له‌ ئینگلیزییه‌وه‌:

د.یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی

كاتێك ماكس له‌دایك بوو،‌ زۆربه‌ی كات به‌ ئاسایی ده‌خه‌وت، له‌ هه‌فته‌كانی سه‌ره‌تای  ژیانیدا وه‌ك منداڵانی تر خه‌وی لێده‌كه‌وت، به‌ڵام  كه‌مێك گه‌وره‌ بوو، خه‌وی تێكچوو، بووبه‌ چه‌ند سەعاتێک و له‌ كۆتاییدا له‌ رۆژدا خه‌وی نه‌ماو بۆ ماوه‌ی بیست سەعات چاوه‌كانی به‌ كراوه‌یی ده‌مایه‌وه ‌و ‌به‌رده‌وام بێدار بوو.

(سامانسا پرایس)ی دایكی تووشی دڵه‌ڕاوكێ و سه‌رسوڕمان هات و وتی: «دیاره‌ جیهان شوێنێكی زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌ و ره‌نگه‌ ماكس بیه‌وێت هه‌موو شت ببینێت»، هه‌ربۆیه‌ وا بیری ده‌كرده‌وه‌ كه‌ هۆكاری كه‌مخه‌وتنی كوڕه‌كه‌ی بۆ زیره‌كییه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌.

پزیشكه‌كان و پسۆڕانی بواری منداڵان له‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌ سه‌ریان سوڕما، به‌ڵام ده‌یانوت نازانن بۆچی ماكس ئه‌وه‌نده‌ كه‌م ده‌خه‌وێت، پاشتر پسپۆڕێكی بواری ده‌روونناسیی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ بابه‌ته‌كه‌ كرد و وتی: «حاڵه‌تێكی زۆر ده‌گمه‌ن و سه‌خت نییه‌».

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ده‌ریخست كه‌ زۆرینه‌ی منداڵانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ كه‌م ده‌خه‌ون و زۆر دڵنیا نه‌بوو له‌ هۆكاری ئه‌م حاڵه‌ته‌، به‌ڵام هه‌ندێك بیرۆكه‌ی خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ نزیكه‌ی دووسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، خه‌ڵكی زووتر ده‌چوونه‌ جێگه‌وە و ده‌خه‌وتن، ئه‌مه‌ی به‌ سامانسا وت.

به‌ گشتیی، له‌ كۆندا ژیان هێواشتر ده‌ڕۆشت و خه‌ڵكی زیاتر ده‌خه‌وتن، كاریان زۆر ده‌كرد و پاره‌یان كه‌متر ده‌ست ده‌كه‌وت، هه‌ربۆیه‌ زۆرجار پاش ئیشكردن له‌ ماڵه‌وه ده‌مانه‌وه‌ و كه‌ دونیا كه‌مێك تاریك ده‌بوو، زوو ده‌چوونه‌ نێو جێگه‌وە.

بڕوانه‌! پێشتر نه‌ ته‌له‌فزیۆن هه‌بوو، نه‌ گڵۆپی كاره‌بایی، گڵۆپ زۆر جیاوازه‌ له‌ مۆم، گڵۆپ رووناكتره‌ و به‌ بێداریی ده‌تهێڵێته‌وه‌، منداڵان به‌ شێوازی نامۆ كاریگه‌ریی جیهانیان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر جیهان خێرا و جه‌نجاڵ و رووناكتر بوو، كه‌ خه‌ڵكی هه‌میشه‌ دره‌نگ بچنه‌ جێگه‌وە، منداڵان هه‌ست به‌مه‌ ده‌كه‌ن و ئیتر نایانه‌وێت زۆرتر بخه‌ون.

كاتێك سامانسا ئه‌م قسانه‌ی بیست، وتی: دكتۆر گیان باشه‌ تۆ دڵنیایت؟ من وا ده‌زانم ماكس بۆیه‌ ناخه‌وێت، چونكه‌ ئه‌و جیهان‌ زۆر سه‌رنجڕاكێش ده‌بینیێت و  زۆر زیره‌كه‌.

دكتۆر وتی: راسته‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش راسته‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ رۆژبه‌ڕۆژ شه‌وانه‌تر خۆی ده‌نو‌ێنێت.

بۆچوونه‌كانی ده‌روونناسه‌كه‌ سامانسای دووچاری سه‌رسوڕمان كرد و باوه‌ڕی پێی نه‌كرد.

كاتێك ئه‌مانه‌ی به‌ (دێریك)ی هاوسه‌ری وت، ئه‌ویش وتی ئه‌مانه‌ بۆچوونی شێتانه‌ن‌‌، هه‌رچه‌ندە دنیاكه‌مان پڕێتی له‌ شێتی!  ره‌نگه‌ ده‌روونناسه‌كه‌ راست بكات، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ تێپه‌ڕێت و ماكس ئیدی وه‌ك منداڵانی ئاسایی بخه‌وێت.

كاتێك ماكس بوو به‌ پێنج ساڵ، پزیشكه‌كان وتیان كه‌ ئه‌و منداڵێكی له‌ راده‌به‌ده‌ر چالاكه‌.

هه‌موو شه‌وێك سامانسا له‌ هه‌شت و سی خوله‌ك هه‌وڵی ده‌دا بیباته‌ ناو جێگه‌كه‌یەوە، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر نه‌یده‌ویست بخه‌وێت.

