناکات، نموونەی کەسێک لەبەرامبەر موسیبەتدا ئارامدەگرێت و هێزی ئارامی دەدات بەسەر هێزی ناڕەزایەتی و گلەیی کردن لەخوا، نموونەی کەسێک فەزڵی برا ئیماندارەکەی دەدات بەسەر خۆیدا و خۆپەرست نیە، نموونەی کەسێک ڕق و توڕەیی خۆی دەخواتەوە و لێبوردەیە، هەموو ئەم سیفەتە مرۆییانە لەچەندین شوێنی قورئاندا هاتوون و بەشێوەیەکی هونەریانە نمایش کراون و وێناندنیان بۆکراوە و وەکو نموونەیەکی مرۆیی پیشان دراون.
لۆجیکی ویژدانی
یەکێکی تر لەوێناکردنەکان وێناکردنی لۆجیکی ویژدانیە، لۆجیکی ویژدانی واتە ئەو مشت و مڕ و جەدەلانەی لەنێوان قورئان و ئەوانەدا کە بڕوایان پێی نەبووە دروست بووە، دیارە بابەتی سەرەکی مشت و مڕەکەش بابەتی یەکخواپەرستیە، چونکە قورئان کە هات بونیادنەرەوەی عەقیدەی یەکخواپەرستی بوو، کە ئەو ڕۆژگارە هاوەڵدانان بۆخوا تەواوی ژیانی مرۆڤی داگیر کردبوو، دیارە کۆمەڵگە دژ بەم یەکخواپەرستیە وەستایەوە، قورئانیش مشت و مڕی لەگەڵ کردن، لێرەدا باسی شێوازی دەربڕینەکەیە نەک خودی بابەتی مشت و مڕەکە، شێوازی قورئان شێوازی وێناکردنە، پێچەوانەی ئەو شتانەی دواتر هاتن، کە بۆسەلماندنی یەکخواپەرستی لەبابەتی زیهنی و کەلامی و لۆجیکی سوودیان وەردەگرت بۆ مشت و مڕ و جەدەل، شێوازی قورئان لەم بابەتەدا وێناکردن و بەڵگەنەویستی و بەداهەت و سادەییە.
لەچەند شوێندا بەبەڵگەی زۆر سادە و بەدیهی بۆیان دەسەلمێنێت کە شەریک دانان بۆخوا لۆجیکیی نیە و لەگەڵ زیهن و دەروون و ئاوەزدا نایەتەوە، وەکو ئەوەی لەئایەتەکانی سورەتی (الانعام)لە چەندین شوێندا داهاتووە، لە ئایەتی ٥٩ هەتا٦٤، پرسیاریان لێ دەکات کە ئایا ئەو خوامیهرەبانە چاکترە یان ئەوانەی ئەوان دەیکەنە شەریکی خوا، ئەو خوایەی کە ئاسمانەکان و زەوی دروستکراوە و بارانی باراندوە و باخ و بێستانی ڕازاوەی بەرهەم هێناوە، ئێوە نەتاندەتوانی درەختەکان بڕوێنن چ جای ئەوەی بەروبوومەکەی بچننەوە، ئایا ڕەوایە خوایەکی تر لەگەڵ پەروەردگاردا هەبێت؟! هەربەوجۆرە باسی چەندین نیعمەت دەکات کە خوای گەورە داویەتی بە مرۆڤ، دواتر پرسیارێکی ئینکاریان لێ دەکات کە ئایا دەکرێت خوایەکی ئاوا هاوتا و شەریکی هەبێت؟!
بابەتێکی تر کە بابەتی زیندووکردنەوەی دوای مردنە بەرامبەر بەوانەی کە دەڵێن ژیان هەر ئەم ژیانەی دونیایە و زیندوبوونەوەیەک نیە: (إن هي الا حیاتنا الدنیا) کە سەرنج دەدەیت قورئان زۆر بەسادەیی کەوتووەتە پیشاندانی وێنە دیارو شاراوەکانی دروستبوونی ژیان لەسەر زەوی هەروەها لەمرۆڤدا، بەچەندین بەڵگە وەڵامی داونەتەوە، (أفعیینا بالخلق الاول بل هم في لبس من خلق جدید): ئایا ئێمە یەکەمجار کە خەڵکمان دروستکرد ماندوو بووین؟! نەخێر ماندوو نەبووین، کەواتە بۆ خوا ئاسانە جارێکی تر دروستتان بکاتەوە، بەڵکو ئەوان لەگوماندان بەرامبەر بەدروست بوونەوەیەکی تازە، (یخرج الحي من المیت ویخرج المیت من الحي ویحیي الارض بعد موتها وکذلك تخرجون):زیندوو لەمردوو دەردەهێنێت و مردوو لەزیندوو دەردەهێنێت، زەویش دووبارە زیندووی دەکاتەوە لە دوای مردنی، دوای ئەوەی لە پاییز و زستاندا دەمرێت لەبەهار و هاویندا زیندووی دەکاتەوە، ئێوەش هەر بەوجۆرە لە گۆڕەکانتان دەهێنرێنە دەرەوە.
