د. عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز

ئه‌حمه‌د ڕامیز به‌گ، كوڕى ئیسماعیل ئاغاخان، ناسراو به‌ (كوردیى زاده‌)، ساڵى (1887ز) له‌ (تونجه‌لى) له‌دایك بووه‌، خه‌ڵكى قه‌زاى (لیجێ)ى پارێزگاى ئامه‌ده‌ له‌ باكورى كوردستان. خوێندنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى له‌ ناوچه‌كانى خۆى ته‌واو كردووه‌و له‌ (1900ز) له‌ ته‌مه‌نى لاوییه‌تیدا به‌ره‌و شارى (قاهیره‌) چووه‌و له‌وێ كۆمه‌ڵه‌یه‌كى سیاسی كوردیی به‌ناوى (جه‌معیه‌تى عه‌زمى قه‌ومیی كورد) دامه‌زراندووه‌. هه‌ر له‌ (قاهیره‌)، ساڵى (1904ز)له‌ زانكۆى ئه‌زهه‌ر خوێندوویه‌تى‌و له‌و كاته‌دا له‌ چاپخانه‌یه‌كى بچوكدا ده‌رباره‌ى ناساندنى نه‌ته‌وه‌ى كورد، نامیلكه‌یه‌كى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها مه‌ولودنامه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئیسلامى (درودى خواى له‌سه‌ر بێت)، به‌ زمانى كوردیی به‌ ناوى (maleye Bate) نووسیوه‌و چاپ كردووه‌. له‌ ده‌ستپێكی ئه‌و كتێبه‌یدا نووسیویه‌تى: “به‌ نیازم كتێب‌و نامیلكه‌ی كوردیی چاپ بكه‌م‌و بڵاویان بكه‌مه‌وه‌، له‌به‌ر گه‌وره‌یی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رده‌ستاندا نامیلكه‌ی كوردیی هه‌ن، بۆم بنێرن، تا چاپیان بكه‌م”. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ شارى قاهیره‌ ده‌زگایه‌كى چاپه‌مه‌نیی به‌ ناوى (سدّ الأكراد) دامه‌زراندووه‌.
ساڵی (١٩٠٧ز) به‌ به‌كارهێنانی ناوی (لوتفی) كتێبێكی له‌ سه‌ر شۆڕشی به‌درخانییه‌كان‌و به‌ به‌كارهێنانی ناوی (ئه‌میر به‌درخان)یش كتێبێكی له‌سه‌ر ڕاگوێزانی به‌درخانییه‌كان نووسیوه‌.
له‌ (٢٤)ى ته‌موزی (١٩٠٨ز)، دوای ئه‌وه‌ی به‌ شۆڕشێك مه‌شروتییه‌تی دووه‌م له‌ توركیا ڕاگه‌یه‌نرا، ئه‌حمه‌د رامیز گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شارى ئه‌سته‌مبوڵ‌و له‌و كه‌ش‌و هه‌وا ئازاده‌دا ده‌ستى كرد به‌ كاركردن بۆ ئازادیی كوردستان. له‌ ١٩ ئه‌یلولی ١٩٠٨یش كه‌ كۆمه‌ڵه‌ى (ته‌عاون‌و ته‌ره‌ققی كورد) دامه‌زرا، رامیز كرا به‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی.
له‌ ڕوویه‌كی تره‌وه‌ ئه‌حمه‌د رامیز دۆست‌و هاوكارێكى دڵسۆزى عه‌للامه‌‌ى ناسراوى كورد سه‌عید نورسی بووه‌و كتێبى (ئیكى مصیبت شهادتانمه‌سى) ناوبراوى بۆ چاپكردووه‌و پێشه‌كى بۆ نووسیوه‌. له‌ قوتابخانه‌كه‌ى (جه‌مبه‌رلى تاش)ى ئه‌سته‌مبوڵیش -كه‌ خۆیان دایانمه‌زراند- له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌عید نورسى، منداڵانى كوردیان فێرى زمانى كوردیی كردووه‌. كاتێكیش (ئه‌مین عالى به‌درخان) ‌و (میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان) ‌و (یوسف كامل به‌درخان) ساڵى (1910ز) ڕێكخراوی (كۆمه‌ڵه‌ى كوردیى بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى زانیاریی) (كرد نشر معارفى)یان دامه‌زراندووه‌، ئه‌حمه‌د ڕامیز كوردیزاده‌ به‌سه‌رۆكى ڕێكخراوه‌كه‌ هه‌ڵبژێرراوه‌. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێگای (دیوان) له‌ ئه‌سته‌مبوڵ قوتابخانه‌یه‌كی كوردیی ده‌كاته‌وه‌و ئه‌حمه‌د رامیز ده‌كاته‌ به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه‌كه‌، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ شاری ئه‌سته‌مبوڵ چاپخانه‌یه‌ك به‌ ناوی (ئامه‌د) داده‌مه‌زرێنێت‌و كاری بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌كات.
جگه‌ له‌مانه‌ ڕامیز ئه‌ندامى كۆمه‌ڵه‌ى (ته‌عالى كوردستان) بووه‌و له‌ كاتى (په‌یماننامه‌ى سیڤه‌ر)یشدا ئه‌ندامى (پارتى حورریه‌ت‌و ئیئتیلاف) بووه‌.
ئه‌حمه‌د ڕامیز به‌ ڕوناكبیرییه‌كه‌ی، سه‌رنجی نه‌ته‌وه‌كانی تری ده‌وڵه‌تى عوسمانیی بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشا. دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی (١٩١١ز) كتێبی (دیوان چه‌ند ده‌هێژن)ی داستانی (حوسه‌ین كامی) بڵاو كرده‌وه‌، ده‌ستگیر كراو دوور خرایه‌وه‌ بۆ شارى (كاسته‌مۆنۆ). له‌ سه‌رێكى تره‌وه‌ هاوكارێكى دڵسۆزى مه‌لا محه‌ممه‌دى میهریی (دشه‌یی) بووه‌، له‌ ده‌ركردنى ڕۆژنامه‌ى كوردستاندا، كه‌ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ریان ده‌كرد.
ئه‌حمه‌د ڕامیز په‌یوه‌ندیی به‌ سوپای توركیاشه‌وه‌ كردووه‌و ساڵى (1913ز) به‌ پله‌ى سه‌رتیپ (قائد فه‌ریق) خانه‌نشین كراوه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ سه‌عیدى پیرانیشدا له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ست ده‌كرێت به‌ ده‌ستگیركردنی ڕۆشنبیرانی كورد، له‌م كاته‌دا ئه‌حمه‌د رامیز له‌ ڕێگای میصره‌وه‌ به‌ره‌و سوریا هه‌ڵدێت. ئه‌و كاته‌ زۆرێك له‌ هاوڕێكانی له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌ توركچییه‌ ڕه‌گه‌ز په‌رسته‌كه‌ى توركیاوه‌ له‌سێداره‌ ده‌درێن. له‌وه‌ به‌ دواوه‌ زانیارییه‌كى ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ئه‌حمه‌د رامیز نیه‌. دیاره‌ دوای ئه‌و هه‌موو ناڕه‌حه‌تییانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریدا دێن، له‌ سوریا تێكه‌ڵ به‌ ڕوناكبیرانی كورد نابێت، بۆیه‌ له‌ چالاكییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی (خۆیی بوون)دا باسێك له‌ ناوو چالاكییه‌كانى نیه‌.
كوردی زاده‌ سه‌ره‌ڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی كیتابگه‌لێكی زۆرى توركیی، خاوه‌نی چوار كتێبی ترى كوردیشه‌، به‌ ناوه‌كانى: (هه‌ڵه‌ی سه‌له‌ف‌و خه‌له‌ف)، (ئاگاداریی دیجله‌و فورات) یان (هاواری یارمه‌تی مێزۆپۆتامیا)، (هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی كوردو كوردستان -پاشمڤانا كوردان‌و كوردستان). (پاراستنی په‌روه‌رده‌ یاخود نه‌پاراستنی). هه‌ندێك له‌ لێكۆڵه‌رانی مێژووی كورد لایان وایه‌ كه‌ ئه‌م كورده‌ دڵسۆزه‌ بۆ ئاین‌و خاك‌و وڵات، له‌ كۆتاییه‌كانى ته‌مه‌نیدا له‌ شارى دیمه‌شق ژیاوه‌و له‌یه‌كى حوزه‌یرانى ساڵى (1940ز) له‌ دۆخێكى ته‌م‌و مژاویدا كۆچی دوای كردووه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ وه‌فاتی له‌ شام‌و به‌خاك سپاردنی له‌ (گۆڕستانی كوردانی ئیزه‌) هاوڕان. مه‌رحومى رامیز خێزاندار بووه‌و خاوه‌نى چوار منداڵ بووه‌و خێزانه‌كه‌یان نازناوى (تان)یان وه‌رگرتووه‌.

ژێده‌ره‌كان:
1- كۆمه‌ڵه‌و ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانى به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسادا، وه‌رگێڕانى: د. نه‌جاتى عبد الله.
2- مشاهیر الكرد وكردستان، محمد أمین زكى بك، بغداد، 1945، به‌رگى: 1.
3- القچیه‌ الكردیه‌، ماچی الكرد وحاچرهم، محمد علی عونی، 1930، القاهره‌.
4- جه‌معییه‌تى ته‌عالى كوردستان، ئیسماعیل گوێڵداش، وه‌رگێڕانى: زریان ڕۆژهه‌ڵات، بنكه‌ى ژین، سلێمانى، 2011ز.
5- له‌ زمانى شاهیده‌كانى (بدیع الزمان سه‌عید نوۆسی)یه‌وه‌، نووسینى: نجم الدین شاهینه‌ر. بڵاوكردنه‌وه‌ى شاهده‌مار، 2014، ئه‌سته‌مبوڵ.
6- وتارى توركیی:
uyumsuzkarga.blogspot.com

کۆمێنتەکان لەکارخراون.