نیگه‌رانیی رووی له‌ سامانسا و دێركی هاوسه‌ری كرد، هه‌ربۆیه‌ هاواریان به‌سه‌ر (ماكس)دا كرد و له‌ كۆتاییدا نزیكه‌ی نۆ و نیوی شه‌و چووه‌ ناو جێگه‌کەیەوە. به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌گریا و ده‌گریا تا كات نه‌ده‌گه‌شته‌ كاتژمێر یازده‌ خه‌وی لێ نه‌ده‌كه‌وت و له‌ نێوان چوار بۆ پێنجی به‌یانییش بێدار ده‌بۆ‌وه‌ و ده‌یویست یاری بكات، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام سامانسا و دێركی ته‌واو  بێزار و ماندوو ده‌كرد.

كاتێكش ماكس بوو بە‌ هه‌شت ساڵان، شه‌وانه‌ ته‌نها دوو سەعات ده‌خه‌وت و ئه‌و كاته‌ی ئه‌و ده‌ستی ده‌كرد به‌ یارییكردن له‌گه‌ڵ بوكه‌ڵه‌كانی، یان كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی، سامانساو دێرك ده‌چوون بۆ خه‌وتن.

ماكس به‌رده‌وام خۆی سه‌رقاڵ ده‌كرد به‌ شتێكه‌وه ‌و هه‌رگیز هه‌ستی به‌ بێزاریی نه‌ده‌كرد و ئاره‌زووی ئامێری كاره‌بایی و ته‌له‌فزیۆن و كۆمپیوته‌ری ده‌كرد و هه‌میشه‌ له‌به‌ر رووناكیدا بوو، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك له‌ تاریكیدا بمایه‌ته‌وه‌، نیگه‌ران و بێزار دەبوو و خه‌م دایده‌گرت.

رۆژێكیان باوكی به‌ پێكه‌نینێكه‌وه‌ وتی: «وادیاره‌ كه‌ ئه‌و به‌رده‌وام پێویستی به‌ رووناكیی بێت و ره‌نگه‌ ده‌ستیان لێ وه‌شاندبێت» و ئه‌مه‌ی كه‌مێك به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وت. 

سامانسای هاوسه‌ری وتی: «مه‌به‌ستت چیه‌؟»

باوكی وتی: «خه‌ریكه‌ هه‌ندێك شێوازی نوێ له‌ خه‌ڵكی په‌یدا ده‌بن و ماكس ئه‌زموونێكه» و به‌ پێكه‌نینێكه‌وه‌ وتی: «ئه‌و منداڵی داهاتووه‌».

كاتێك ماكس گه‌یشته‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریی، به ‌درێژایی رۆژه‌كه‌ بێدار ده‌بوو. له‌ شه‌ودا ده‌چووه‌ هۆڵه‌كانی دیسكۆ یان ئاهه‌نگی شه‌وانه‌، دره‌نگانێكی شه‌و ته‌ماشای ڤیدیۆ یان فیلمی شه‌وانه‌ی ده‌كرد و گوێی له‌ میوزیك ده‌گرت.

هه‌موو رۆژێك ده‌چووه‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام وه‌ك منداڵانی تر به‌یانیان له‌ خه‌و هه‌ڵنه‌ده‌ستا و هاوڕێكانی له‌ قوتابخانه‌ سه‌یریان لێ ده‌هات، چونكه‌ ئه‌و خه‌واڵوو ده‌رناكه‌وێت، هه‌روه‌ها زۆر هه‌وڵی ده‌دا‌ و ده‌یویست شتی تازه‌ فێرببێت و كتێبی زۆری ده‌خوێنده‌وه‌، ده‌یوست هه‌موو شت له‌ باره‌ی ژیان و جیهانه‌وه‌ بزانێت.

كاتێك هاوڕێكانی له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه‌ پرسیاریان لێده‌كرد، ده‌یوت: «من ده‌مه‌وێت له‌م جیهانه‌ ورد ببمه‌وه‌. جیهان گه‌وره‌ و چێژبه‌خشه‌ و ژیانیش كورته‌، ئێمه‌ش زۆر ده‌خه‌وین، خه‌وتن به‌ فێڕۆدانی كاته‌».

ئێسته‌ سامانسا و دێرك هه‌ست ده‌كه‌ن باشتر بن و خه‌وتنیان ئاسایی بۆ‌ته‌وه‌.

دێرك له‌ سامانسا زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ی ماكسدا راهاتووه‌، ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ راسته‌ ماكس جیاوازه‌ له‌ خه‌ڵكانی تر، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و كه‌سێكی ئاساییه‌.

ماكس ئاره‌زووی وه‌رزش و پۆشاكی جوان و میوزیك و كچانی ده‌كرد، به‌ڵام سامانسا ده‌یوت: «باشه‌ تۆ چۆن ده‌ڵێیت كه‌ ئه‌و كه‌سێكی ئاساییه‌؟ كه‌سانی ئاسایی به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ ژێر گڵۆپ و رۆشناییدا ناژین، خه‌ڵكی ئاسایی ناتوانن نه‌خه‌ون، ئه‌مه‌ ئه‌سته‌مه‌، ماكس پێویسته‌ بخه‌وێت، ئه‌گینا رۆژێك له‌ رۆژان ده‌مرێت».