یەکێکی تر لەوبابەتانە غەیبیاتە کاتێك دەروون ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ نەزانراودا دروست دەکات(وعندە مفاتیح الغیب لایعلمها الا هو ویعلم مافي البر والبحر وماتسقط من ورقة الا یعلمها ولا حبة في ظلمات الأرض ولا رطب ولا یابس الا في کتاب مبین): کلیلی هەموو شاراوە و نهێنیەکان لەلای ئەوە، کەس نایزانێت جگە لەو زاتە، هەرچی لەسەر وشکانیە ئاگای لێیەتی، هیچ گەڵایەک ناکەوێتە خوارەوە خوا پێی نەزانێت، هەروەها دەنکێک یان تۆوێک لەتاریکیەکانی زەویدا جا چ شێدار بێت یان وشک بێت، هیچ شتێک نیە لەخوا پەنهان بێت، هەمووی لە تۆماری خوادا نوسراوە.
ئەم ئایەتانە دەروونی مرۆڤ دەخەنە خەیاڵەوە و کەمەندکێشی دەکەن بۆ هەموو ئەو دیوە پەنهانانە و دواتر دەگەڕێتەوە لای دەروون و پڕی دەکات لەشکۆمەندی و ملکەچ بوون بۆ خوای گەورە، بەمجۆرە قورئان خۆی گەیاندوەتە دەروون و شوێن لۆجیکی زیهنی نەکەوتووە بەتەنها، شێوازی وێناکردنی بەکارهێناوە و گەیشتووەتە مەبەست و هەردوو مەبەستە ئایینی و هونەریەکەی کۆکردوەتەوە.
ستایڵی قورئان
ستایڵی قورئان ئیش لەسەر لەفز یا مانا ناکات بەتەنها وەکو ئەوەی لای زانایانی پێشوو باو بوو، کە ئایا لەفز گرنگە یان مانا، بەڵکو بەجۆرێکە کە لەفز و مانا بەیەکەوە بەستراون تا ئەو ئاستەی کە ناکرێت جیابکرێنەوە، زیاد لەوەش قورئان شێوازی وێناکردنی گرێداوە بەلەفز و ماناوە، بۆیە قورئان لەدەلاقەی جۆرارجۆرەوە لەگەڵ دەرووندا دەدوێت لەزیهنەوە بیگرە تا هەستەوەر تا خەیاڵکردن تا وێناکردن تا ویژدانی خرۆشاو، بۆ نموونە کاتێک باسی بابەتێکی زیهنی وەک هەڵهاتنی بێباوەڕان دەکات لە ئیمان تەنها وەکو بابەتێکی زیهنی ڕووت باسی ناکات بەڵکو لەوێنەیەکدا بەرجەستەی دەکات دوای ئەوەی خەیاڵ لەناو سروشتدا وێنای دەکات(فما لهم عن التذکرة معرضین، کأنهم حمر مستنفرة، فرت من قسورة): باشە ئەوە بۆچی لەیادخستنەوە پشت هەڵدەکەن و هەڵدێن، دەڵێی گەلە گوێدرێژی کێوین و دەسڵەمنەوە، لەترسی شێر هەڵهاتوون.
یان کاتێک باسی کردوەی ئەو کەسانە دەکات کە باوەڕیان نەهێناوە چۆن کردەوەکانیان وەکو سەرابێک وایە، یان وەکو تاریکی دەریایەکی قوڵ شەپۆل لەسەر شەپۆل بدات بەسەریدا و لەسەریشەوە هەورێکی تاریک دایگرتبێت، وەکو ئەوەی لە سورەتی(النور٣٩-٤٠)دا هاتووە: ئەوانەی کە ڕێبازی کوفریان گرتووەتە بەر کردەوەکانیان وەکو تراویلکەیەک وایە لەبیابانێکدا بریسکە بداتەوە، کەسێکی تینوو وابزانێت ئاوە، هەتا کاتێک دەگاتە لای سەیر دەکات هیچ نیە جگە لەسەرابێک کاتێك بەخۆی دەزانێت ژیانی دونیای تەواو بووە و خوا لەلایدا ئامادەیە، بەگوێرەی کردەوەکانی خۆی موحاسبەی دەکات، خوا بەخێرایی لێپرسینەوە ئەنجام دەدات.
پوختەی قسە لەشێوازی وێناکاری قورئان ئەو ژیانەی دەربڕین دەیکات بەبەری وێناکردندا تەنها ئەوە نیە کە مانای زیهنی و حاڵەتە مەعنەویەکان گۆڕابن بۆ وێنە بەڵکو لەوە دروورتریش ئەوەیە ئەو وێنانە گیانیان کراوە بەبەردا و زیندوون، وەکو پیشاندانی سزاکانی دواڕۆژ لە هاواری مرۆڤەکاندا، وەکو قوڵایی باوەڕ لەڕێگەی ناخی مرۆڤێکەوە دەردەکەوێت لەچیرۆکی ئیبراهیمدا– سهلامی خوای لێ بێت – -بەیانی شتێکی زیندووە و هەناسە دەدات، شەو وەکو مرۆڤێک دەڕوات، (واللیل اذا یسر) دیوار داواکاری هەیە (فوجدا فیها جدارا یرید أن ینقض فأقامە) دیوارێکیان بینی دەیویست هەستێتەوە و لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
*ئەم کتێبە لەنوسیینی سەید قوتبە (التصویر الفني في القرآن)، دکتۆر یەحیا عومەر ڕێشاوی کردویەتی بەکوردی.