به‌هره عبد الله حه‌مه تۆفیق
(مه‌لا خدر)، كوڕى (ئه‌حمد شاوه‌یس)ى ئالى به‌گى میكایلى، ناسراو به نالى، له گوندی خاك‌وخۆڵ، له ده‌شتی شاره‌زوور هاتووه‌ته دنیاوه. بۆچوونى جیاواز‌و مشتومڕى زۆر له‌سه‌ر له‌دایك بوون‌و كۆچكردنى نالى له نێوان مێژوونوسان‌و ڕ‌ۆشنبیرانى كورددا هه‌یه، ئه‌گه‌ر چى له‌لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه چه‌ند ڕایه‌كى جیاواز خراوه‌ته ڕوو، به‌ڵام هیچیان به به‌ڵگه‌وه دان به ڕاستى له‌دایك بوون‌و كۆچكردنى (نالی)دا نانێن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه تا ئێسته نه‌توانراوه له‌دایك بوون‌و كۆچكردنى به به‌ڵگه‌وه دیارى بكرێت.
(محه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌كى به‌گ) ده‌ڵێت: “نالى له ساڵى (1800 ز) له‌دایك بووه كه ده‌كاته (1220ك)و ساڵى (2500كوردى)و ساڵى (1856ز)دا وه‌فاتى كردووه، كه ده‌كاته ساڵى (1276ك)و ساڵى (2556 كوردى)”، (مارف خه‌زنه‌دار)و (كه‌مال فوئاد)یش هه‌ر هه‌مان بۆچوونى (محمد ئه‌مین زه‌كى به‌گ)یان هه‌یه.
عه‌لائه‌دین سه‌جادى ده‌ڵێت: “نالى له
(1797ز/ 1217كۆچیی/ 2497 كوردی له‌دایكبووه، ساڵى (1855ز/1275كۆچیی/ 2555 كوردى) وه‌فاتى كردووه” كه‌واته به‌پێى بۆچوونى زۆرینه‌ى لێكۆڵه‌ره‌وان ده‌توانرێت بوترێت نالى (56) ساڵ ژیاوه، به‌ڵام به‌پێى بۆچوونى مامۆستا (عه‌لائه‌دین سه‌ججادى) نالى (58) ساڵ ژیاوه، ئه‌وانه‌ى باسكران هیچیان ناتوانرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى ڕاسته‌قینه‌و باوه‌ڕپێكراو ساڵى له‌دایكبوون‌و كۆچى نالى دیارى بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك شت هه‌ن ده‌بنه هۆكارى ڕوونكردنه‌وه‌ى سه‌رده‌مى نالى و نزیك بوونه‌وه له زانینى ساڵى له‌دایك بوون و مردنى.
له دیوانه‌كه‌ى نالی‌دا هاتووه كه (مامۆستا مه‌لا عبدالكریمى موده‌ڕیس) ده‌ڵێت: “مه‌سه‌له‌ى دیارى كردنى ساڵى له‌دایك بوون و مردنى كه‌سێك شتێك نیه بنیاده‌م بتوانێت به ئیجتهاد بڕیارى له‌سه‌ر بدات و به به‌ڵگه‌و نیشانه‌ى مێژوویى له‌وه زیاترمان پێ نه‌كرا كه تێكڕا هه‌ندێك له‌و ساڵانه دیارى بكه‌ین كه )نالی(یان تیادا ژیاوه، به‌ڵام به‌ڵگه‌ى تریش به‌ده‌سته‌وه هه‌یه پێمان ئه‌سه‌لمێنێت كه نالى نه له ساڵى (1855ز)، نه له (1856ز) مردووه‌و نه ته‌مه‌نیشى (56) یان (58) ساڵ بووه”.