ئێواره‌یه‌كیان سامانسا هه‌ندێك ده‌رمانی خه‌ستی خه‌واندنی كرده‌ چایه‌كه‌ی ماكسه‌وه‌ تا ببینێت چی رووده‌دات، كاتێك بینی خه‌و ده‌یباته‌وه‌، بانگی (دێرك)ی هاوسه‌ری كرد، سه‌یركه‌ ئه‌ها خه‌ریكه‌ خه‌و ده‌یباته‌وه‌؟ دێرك زۆر دڵخۆش  و سه‌رسام بوو.

ماكس بۆیە نەیدەویست بخەوێت تا هەمیشە ئاگای لە هەموو شتەکانی دەورەبەری بێت

 سامانسا وتی: «بێده‌نگ به‌ تۆ له‌خه‌و هه‌ڵیده‌ستێنیت»، پاش سەعات و نیوێك ماكس چاوه‌كانی كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ چی بوو؟ سه‌یرێكی ده‌وروبه‌ری خۆی كرد، دێرك به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی خۆشه‌وه‌ پێی وت: «تۆ خه‌وت لێكه‌وتبوو».

ماكس وتی: «خه‌وتن؟»، ماكس زۆر نیگه‌ران بوو، چه‌ندێك؟ نزیكه‌ی سی خوله‌ك؟ نا نا من نامه‌وێت بخه‌وم. ئاخر شتی زۆر ماوه‌ بیكه‌م و ده‌بێت جیهان ببینم، به‌ڵام من چۆن چۆنی خه‌وم لێكه‌وت؟

دایكی وتی: «من كه‌مێك ده‌رمانی خه‌واندنم پێدایت، دێرك هاواری كرد، چیت كرد؟  ئاده‌ی دایه ئه‌و ده‌رمانه‌م‌ بده‌رێ. سامانسا زۆر نیگه‌ران بوو، ئاخر كوڕم تۆ ده‌بێ بخه‌ویت، باشه‌ كوڕم تۆ بۆ ناخه‌ویت؟

ماكس: من نامه‌وێت بخه‌وم، كاتێك ده‌خه‌ویت، تۆ ئیتر ئاگات له‌ هیچ شتێك نامێنێت، له‌و كاته‌ی خه‌وتویت بۆی هه‌یه‌ بمریت، ئیتر ئاگات له‌وه‌ش نابێت، كه‌ خه‌وتوویت، گوێت له‌ هیچ شتێك نییه‌، من حه‌زم به‌وه‌ نییه‌.

دایكی: به‌ڵام كوڕم كه‌س نییه‌ نه‌خه‌وێت.

ماكس: راسته‌ من ئه‌وه‌ ده‌زانم، به‌ڵام من نا، من ده‌مه‌وێت ببینم، ببیستم و بزانم، دایه‌ تكایه‌ ئه‌و ده‌رمانه‌م بده‌رێ و سامانسا به‌ هێواشی پاكه‌تی ده‌رمانه‌كه‌ی دایه‌ ده‌ست ماكس.

به‌ڵام سامانسا خۆی بۆ رانه‌ده‌گیرا و به‌رده‌وام بیری له‌م حاڵه‌ته‌ی كوڕه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، رۆژێك نامه‌یه‌كی بۆ پزیشكێكی به‌ناوبانگی مێشك و ده‌مار  نووسی، كه‌ پسپۆڕی بواری خه‌وتن بوو، دكتۆر سۆماز وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی دایه‌وه‌ و داوای لێكرد كه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت هه‌ندێك پشكنین‌ بۆ ماكس بكات.

ماكس قایل بوو، پاش پشكنینه‌‌كان دكتۆر سۆماز وتی: «كه‌ شه‌پۆلی مێشكی ماكس جیاوازه‌ و مێشكی شه‌پۆلی زۆر توندی ئه‌لفا به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها ئه‌مانه‌ شه‌پۆلی ئاسایین، كاتێك ئێمه‌ بێدارین، به‌ڵام مێشكی ماكس شه‌پۆلی هێواش به‌رهه‌م ناهێنێت، كاتێك ئێمه‌ نووستوین، ئاسایین، ئه‌مه‌ به‌ راستی سه‌یره‌‌ و من هه‌رگیز شتی لەو جۆرەم نه‌بینیووه‌».

دێرك: «كه‌واته‌ بۆیه‌ ئه‌و پێویستی به‌ خه‌و نییه‌ و هه‌ندێك جار ته‌نها‌ كه‌مێك ده‌خه‌وێت».

سامانسا: «ئایا‌ ئه‌و كه‌سێكی ته‌ندروست و ئاساییه‌؟»

پزیشكه‌كه‌: «به‌ڵێ ئاساییه‌، به‌ڵام كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌، خه‌وتن جه‌سته‌ ریفرەیش ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر مێشك به‌رده‌وام بێدار بێت، جه‌سته‌ تازه‌ نابێته‌وه‌، ئیدی زووتر له‌ كه‌سانی ئاسایی پیر ده‌بێت».

