عبد الجبار قه‌ره‌اغى

(حمزه‌)، ناسراو به‌ ئیمام هه‌مزه‌، كوڕى موساى كازم، كوڕى جه‌عفه‌رى صادق، كوڕى محمد باقر، كوڕى زین العابدین، كوڕى حوسه‌ین، كوڕى عه‌لى، كوڕى ئه‌بو تاڵیب، له‌ فاتیمه‌ى كچى پێغه‌مبه‌رى خوایه‌. نازناوى (أبو قاسم) بووه‌و به‌ناوبانگ بووه‌ به‌ (ئه‌بوبه‌كر) له‌ ساڵى (161ك) له‌دایك بووه‌و له‌ ساڵى (239ك) وه‌فاتى كردوه‌و ئارامگَای ‌له‌ (ته‌كیه‌كۆنه‌)یه‌، نزیك گوندى (به‌له‌كجاڕ)ى ناوچه‌ى (قه‌ره‌داخ). زیاره‌تگاى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌یه‌و ده‌وروبه‌رى قه‌برسانى گه‌وره‌و كۆنى ته‌كییه‌كانه‌.
باوكى ئیمام هه‌مزه‌ – واته‌ ئیمام موساى كازم- پاش ئه‌وه‌ى به‌ پێى هه‌ندێك ڕیوایه‌ت له‌ لایه‌ن عه‌باسییه‌كانه‌وه‌ – له‌ سه‌ده‌ى دووى كۆچیدا- ده‌رمانخوارد كرا، كوڕه‌كانى په‌رته‌وازه‌ بوون‌و هه‌ریه‌كه‌یان ڕوویان كرده‌ شوێنێك.
ئیمام هه‌مزه‌ له‌ ساڵى (183ك) ڕووى كرده‌ (ده‌لۆ)، له‌وێ مزگه‌وتێكى دروست كرد كه‌ تا ئه‌م دواییانه‌ش شوێنه‌وارى مزگه‌وته‌كه‌ى مابوو، ماوه‌ى (20) ساڵێك له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان له‌ ساڵى (203ك) دێت به‌ دیوى قه‌ره‌داخداو له‌ گوندى ته‌كیه‌ (ته‌كیه‌ى كۆن) داده‌نیشێت‌و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌ تا كۆچى دواى ده‌كات‌و له‌و شوێنه‌ى ئیسته‌ -كه‌ به‌ گۆڕستانى ئیمام هه‌مزه‌ به‌ناوبانگه‌- به‌خاك ده‌سپێرێت، خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى‌و ته‌كیه‌ییه‌كان به‌تایبه‌تى به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌م شوێنه‌ ده‌كه‌ن‌و تا ئێسته‌ش مردووه‌كانى خۆیان له‌وێ به‌خاك ده‌سپێرن. وه‌ك باسیش ده‌كرێت ئیمام هه‌مزه‌ بۆیه‌ ئه‌م شوێنه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌، چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى جێی متمانه‌و میواندۆست بوون‌و شوێنه‌كه‌ له‌ په‌ناى شاخێكى سه‌خت‌و قایم بووه‌و شوێنێكى په‌ناو چه‌په‌ك‌و دوور له‌ ده‌ست بووه‌.
ئیمام هه‌مزه‌ له‌م شوێنه‌ مزگه‌وتێك دروست ده‌كات‌و ده‌ست ده‌كات به‌ خواپه‌رستى‌و خزمه‌تى موسڵمانان. شوێنى مزگه‌وته‌كه‌ تائیسته‌ش ماوه‌ له‌ نزیك گوندى به‌له‌كجاڕى ئێستایه‌. هه‌ر له‌ نزیك ئه‌م مزگه‌وته‌داو به‌شوێنێكى كه‌مێك به‌رزه‌وه‌ ئه‌شكه‌وتێك هه‌یه‌ كه‌ به‌ (خه‌ڵوه‌تگه‌) به‌ناوبانگه‌، وا دیاره‌ كه‌ شوێنى خه‌ڵوه‌ت كێشان‌و خواپه‌رستیى بووه‌.
له‌ دوو كوڕى ئیمام هه‌مزه‌ نه‌وه‌یه‌كى زۆر كه‌وتووه‌ته‌وه‌:
1- سه‌ید محه‌ممه‌د: كه‌ باپیرى سه‌ییده‌كانى ته‌كیه‌و لقه‌كانیه‌تى.
2- سه‌ید قاسم: كه‌ باپیرى سه‌ییده‌كانى صه‌فه‌ویه‌كان‌و حه‌یده‌ریه‌كان‌و تاڵشییه‌كانه‌.
دیاره‌ نه‌وه‌ى ئه‌م ئیمامه‌ زۆر پرژو بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، جا به‌ مه‌به‌ستى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانست‌و زانیاریى بووبێت، یان به‌هۆى بچوكى شوێن‌و ناوچه‌كه‌وه‌ بووبێت، ڕوویان له‌ هه‌ر شوێنێك كردبێت، به‌ مزگه‌وت‌و مه‌دره‌سه‌و فه‌قێ ئاوه‌دانیان كردۆته‌وه‌‌و سه‌رگه‌رمى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانست‌و زانیاریى بوون.
ته‌كیه‌ییه‌كان كه‌ خۆیان به‌ نه‌وه‌ى ئه‌م ئیمامه‌ ده‌زانن، به‌ گونده‌كانى (ته‌كیه‌و به‌له‌كجاڕو به‌ردێ‌و به‌ڵخه‌و زێوه‌مه‌رو دارى زاین)دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ خه‌رپانه‌ییه‌كان له‌ نزیك هه‌ڵه‌بجه‌و جه‌بارییه‌كان له‌ گه‌رمیان‌و به‌شێك له‌ حاجى مه‌مه‌نییه‌كان له‌ به‌رزنجه‌و به‌ره‌ى غه‌یدان له‌ كه‌لار، هه‌موو ته‌كیه‌یین، هه‌روه‌ها حه‌یده‌ری‌و صه‌فه‌وی‌و تاڵشییه‌كان له‌ نه‌وه‌ى ئیمام هه‌مزه‌ن. ئه‌وه‌ى له‌ كۆتاییدا یپێویسته‌ بوترێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م زاته‌ ئارامگَای له‌ ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كاندا بوواایه‌ ئێسته‌ گومه‌زو باره‌گایه‌گى گه‌وره‌ى بۆ ساز كرابوو، ئه‌مه‌ش به‌ڵَگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ سوننیه‌كان وه‌ك شیعه‌كان بایه‌خ به‌ مردووان ناده‌ن.

سه‌رچاوه‌كان:
1- بنه‌ماڵه‌ى زانیاران، عبد الكریم مدرس.
2- سه‌رچاوه‌ى بێگه‌رد بۆ ناسینى مه‌رد، نورى شێخ باباعلى، سلێمانى، (2001ز)، چاپخانه‌ى بینایى.

کۆمێنتەکان لەکارخراون.