گه‌لێك به‌یتى (نالى) هه‌ن وا ئه‌گه‌یه‌نن گه‌یشتووه‌ته ته‌مه‌نى پیریى ته‌واوو بێ هێز بووه، كه دیاره ئه‌وه‌ش له (58) ساڵیدا په‌یدا نابێ، وه‌ك ئه‌مانه:
مووى سپى كردم به شوشتن ئاوى عه‌ینى شۆره‌شه‌ت.
بۆ مه‌مك نالى چ منداڵانه وه‌ى وه‌ى كردووه.
گه‌رچى مووى وه‌ك شێره به‌و شێیه شكۆفى كردووه.
ئه‌ى تازه جوان! پیرم‌و ئوفتاده‌و كه‌وتووم، تا ماوه حه‌یاتم…
ئه‌وه‌ى كه گوتراوه ئه‌حمد پاشاى بابان له (1853ز)دا له پاریس باسى نالى بۆ (خۆدزكۆ)ى شابه‌نده‌رى (ڕوسیا) كردووه، وا ئه‌گه‌یه‌نێت نالى له‌و سه‌رده‌مه‌دا له شام ژیاوه، چونكه شیعره‌كه‌شى كه پاش تێكچوونى حوكمى بابانییه‌كان بۆ (سالم)ى شاعیرى ناردووه بۆ سلێمانى، له شامه‌وه ناردوویه‌تى، له‌لایه‌كى كه‌شه‌وه هه‌موو ئه‌وانه‌ى مێژووى ژیانى (نالی)یان خستووه‌ته سه‌ر كاغه‌ز، باسى ئه‌وه‌یان كردووه كه نالى پاشان چووه‌ته (ئه‌سته‌مبوڵ) و له‌وێ له‌گه‌ڵ (ئه‌حمد پاشاى بابان) ماوه‌یه‌كى دوور و درێژیان پێكه‌وه به‌سه‌ر بردووه، جا سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه كه له‌وانه‌یه نالى ماوه‌یه‌كى زۆریش له شام مابێته‌وه، ئه‌نجا چووبێته (ئه‌سته‌مبوڵ)، ئه‌و ماوه‌یه كه‌متر له دوو ساڵه‌ى نێوان یه‌كترى دیتنى (خۆدزكۆ)و (ئه‌حمد پاشا)و مردنى نالى له ئه‌سته‌نبوڵ له (1855ز)دا كه ئه‌ڵێن له‌و ساڵه‌دا له‌وێ مردووه.
له شوێنێكى تردا هاتووه كه (حاجى مه‌لا عبدلله ى جه‌لى زاده) باوكى (مه‌لاى گه‌وره‌ى كۆیه) گێڕاویه‌تییه‌وه‌و بێ گومان قسه‌یشى جێگاى متمانه‌یه، كه وا له ساڵى (1288ك)-(1871ز) دا نالى له مه‌ككه دیوه، كه دیویشیه‌تى زۆر پیر بووه.
هه‌ر له ته‌مه‌نى منداڵی‌دا نێردراوه‌ته حوجره‌و فێرى قورئان‌و كتێبه فارسییه‌كان بووه، پاشان زانسته‌كانى تر‌ى قورئان‌و فه‌رموده‌و صه‌رف‌و نه‌حوو كه‌لام‌و به‌لاغه‌و گه‌ردوونناسی‌و فیقه و سیره‌ى خوێندووه، پاشان ئیجازه‌ى مه‌لایه‌تیى وه‌رگرتووه، له چه‌نده‌ها شوێنى وه‌ك سنه‌و سابڵاغ‌و هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانى خوێندنوویه‌تی‌و له‌لاى چه‌نده‌ها مامۆستاى ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌رسى خوێندووه، دواى ته‌واوبوونى خوێندنه‌كه‌ى، نالى بووه‌ته مه‌لایه‌كى باش‌و ڕۆشنبیرێكى گه‌وره، جگه له زمانى دایكى، زمانى فارسى‌و توركى‌و عه‌ره‌بى به باشى زانیوه‌و شیعرى پێ نووسیون، به دامه‌زرێنه‌رى قوتابخانه‌ى شیعرى بابان‌و له به‌ناوبانگترین شاعیرانى شێوه‌زارى كوردیى ناوه‌ندییه.