سامانسا به‌ چاوێكی پر له‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ سه‌یری پزیشكه‌كه‌ی كردو پێی وت: «ده‌ته‌وێت بڵێیت ماكس به‌گه‌نجی ده‌مرێت؟»

پزیشكه‌كه‌: «من نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێكه‌، هه‌ربۆیه‌ پێم باشه‌ پشكنینی زیاتر بكه‌ین».

پشكنینه‌كانی دكتۆر سۆماز ئه‌وه‌ی نیشاندا كه‌ جه‌سته‌ی ماكس خێراتر له‌ كه‌سانی ئاسایی پیر ده‌بێت، ئه‌و ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵه،‌ به‌ڵام جه‌سته‌ی كه‌سێكی سی و پێنج ساڵه‌ی هه‌یه‌، سامانسا و دێرك به‌ ته‌واوی تووشی شۆك بوون.

دێرك: «باشه‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌ندێك بژی؟»

پزیشكه‌كه‌: «ئه‌مه‌ پرسیارێكی زۆر ئاڵۆزه‌ و من وه‌ڵامه‌كه‌ی نازانم».

سامانسا به‌ گریانه‌وه‌ هاواری كرد: «دكتۆر گیان باشه‌ ئێمه‌ ده‌توانین چی بۆ بكه‌ین؟ چۆن هاوكاریی بین؟»

دكتۆر سۆماز بۆ ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بوو، «من ده‌زانم كه‌ ره‌نگه‌ جۆرێك له‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر بیخه‌وێنێت، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ له‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر زۆر تونده‌‌، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ وه‌ریبگرێت، یان زیاده‌ڕ‌ۆیی له‌ وه‌رگرتنیدا بكات، ده‌یكوژێت، هه‌روه‌ها دووچاری ئالووده‌بوون ده‌بێت و به‌ تێپه‌ربوونی كات داوای زیاتر ده‌كات».

سامانسا و دێرك به‌ ته‌واوی بێده‌نگ بوون و به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ له‌ یه‌كدیان ده‌ڕوانی، دێرك پرسی: «كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ماده‌ هۆشبه‌ره‌ بخوات، ئه‌وا زیاتر ده‌ژی، وایه‌؟»

پزیشكه‌كه‌: «زۆر دڵنیا نیم، وه‌ك ده‌بینی ئه‌و ده‌بێته‌ كه‌سێكی ئالووده‌بوو به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر و له‌ كۆتاییشدا ده‌یكوژێت».

سامانسا هاواری كرد و به‌ چاوی پڕ له‌ فرمێسكه‌وه‌ وتی: «ئه‌ی خوایه‌ گیان، ئه‌مه‌ زۆر سه‌خته‌، ئایا كامیان زووتر ده‌یكوژێت؟ نه‌خه‌وتن یان مادده‌ی هۆشبه‌ر؟»

پزیشكه‌كه‌: «دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ من له‌هیچ شتێك دڵنیا نیم، من ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم كه‌ ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌كانی ئێمه‌ دروست بن، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ره‌نگه‌ به‌ نه‌خه‌وتنی زووتر بمرێت له‌وه‌ی ئه‌و ماده‌ هۆشبه‌ره‌ بخوات».

پاش كه‌مێك بێده‌نگیی، دێرك وتی: «ئێمه‌ پێویسته‌ ئه‌مانه‌ به‌ ماكسی بێچاره‌ بڵێین و بڕیار بده‌ینه‌ ده‌ست خۆی».

سامانسا ده‌ستی راوه‌شاند و وتی: «ماكس ماده‌ی هۆشبه‌ر وه‌رناگرێت».

پزیشكه‌كه‌ وتی: «ئایا تۆ دڵنیاییت؟»

سامانسا: «به‌ڵێ، چونكه‌ ئه‌و وتویه‌تی كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌میشه‌ بێدار بێت و ده‌یه‌وێت هه‌میشه‌ به‌ چاوكراوه‌یی بژی، ئه‌و به‌ ئێمه‌ی وتووه‌ كه‌ ژیان زۆر له‌وه‌ كورتتره‌ كه‌ به ‌خه‌و بیبه‌یته‌ سه‌ر، چونكه‌ زۆر شت هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت فێری بیت و بیكه‌یت، ئه‌و هه‌رگیز هیچ جۆره‌ ماده‌یه‌كی هۆشبه‌ر وه‌رناگرێت‌.

دكتۆر سۆماز: «پێویسته‌ هه‌ردووكتان پێی بڵێن كه‌ وا باشتره‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كه‌ وه‌ربگرێت، كاتێك له‌ كێشه‌كه‌ تێده‌گات، ره‌نگه‌ بڕیار بدات ماده‌ هۆشبه‌ره‌كه‌ وه‌ربگرێت».

ئه‌و شه‌وه‌ سامانسا و دێرك گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ماكس دا كرد، ئه‌وان بارودۆخه‌كه‌یان بۆ روونکرده‌وه‌ و پێیان وت: «‌ دكتۆر سۆماز وتویه‌تی وا باشتره‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر وه‌ربگرێت».

ماكس: «ئه‌ی ئێوه‌ چیتان وت؟»

دێرك: «ئێمه‌ هاوڕاین له‌گه‌ڵیدا».

ماكس: «نه‌خێر، من هیچ جۆره‌ ماده‌یه‌كی هۆشبه‌ر وه‌رناگرم».

