د. ئاراس محمد صالح

لە کوردەواریدا خۆشەویستى زۆر هەیە بۆ باران، خەڵکى گشتى بە بارانى ڕەحمەت ناوى دەبەن، مناڵان بۆى هەڵدەپەڕن، جوتیارەکان وەک خێرو بەرەکەت سەیرى دەکەن، باران بووەتە جێگەى سەرنجى زۆرێک لە شاعیران و شیعرى جوانیان بۆ باران وتوە، هونەرمەندانیش گۆرانى زۆریان بۆ چڕیوە، لەسەردەمى نوێدا سەدان مناڵى کوڕو کچ بە ناوى باران و بارين و وارانەوە ناونراون.

لە کوردیدا بەپێی جۆرو بڕى بارانەکە ناوى تایبەتى لێنراوە، وەک:

گەنە باران: ئەو بارانە کەمانەیە لە وەرزى پایزو لە پێش پەڵەدا دەبارێت.

بارانى سەرپەڵە: ئەوە بارانەیە لە سەرو وەختى سەرپەڵەدا دەبارێت.

نمە باران: بارانێکە بە بڕى کەم و نەرم نەرم دەبارێت.

نەرمە باران: بارانێکە بۆ ماویەکى زۆر بە نەرمى دەبارێت.

لێزمە باران: بارانێکى زۆرەو بە خوڕ دەبارێت، بەجۆرێکە ڕیگەى بانگێران و ئیشوکارى ئاژەڵدارى نادات.

ڕەهێڵە باران: بارانێکى بەهێزە دڵۆپەکەى گەورەیە، لە ماوەیەکى کەمدا دەبێتە هۆى دروستبوونى لافاو.

ڕێژنە باران: بارانێکى لە نێوان نەرمە باران و لێزەمەدا، زیاتر لە وەرزى بەهاردایە.

شەستە باران: بارانێکى بەهێزە زیاتر لە وەرزى بەهاردا دەبارێت، کورد دەڵێت: بارانەکە شەستە دەکات، واتە: بەهێز دەبارێت.

بارانى بە خورزم: بارانێکى بەهێزە خرمەو زرمە لە سەربانى گڵ هەڵدەسێنێ.

ڕشێنە باران: بارانێکە زەوى ئاوڕشێن دەکات و بڕەکەى زۆر نییە.

تاوە باران: تاوێک باران، بارانى بە تاو: بارانێکە تاوێک دەبارێت و کاتەکەى درێژ نیە، بڕەکەى لە نێوان مامناوەندو زۆردایە.

باوباران، باوبۆران، باران بە باوە: بارينى باران بە باو و ڕەشەباوە، کورد ئەڵێ: چ با بێت چ باران، هەر لە بەفر کەم دەبێتەوە.

زريان: بارانێکى تێکەڵ بە بەفرەو سەرماو باى لەگەڵدایە، بە جۆرێکە سەر لە ڕێبوار دەشێوێنێ و ئەگەرى ڕەقبوونەوەى هەیە.

بەفرو باران: بارینى بەفرو بارانە بە تێکەڵى دەبارێت.

بەهارە باران: بارانى بەهارانە، کورد ئەڵێ: ئەگەر بەهارە بارانى هەبێت کشتوکاڵەکە باش دەبێت.

بەختە باران: ئەو بارانەیە لە کۆتایی بەهار و مانگى پێنجدا دەبارێت، زۆربەى ساڵەکە کەمەو بارینى بە بەختە.

باران بڕان: مانگى شەش و کۆتایی بەهارەو باران بارینى دەبڕێتەوە.

یاخوا بارانى ڕەحمەت و ڕەهێڵەو پڕ لە خێرو بورەکەت ببارێت.

کۆمێنتەکان لەکارخراون.