نالى‌و میرنشینى بابان:
نالی له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو میری بابانی هاوكاتی خۆی، واته (سلێمان پاشا)و (ئه‌حمه‌د پاشای كوڕی سلێمان پاشا) په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر تایبه‌تی هه‌بووه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش له زۆرێك له شیعره‌كانی نالی‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه،
ئه‌مانه هه‌ندێ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نالی شاعیر‌و میری بابان:
خۆی كه دامێن‌گیری شاهی ئاصه‌فی سانی ده‌كات
هودهودی دڵ حه‌بسی به‌ڵقیسی سه‌بای دیوه یه‌قین
شاهی ئاسه‌فی یه‌كه‌م سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر بووه، كه وه‌زیره‌كه‌ی ناوی (ئاصه‌فی كوڕی به‌رخیا) بووه‌و مه‌به‌ستی له شای دووه‌می ئاسه‌فیش، سلێمان پاشای بابانه.
ئاشووبی دڵی مه‌مله‌كه‌ت‌و قه‌لبی سوپاهن
ئه‌م تاقمه مومتازه كه‌وا خاسه‌یی شاهن
ئه‌وه‌ش هه‌مووی بریتییه له پیاهه‌ڵدان‌و باسكردنی تاقمه سوپایه‌ك. ده‌بێت ئه‌و سوپایه سوپای كێ بووبێت، ئه‌گه‌ر هیی سلێمان پاشای بابان، یان ئه‌حمه‌د پاشای كوڕی نه‌بووبێت، به تایبه‌تی، كه كتێبه‌كانی مێژوو ده‌ڵێن، ئه‌م ئه‌حمه‌د پاشایه سوپایه‌كی ڕێكوپێك‌و تازه بابه‌تی پێكهێناوه. وه‌كو مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس ده‌ڵێت: “نازانم نالی له كاتی ده‌سته‌ڵاتی ئه‌حمه‌د پاشادا له سوله‌یمانی ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌و سوپایه‌ی به چاوی خۆی بینیوه یان باسه‌كه‌یان بۆ گێڕاوه‌ته‌وه‌و دووربه‌دوور پێناسه‌ی كردووه، یاخود مه‌به‌ستی سوپای سلێمان پاشای باوكیه‌تی، ئه‌وه‌ی ساڵى (١٢٣٤) تا (١٢٥٤ك) حوكمرانیی سوله‌یمانی كردوه؟!”
نامه گۆڕینه‌وه‌كه‌ی سالم‌و نالی یه‌كێك له به‌ناوبانگترین شیعره‌كانی نالی ئه‌و شیعره‌یه كه بۆ سالم ی نووسیوه‌و ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌داته‌وه، ئه‌و دوو قه‌سیده‌یه به ناوی (دوو چامه‌كه‌ی نالی‌و سالم)ه‌وه ناوبانگیان ده‌ركردووه، (نالی) ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ی وه‌كو نامه‌یه‌ك بۆ (سالم)ی هاوڕێی نووسیوه‌و باسی دووره وڵاتی خۆی له شام ده‌كات‌و هه‌ست‌و تاسه‌ى دووریی خۆى له نیشتمان‌و شاره‌زوور‌و سلێمانی -كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى عوسمانییه‌وه داگیركرابوو- ده‌رده‌بڕێت. (عبد الرحمن سالم)یش له‌وه‌ڵامدا چامه شیعرێكی به‌رزی بۆ ده‌نووسێت‌و هه‌ردووكیان به خه‌یاڵ‌و به (با)دا، نامه‌كانیان ئالأ‌وگۆڕ ده‌كه‌ن.