باوكی: «په‌له‌مه‌كه ‌و باش بیری لێ بكه‌ره‌وه‌».

ماكس: وه‌ڵامه‌كه‌م نه‌خێره‌ و من نامه‌وێت نیوه‌ی ژیانم له‌ تاریكیدا به‌سه‌ر ببه‌م، من باشتره‌ لام كه‌متر بژیم، له‌وه‌ی له‌ تاریكیدا بێدار بم و ژیان ئه‌فسوناوییه‌ و  نامه‌وێت هیچیم له‌ ده‌ستبچێت».

سامانسا: «به‌ڵام دكتۆر سۆماز وتی كه‌ تۆ پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یته‌ چل ساڵیی ده‌مریت و یه‌كسه‌ر دایه‌ پڕمه‌ی گریان».

ماكس به‌ خه‌نده‌یه‌كه‌وه‌: «ژماره‌ی ساڵه‌كانی ژیان گرنگ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ گرنگه‌ من چۆن ده‌ژیم و چی ده‌كه‌م و من كێم، ئه‌وانه‌ گرنگترن».

سامانسا به‌ نیگه‌رانیه‌كه‌وه‌: «ماكس كوڕی خۆشه‌ویستم، تكا ده‌كه‌م ئه‌و ماده‌ هۆشبه‌ره‌ وه‌رگره‌».

ماكس به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌: «ببوره‌ دایه‌ گیان ناتوانم،‌ ده‌بێ بمبه‌خشن، من ئه‌گه‌ر به‌ گه‌نجیی بمرم، كه‌واته‌ كاتی زۆرم له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه‌‌».

ئید‌ی ماكس ده‌ستی دایه‌ كاركردن و یاریكردن و ژیانكردنێكی خێرا، به‌ڵام ژیانێكی هێمن و پاكژ، نه‌ جگه‌ره‌ی ده‌كێشا و نه‌ ده‌یخوارده‌وه‌ و زۆریشی نه‌ده‌خوارد، هه‌روه‌ها گوێی به‌ شتی بچووك نه‌ده‌دا و بیریشی له‌ پاره‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ و كاتی خۆی به‌ فێڕۆ نه‌ده‌دا، ده‌ستی دایه‌ گه‌شتكردن تا به‌ هێمنی دونیا و خه‌ڵكه‌كه‌ی ببینێت، خه‌ڵكی بایه‌خیان پێده‌دا و ماكس ده‌ستی دایه‌ كۆششێكی بێ په‌روا، ئه‌و به‌رده‌وام دره‌وشاوه‌ و بێدار بوو، هه‌میشه‌ ده‌یویست شتی تازه‌ فێر ببێت.

شاره‌زایانی بواری پزیشكیی ده‌یانوت كه‌ جه‌سته‌ و مێشكی ماكس به‌هۆی ستایڵی بێداربوونی رۆژانه‌ كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر دروست نه‌بووه‌، وه‌ك هه‌ر گیاندارێكی ئه‌م هه‌ساره‌یه‌.

باوكی به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ وتی: «من دڵنیام ئه‌و له‌ هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه‌ هاتووه‌».

ئه‌و ئێستا‌ له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌ سه‌خته‌كه‌ی (ماكس)دا راهاتووه‌ و ئه‌و جیاواز بوو، به‌ڵام سامانسا ئه‌مه‌ی به‌دڵ نه‌بوو، ئه‌و هه‌موو شتێكی ده‌كرد تا ماكس ئاسایی ببێته‌وه‌.

بۆ چه‌ند ساڵێك ته‌نها چه‌ند پزیشك و زانایه‌ك ئاگاداری حاڵه‌ته‌كه‌ی ماكس بوون، چونکە سامانسا و دێرك به‌ كه‌سیان نه‌وتبوو. ئه‌مه‌ نهێنییه‌كی گه‌وره‌ بوو، هه‌ربۆیه‌ ماكس به‌ هێمنی ژیانی ده‌گوزه‌راند و دڵخۆش بوو.

كاتێك خوێندنی ته‌واو كرد، ده‌ستیكرد به‌ كاركردن له‌ بانكێكدا و پاشان كچێكی ناسیی و كه‌وتنه‌ داوی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ و هاوسه‌رگیرییان کرد، ئێستا‌ ماكس سی ساڵه‌ و حاڵه‌ته‌كه‌ی لای وێندی باس نه‌كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هیچی نه‌ده‌زانی.

به‌ڵام ورده‌ ورده (وێندی)‌ هه‌ستی به‌ شتێك كرد، رۆژێكیان به‌ سامانسای وت: «ماكس زۆر ناخه‌وێت، به‌ڵام هه‌رگیزیش ماندوو نابێت». هه‌ردوو ژنه‌كه‌ كه‌وتنه‌ ئاخاوتن و له‌ كۆتاییدا سامانسا نهێنییه‌كه‌ی لای وێندی دركاند.

وێندی تووشی شۆك هات و نه‌یده‌زانی چی بڵێت.

سامانسا: «دكتۆر سۆماز پێی وتین كه‌س نازانێ، ئه‌گه‌ر به‌ هێمنی بژی، ره‌نگه‌ زیاتر بژی، به‌ڵام گوێ بگره‌ وێندی ! تۆ نابێت ئه‌م نهێنییه‌ لای كه‌س بدركێنیت، به‌تایبه‌تی لای هاوڕێكانت، نابێت هیچ كه‌س بزانێت، ئه‌مه‌ نهێنییه‌كی گه‌وره‌یه‌.

