د. عه‌دنان عه‌بدولقادر هه‌ورامانى

ناوى ئه‌حمه‌د، كوڕى ئیسماعیل، كوڕى عوسمان، كوڕى ئه‌حمه‌د، كوڕى ڕه‌شید، كوڕى ئیبراهیم شه‌ره‌فه‌دینى گۆرانیى شاره‌زورییه‌و به‌ شه‌هابه‌دینى شاره‌زورى شافیعى ناسراوه‌و دواتر چووه‌ته‌ سه‌ر مه‌زهه‌بى حه‌نه‌فى. سه‌خاوى ده‌رباره‌ى ده‌ڵێت: "هه‌موو قورئانى له‌به‌ر بووه‌و حه‌وت شێوازه‌كه‌ى خوێندنه‌وه‌ى قورئانى زانیووه‌و وتوویه‌تییه‌وه‌". 
 مه‌لا ئه‌حمه‌دى گۆرانى ساڵى (813) كۆچى له‌دایك بووه‌، له‌ ته‌مه‌نى لاوییه‌تیدا كتێبه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى نه‌حوو صه‌رف‌و زانسته‌كانى كه‌لام‌و ڕه‌وانبێژیى‌و چه‌ند زانستێكى ترى خوێندووه‌. هه‌روه‌ها قورئانى پیرۆزى له‌به‌ر كردووه‌. پاشان شاره‌زوورى به‌جێ هێشتووه‌و ڕووى كردووه‌ته‌ به‌غدادو له‌وێ گرنگى زۆرى به‌ زانستى مه‌نتیق داوه‌و زانسته‌كانى ترى فه‌رمووده‌ناسیى‌و زانسته‌كانى قورئانى خوێندووه‌. پاشان ڕووى كردووه‌ته‌ (حه‌سه‌ن كێف) له‌ باكورى كوردستان‌و دواتر (ئامه‌د)و له‌وێ سه‌رقاڵى وانه‌وتنه‌وه‌ بووه‌، دواتر بۆ جارێكى تر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدادو پاشان ڕووى كردووه‌ته‌ شاره‌كانى (دیمه‌شق) و (قاهیره‌) .
 مه‌لاى گۆرانى له‌ سه‌ره‌تادا به‌ هه‌ژاریى ژیاوه‌، به‌ڵام دواتر به‌هۆى ناوبانگییه‌وه‌ بووه‌ته‌ مامۆستاو وانه‌بێژیی سوڵتانه‌كان‌و ئامۆژگاریى كردوون. له‌ سه‌رده‌مى فه‌رمانڕه‌وا سوڵتان مورادى كوڕى عوسماندا، به‌ ته‌واویى ناسراوه‌و ناوبانگى ده‌ركردووه‌، بۆیه‌ سوڵتان كردوویه‌تى به‌ مامۆستاى موحه‌مه‌د فاتیحى كوڕى، كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ دیارترین سوڵتانى عوسمانییه‌كان، ئه‌و سوڵتانه‌ی كه‌ (قسگنگینیه)ى ئازاد كردو كردییه‌ پایته‌ختى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانیی. 

مه‌لاى گۆرانى له‌ زانسته‌كانى قورئان‌و زانستى فه‌رمووده‌دا ده‌ستێكى باڵاى هه‌بووه‌. له‌ زۆربه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى ڕووى تێكردووه‌، سه‌ر قاڵى وانه‌وتنه‌وه‌ بووه‌. ناودارى ئه‌م زانایه‌ى كورد به‌ جۆرێك بووه‌، كه‌ ڕووى كردووه‌ته‌ ئه‌سته‌مبوڵ بۆته‌ خاوه‌نى مزگه‌وت‌و حوجره‌و قوتابخانه‌ى خۆى به‌ناوى (دار الحدیپ)، تا هه‌نووكه‌ش له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ناوچه‌یه‌كى به‌ناوه‌وه‌یه‌ به‌ناوى (مه‌لاى گۆرانى)، Molla Gürani هه‌روه‌ها مزگه‌وتێكیشی به‌ناوه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئه‌م زانا پایه‌به‌رزه‌ى كورد پاش ته‌مه‌نێكى پڕ خزمه‌ت، ساڵى (893)ى كۆچیى له‌ ئه‌سته‌مبوڵ، كۆچی دوایى كردووه‌.
مامۆستاكانى:
بریتى بوون له‌: زاناى پایه‌به‌رزى به‌غداد، عه‌بدولڕه‌حمان كوڕى موحه‌مه‌د زه‌ین كوڕى عه‌لامه‌ سه‌عده‌دینى قه‌زوینى جه‌زیرى، (ابن الحجر)ى عه‌سقه‌لانى، شێخ شه‌مسه‌دینى شیروانى، به‌دره‌دینى حه‌نه‌فى، ئیمامى زه‌ركه‌شى‌و چه‌ندینى تر.
قوتابییه‌كانى:
چه‌ندین قوتابى له‌ خزمه‌ت ناوبراودا خوێندوویانه‌، وه‌ك: موحه‌ممه‌د خان، كوڕى موراد خان، كوڕى عوسمان، ناسراو به‌ سوڵتان موحه‌ممه‌دى فاتیح، حه‌كیم شوكروڵڵاى شێروانى، موحه‌مه‌د كوڕى عه‌لى كوڕى مه‌سعود كوڕى موحه‌مه‌د شه‌مس ئه‌بو عه‌بدولڵاى جه‌زیرى مه‌غریبى‌و چه‌ندانى تر.
مه‌لا ئه‌حمه‌دى گۆرانى له‌ماوه‌ى ژیانیدا زۆر ئه‌ركى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌و له‌ زۆر بوار دا خزمه‌تى كردووه‌، به‌ كورتى ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێكیان ده‌ده‌ین:

  • له‌ توركیا خاوه‌نى قوتابخانه‌ى (دار الحدیپ) بووه‌. هه‌روه‌ها له‌ مه‌دره‌سه‌ى به‌رقوقى – كه‌ له‌ لایه‌ن (سوڵتان مه‌لیك زاهیر به‌رقوق) دامه‌زراوه‌- له‌ شارى قاهیره‌و له‌ مه‌دره‌سه‌ى موراد غازى له‌ شارى بۆرصه‌ى توركیا مامۆستا بووه‌. جگه‌ له‌وه‌ له‌ مه‌دره‌سه‌ى سوڵتان بایه‌زید خان وانه‌ى گوتووه‌ته‌وه‌.
    گۆرانى پێشنیارى ئه‌وه‌ى بۆ كرا كه‌ ببێته‌ وه‌زیر، ئه‌م پێشنیاره‌ له‌ لایه‌ن سوڵتان موحه‌ممه‌د فاتیحه‌وه‌ بوو، ئه‌مه‌ش به‌ هۆى متمانه‌ى ته‌واویى به‌ زاناى گۆرانى‌و ناوبانگه‌كه‌ى، به‌ هۆى ئه‌و زانست‌و زانیارییانه‌ى هه‌یبوو، به‌ڵام عه‌للامه‌ گۆرانى پێشنیاره‌كه‌ى قبوڵ نه‌كردو داواى لێبوردنى له‌ سوڵتانى عوسمانى (موحه‌ممه‌د فاتیح) كرد، بۆیه‌ دواتر سوڵتان موحه‌ممه‌د فاتیح، داواى لێكرد ببێته‌ قازى‌و گۆرانى داواكه‌ى قبوڵ كرد.
    گۆرانى جگه‌ له‌وه‌ى قازى شارى بۆرصه‌ بوو هاوكات سه‌رپه‌رشتیارى ئه‌وقافى ئه‌و شاره‌ش بووه‌، له‌ كۆتایشدا بووه‌ به‌ موفتى ده‌وڵه‌تى عوسمانیى.
    گۆرانى دانراوو ده‌ستخه‌ت‌و كتێبى زۆرن‌و زۆربه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى ماون، له‌ دیارترین دانراوه‌كانى:
  1. غایه‌ الأمانی فی تفسیر السبع المپانی.
  2. الكوپر الجاری إلى ریاچ أحادیپ البخاری.
  3. الدرر اللوامع فی شرح جمع الجوامع للسبكی.
  4. شرح الكافیه‌ لابن الحاجب.
  5. الشافیه‌ فی علم العروچ والقافیه‌.
  6. شرح الجعبری للشاگبیه‌.
  7. فرائد الدرر فی شرح لوامع المنكر.
  8. رساله‌ فی الردّ على ملا خسرو فی الولا‌و.
  9. كشف الأسرار عن قرا‌وه‌ أئمه‌ الاعصار. سه‌رچاوه‌:
    ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كتێبى (گه‌وره‌ زاناى كورد، عه‌للامه‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دى گۆرانى شاره‌زوور، هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى، سلێمانى، 2017 ز) به‌ كورتكراوه‌یی وه‌رگیراوه‌.

کۆمێنتەکان لەکارخراون.