نالی به‌م شێویه چامه‌كه‌ی ده‌ست پێده‌كات:
قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆشمرور وه‌ی په‌یكی شاره‌زا به هه‌موو شاری شاره‌زور ئه‌ی لوتفه‌كه‌ت خه‌فییو هه‌واخواه‌و هه‌مده‌مه
وه‌ی سروه‌كه‌ت به‌شاره‌تی سه‌ر گۆشه‌یی حوزور!
چامه درێژه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی بۆ سالمی هاوڕێی گیانیبه‌گیانی خۆی ناردووه، ئه‌وه‌ش تێكڕا پرسیاره له وه‌زعی سلێمانی، پاش نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی بابانه‌كان.
به‌جێهێشتنی كوردستان:
نالى له بیست‌و پێنج ساڵیی ته‌مه‌نیدا، كوردستان جێده‌هێلێت‌و ده‌چێته حه‌ج‌و دوای ته‌واوكردنی حه‌جه‌كه‌ی، ڕووی كردووه‌ته شام، له ساڵی (١٨٥٠ز) تا كۆتایی ساڵی (١٨٥٤ز) نالی له شام بووه. له‌و ماوه‌یه‌دا میرنشینی بابان ده‌ڕووخێت‌و ده‌نگوباسی ڕووخانه‌كه‌ی پێده‌گات، هه‌ست ده‌كات خۆشییه‌كه‌ی سلێمانی نه‌ما، حه‌بیبه نه‌ما، دۆست و ئه‌حبابه‌كانی وه‌كو جاران نه‌مان، سوپاكه‌ی ئه‌حمه‌د پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمیی جێیانی گرته‌وه، (سالم)ی شاعریش نه‌ك هه‌ر هانده‌ری نابێت كه بگه‌ڕێته‌وه سلێمانی، به‌ڵكو تكای لێده‌كات نه‌گه‌ڕێته‌وه، وه‌كوو له چامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
توخوا بڵێن به‌و حه‌زره‌تی نالی ده‌خیلی بم
به‌و نه‌وعه نه‌كا به سوله‌یمانییا گوزه‌ر.
نالی نا‌ئومێد بووه‌و به ناعیلاجی رووی له ئه‌سته‌مبوڵ كردووه‌و له‌وێ له‌لای ئه‌حمه‌د پاشای بابان، له‌گه‌ڵ پیاوه كورده‌كانی تر ژیانێكی خۆش‌و ئه‌دیبانه‌یان له دیوه‌خانی ئه‌حمه‌د پاشادا رابواردووه‌و هه‌موویان به مامۆستا بانگیان كردووه.
نالی وه‌ك له تێكڕای به‌یته‌كانه‌وه ده‌رئه‌كه‌وێ خاوه‌نی ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی‌و یه‌كێك بووه له موریده ناوداره‌كانی مه‌ولانا خالید، ئه‌و شیعرانه‌ی كه له نزا‌و پاڕانه‌وه‌دا وتوونی، هه‌موویان ئه‌نجامی ئه‌و كاره كاریگه‌ره‌ن كه ئاینی ئیسلام له ناخی ده‌روونیدا كردوویه‌تیی.
هه‌ر له سه‌ره‌تای دیوانه‌كه‌یه‌وه ڕوو له باره‌گای خودا ئه‌كا و ئه‌ڵێ:
ئه‌ی جیلوه‌ده‌ری حوسن و جڵه‌وكێشی ته‌ماشا
سه‌ر ڕشته‌یی دین بێ مه‌ده‌دی تۆ نییه حاشا
به‌و ڕه‌حمه‌ته عامه‌ت كه ده‌كا سه‌نگی سییه زه‌ڕ
له‌م قه‌لبه كه وه‌ك به‌رده ڕه‌شه، (رشّ شاشا)
سه‌رچاوه‌كان:
1- دیوانی نالی، لێكۆڵینه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عبد الكریمی مدرس‌و فاتح عبد الكریم، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، به‌غدا، (1970ز).
2- لێكۆڵینه‌وه له شیعری نالی، ڕه‌نج هه‌ژار.