وێندی: بۆ؟

سامانسا: بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هێمنیی بژی، ئیدی دڵخۆش ده‌بێت و پاشان زیاتر ده‌ژی، هه‌ربۆیه‌ نابێ كه‌س بزانێت به‌ تایبه‌تی میدیا‌كان، ئه‌وان به‌ هیچ جۆرێك نابێت به‌مه‌ بزانن، تێده‌گه‌یت وێندی؟ تۆ نابێ هیچ به‌ میدیاكان بڵێیت، به‌ڵێنه‌؟

وێندی: باشه‌ به‌ڵێن بێت.

وێندی كه‌سێكی باش و ژنێكی باش بوو، به‌ڵام ئاره‌زووی پاره‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی هه‌بوو، حه‌زی ده‌كرد پاره‌ خه‌رج بكات! هه‌ربۆیه‌ كاتێك پۆشاكێكی جوانی له‌ دوكانێكدا ده‌بینی، خه‌م دایده‌گرت چونكه‌ نه‌یده‌توانی بیكرێت.

ماكس كه‌ كارمه‌ندی بانك بوو، مووچه‌یه‌كی زۆری وه‌رنه‌ده‌گرت، هه‌ربۆیه‌ وێندی بیری ده‌كرده‌وه‌ و به‌خۆی وت: من سبه‌ی ده‌بمه‌ دایك و منداڵم ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ماكس پێش چل ساڵی بمرێت، چیمان به‌سه‌ردا دێت؟ من پێویسته‌ بیر له‌ داهاتوو بكه‌مه‌وه‌.

رۆژێك بڕیاریدا له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماكس قسه‌ بكات، سه‌ره‌تا زۆر بێتاقه‌ت بوو، چونكه‌ به‌ نهێنییه‌كه‌ی زانی، پاشان زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كرد و وتی: ئازیزه‌كه‌م! بیر له‌ داهاتوو مه‌كه‌ره‌وه‌، ئێمه‌ یه‌كترمان خۆشده‌وێت و دڵخۆشین، ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌! بڕوانه‌ هیچ شتێك له‌ سه‌دا سه‌د نییه‌، ره‌نگه‌ من به‌ گه‌نجی نه‌مرم، به‌ڵام من به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر مردم، تۆ پاره‌ی پێویستت ده‌بێت، به‌ڵام وێندی بیرۆكه‌ی تری هه‌بوو.

بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك بیری ده‌كرده‌وه ‌و پاشان وێندی خۆی گه‌یانده نووسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌یه‌كی گه‌وره‌ و پێی وتن كه‌ ده‌یه‌وێت چیرۆكێكی سه‌رنجڕاكێشیان بۆ باس بكات، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌زاران پاوه‌نی وه‌رده‌گرت، كاتێكیش جیهان به‌ ماكس ده‌زانێت، ئه‌و كاته‌ (ماكس)یان ده‌وێت، ئه‌مریكا، ژاپۆن، ئوسترالیا، ئه‌وروپا، رۆژنامه‌نووسه‌كان، هونه‌رمه‌ندان، به‌رنامه‌كانی گفتوگۆ، به‌رنامه‌ دیكۆمینتارییه‌كان، رای گشتی و میدیا دێنه‌ سه‌ر خه‌ت.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا ماكس بوو به‌ كه‌سێكی به‌ناوبانگ و (وێندی)ش كه‌سێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند.

ئه‌و ده‌یویست خۆی بشارێته‌وه‌، ده‌یوست خۆی له‌و هه‌موو ده‌نگ و سه‌رنجانه‌ ون بكات، ئه‌و هه‌ڵده‌هات، به‌ڵام میدیاكان هه‌میشه‌ ده‌یاندۆزییه‌وه‌، سامانسا ده‌یزانی ئه‌مه‌ بۆ ماكس زۆر خراپه‌ و زۆر تووڕه‌ بوو له‌ وێندی، به‌ڵام تازه‌ كار له‌كار ترازابوو.

كه‌سایه‌تیی و میدیاكارانی ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان بۆ هه‌ر شوێنێك ده‌ڕۆشت به‌رده‌وام به‌ شوێنییه‌وه‌ بوون، ده‌رهێنه‌رانی فیلم، ملیۆنان دۆلاریان خسته‌ به‌رده‌ست، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی له‌ فیلمه‌كانیاندا ده‌ربكه‌وێت، ئه‌ستێره‌ به‌ناوبانگه‌كانی سینه‌ما و گۆرانی ده‌یانویست بیبینن.

نیگه‌رانیی (ماكس)ی داگیركرد و نه‌خۆشكه‌وت، وازی له‌ خواردن هێناو ورد ورده‌ لاواز بوو، ئارامیی له‌ ده‌ستدا و له‌ كاركردنی سه‌خت وه‌ستا، هه‌روه‌ها چێژی له‌ جیهان، له‌ خه‌ڵك، له‌ ژیان له‌ ده‌ستدا، نه‌یده‌ویست شتی تازه‌ فێرببێت، دواجار شه‌وو رۆژ به‌ بێزاری خۆی  له‌ ژووره‌كه‌یدا به‌ ته‌نها بینییه‌وه ‌و (وێندی)ش ده‌ستی دایه‌  پاره‌ خه‌رجكردن.

رۆژێكیان سامانسا سه‌ردانی كرد و تووشی شۆك هات، كاتێك بینی كه‌ به‌ ته‌واوی گۆڕاوه‌ و ره‌نگی هه‌ڵبزڕكاوه‌ و ماندوو دیار بوو، زۆر پیر ده‌رده‌كه‌وت، چاوه‌كانی زۆر قورس به‌ دیار ده‌كه‌وتن و سێبه‌رێكی تاریك ده‌وره‌ی دابوو.

ئینجا، له‌و كاته‌ی سامانسا له‌گه‌ڵیدا قسه‌ی ده‌كرد، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا روویدا، ماكس باوێشكێكی دا، دایكی باوه‌ڕی به‌ چاوه‌كانی نه‌ده‌كرد و لێی پرسی ماكس كوڕم تۆ خه‌وت دێ؟

ماكس: «به‌ڵێ ده‌مه‌وێ بخه‌وم، بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك خه‌وی لێكه‌وت، به‌ڵام كاتێك بێدار بۆ‌وه‌، هێشتا هه‌ر ماندوو بوو، پاش چه‌ند رۆژێك جارێكی تر خه‌وی لێكه‌وته‌وه‌، ئینجا ورده‌ ورده‌ وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی خه‌وی لێده‌كه‌وت.

دایكی به‌ هه‌ستێكی پڕ له‌ ترسه‌وه‌ پێیوت: تۆ ئه‌مڕۆ بۆ ماوه‌ی هه‌شت سەعات نووستوویت، چیت به‌سه‌ر هاتووه‌؟

ماكس: نازانم، هه‌ستم به‌ ماندوێتیی كرد، ده‌مه‌وێت بخه‌وم، به‌ڵام بۆ؟ چونكه‌ من ئێستا‌ نامه‌وێت بێدار بم و ئه‌م جیهانه‌ زۆر بێ مانایه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌شی زۆر هیچن، واباشتره‌ بخه‌ویت، كاتێك ورده‌ ورده‌ خه‌وی لێكه‌وت، سامانسا گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه ‌و زۆر بێزار و بێتاقه‌ت بوو.

ئێستا‌ ماكس له‌ خه‌ڵكی ئاسایی زیاتر ده‌خه‌وێت و ئیدی وزه‌ زیندووه‌كه‌ی نه‌ما و چێژ له‌ ژیان نابینێت، ئه‌و هه‌ر به‌ ماندوویی ده‌بینرێت، ئێستا ماكس بۆ‌ته‌ سه‌رباسی‌ ته‌واوی رای گشتی و میدیاكان، فۆتۆگرافه‌ره‌كان به‌ درێژایی شه‌و و رۆژ له‌ چوارده‌وری ماڵه‌كه‌ی ئێشك ده‌گرن و له‌وكاته‌ی باوێشك ده‌دات و له‌وكاته‌ی خه‌و ده‌یباته‌وه‌، وێنه‌ی ماكس ده‌گرن، وێندی رۆژانه‌ به‌ په‌یامنێران ده‌ڵێت كه‌ چی به‌سه‌ر (ماكس)دا دێت، به ‌دڵنیاییه‌وه‌ له ‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا، خه‌ڵكی له‌ هه‌موو جیهاندا سات به‌ ساتی رۆژ ‌ئاگادارن ماكس چی ده‌كات، ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن ته‌له‌فۆنی بۆ بكه‌ن، نامه‌ی بۆ ده‌نێرن، تیلیگرامی بۆ ده‌كه‌ن و دیاریی بۆ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن.

سامانسا له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یوت: دیسانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌ ! ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌م كوڕه‌ی من ده‌مرێت، پێویسته‌ ئه‌مه‌ بووه‌ستێنرێت، شه‌و و رۆژ بیری له‌مه‌ ده‌كرده‌وه‌. ئیدی رۆژێك بڕیاریدا كه‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی (تۆك شۆ)ی ته‌له‌فزیۆنیدا ده‌ربكه‌وێت.

له‌ ستۆدیۆكه‌ ده‌یوت: «كوڕه‌كه‌م زۆر نه‌خۆشه‌، تكایه‌ وازی لێبهێنن».

پێشكه‌شكاره‌كه‌ لێی پرسی: «باشه‌ بۆچی نه‌خۆشه‌؟ ئایا ماده‌ هۆشبه‌ره‌كه‌ ده‌یكوژێت؟»

سامانسا به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌: نه‌خێر.. نه‌خێر ئه‌و هیچ جۆره‌ ماده‌یه‌كی هۆشبه‌ری وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن ئه‌ی رۆژنامه ‌و ته‌له‌فزیۆن و میدیاكان، ئێوه‌ بوون ژیانی هێمنانه‌ی ئه‌وتان تێكشكاند، به‌هۆی ده‌نگه‌ ناساز و واته‌ واته‌كانی ئێوه‌وە كوڕه‌كه‌م ئاوای لێ به‌سه‌رهات، چونکە ئێوه‌ نه‌تانهێشت به‌ هێمنی و بێده‌نگی ژیانی خۆی به‌سه‌ربه‌رێت، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌به‌ر رۆشنایی و به‌ چاوێكی كراوه‌وه‌ ده‌ژیا، به‌ڵام ئێوه‌ پاڵتان پێوه‌نا بۆ نێو تاریكیی و ئیدی چاوه‌كانی داخران، ئێوه‌ میدیا و رای گشتی به‌ گه‌مژه‌یی خۆتان (ماكس)تان كوشت، تكایه‌ وازی لێبهێنن. تكایه‌.

به‌م وشانه‌ میدیاكان زۆر نیگه‌ران بوون و بۆ رۆژی دوایی نیگه‌رانییه‌كی زۆر چووه‌ سه‌ر شاشه‌ و په‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كان.

ئێمه‌؟ یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌كان به‌م وتاره‌ ده‌ستیپێكرد، -دایكی ماكس ئێمه‌ به‌ تاوانبار ده‌زانێت؟ به‌ڵێ ! ئه‌و ئه‌مه‌ی به‌ ئێمه‌ وت – خه‌ڵك و میدیاكان – ئایا ئه‌وان بوون كه‌ كوڕه‌كه‌یان تێكشاند، به‌ڵام ئایا ئێستا ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بووه‌؟ ناوبانگی په‌یدا نه‌كردووه‌؟ ئایا دایكی ماكس له‌ خۆی نه‌پرسیووه‌ كێ ئه‌وانی ئاوا پاره‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ند كرد؟ خاتوو پرایس ئێمه‌ بێتاوانین، ئێمه‌ هاوكاریی كوڕه‌كه‌ی ئێوه‌مان كرد، كه‌چی تۆ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێی واز له‌ كوڕه‌كه‌ت بهێنین، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ سیستمێكی دیموكراسیدا ده‌ژین، ئێمه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ نرخی ماكس بزانین و داوا ده‌كه‌ین  له‌ باره‌یه‌وه‌ هه‌موو شت بزانین … هتد.

كاتێك سامانسا ستۆدیۆی كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌ی به‌جێهێشت، خۆی گه‌یانده‌ ماڵی ماكس. وێندی پێی وت كه‌ ماكس نوستووه ‌و دایكی گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

رۆژی دوایی وێندی ته‌له‌فۆنی كرد بۆ سامانسا و پێی وت: من ترسم لێ نیشتووه‌‌، ماكس هێشتا هه‌ر نووستوه‌، تكایه‌ وه‌ره‌ بۆ ئێره‌.

كاتێك سامانسا گه‌شت، چه‌ندین په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووس و كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی له‌وێ بوون و چوارده‌وری ماڵه‌كه‌یان دابوو، هه‌رچۆن بوو به‌ پرتاو خۆی كرد به‌ ماڵدا و بینی وێندی به‌ حه‌په‌ساوی‌ له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه‌ دانیشتووه ‌و به‌ گریانه‌وه‌ پرسی بۆچی له‌ خه‌و بێدار نابێته‌وه‌؟

سامانسای دایكی خۆی گه‌یانده‌ ژووری نووستنی ماكس له‌ نهۆمی دووه‌می ماڵه‌كه‌، ئه‌و له‌سه‌ر جێگه‌كه‌ی راكشابوو، چاوه‌كانی داخرابوون، ده‌موچاوی زه‌رد هه‌ڵگه‌رابوو، سامانسا ده‌ستێكی لێداو وتی: زۆر سارده ‌و به‌ وێندی وت ته‌له‌فون بۆ دكتۆر سۆماز بكه‌.

دكتۆر سۆماز گه‌یشت و ده‌ستیكرد به‌ پشكنینی ماكس و خێرا دێركی باوكیشی گه‌یشت و وتی:  له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌راو ده‌نگه‌ ده‌نگێكی زۆره‌ و بینی هه‌ردوو ژنه‌كه‌ ده‌گرین، سه‌یرێكی دكتۆر سۆمازی كرد، به‌ حه‌سره‌تێكه‌وه‌‌ پێی وت:

«به‌و خه‌ڵكه‌ بڵێ با بڕۆن، ماكس كۆتایی هات و مرد»

بۆ رۆژی دوایی مردنی ماكس دیارترین هه‌واڵی میدیاكانی جیهان بوو، رۆژنامه‌كان و گۆڤاره‌كان و ته‌له‌فزیۆنه‌كان هه‌مان بیرۆكه‌یان بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی كه‌ نه‌ده‌خه‌وت، دواجار پشوویه‌كی هه‌میشه‌یی دا، هه‌روه‌ك چۆن دكتۆره‌كان ده‌یانوت كه‌ پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ چل ساڵی ده‌مرێت.

سەرچاوە:

https://www.google.com/search?sca_esv=559012914&rlz=1C1CHBF_enIQ875IQ875&sxsrf=AB5stBgQTYfZNTNgbnNc-1jXm6uWel11Kg:1692690860983&q=a+story+of+an+unusual+child&tbm=vid&source=lnms&sa=X&ved=2ahUKEwiNwu7r5O-AAxX1UOUKHYtODUMQ0pQJegQICxAB&biw=1366&bih=651&dpr=1#fpstate=ive&vld=cid:dc15ee9c,vid:PgRjWC-xeTQ

کۆمێنتەکان لەکارخراون.