عبد الله ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌دئاوایی

شێخ ئه‌مین، كوڕى شێخ عه‌لادینى بیاره‌، كوڕى شێخ عومه‌رى چیا‌و الدین، كوڕى شێخ عوسـمانى نه‌قشبه‌ندیی ته‌وێڵه‌ى هه‌ورامانه‌. له‌ به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌، (21/12/1931ز)، شه‌عبانى ساڵى (1350ك)، له‌ شاره‌دێى بیاره‌ له‌دایكبووه‌. دایكى ناوى (ڕابیعه‌)یه‌، كچی شێخ ئه‌حـمه‌دى عیززى، خه‌ڵكى (دیر الزور)ه‌ له‌ وڵاتى سوریا.
هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ خانه‌قاى بیاره‌ كه‌ ناوه‌ندێكى گه‌وره‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى ته‌صه‌ووف‌و شه‌ریعه‌ت بووه‌، لاى مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیس‌و مامۆستا مه‌لا به‌ها، موده‌ڕیس‌و ئیمامى خانه‌قاى بیاره‌، خوێندوویه‌تى. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ خوێندنى سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ى بیاره‌‌و ناوه‌ندیى له‌ سلێمانى خوێندووه‌. پاش پشوودانى ساڵى (1948ز) به‌ ده‌ستورى باوكى، سه‌رپه‌رشتى برا‌و خوشكه‌كانى له‌ خۆى مناڵترى گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، ده‌ستى له‌ خوێندن هه‌ڵگرتووه‌‌و ده‌ستى كردووه‌ به‌ كشتوكاڵ‌و باخداریى له‌ باخ‌و ئاوى ئه‌حمه‌دئاواى نزیكى سه‌رچاوه‌ى (زه‌ڵم)، كه‌ موڵكى باوكى بووه‌‌و داویه‌تى به‌ شێخ ئه‌مین‌و براو خوشكه‌كانى.
ساڵى (1951ز)، زه‌ماوه‌ندى كردووه‌‌و نه‌جیبه‌ خانمى كچی مه‌حمود خانى دزڵى بووه‌ته‌ هاوسه‌رى، كه‌ چوار كوڕو كچێكیان هه‌یه‌ به‌ ناوه‌كانى: ئه‌میر، بێوه‌ى، ئازاد، ئارێز، ڕه‌نگیـن.
شێخ ئه‌مین تا ساڵى (1962ز) سه‌رگه‌رمى كشتوكاڵ‌و باخداریی بووه‌‌و له‌م پیشه‌یه‌دا زۆر شاره‌زا بووه‌. كاتى بێكاریی‌و پشوودانى به‌ خوێندنه‌وه‌‌و ڕاوكردن به‌و ناوچه‌یه‌دا، یان ئه‌سپسواریى، بردووه‌ته‌سه‌رو هه‌ورامانى ئه‌مدیوو ئه‌ودیو گه‌ڕاوه‌. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌ست‌و ڕه‌وانى له‌گه‌ڵ سروشتى ناوچه‌كه‌‌و جوانیی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌دا شێلراوه‌.
ساڵى (1962ز)، كه‌ ناوچه‌كه‌ بوووه‌ته‌ جێگه‌ى ئاژاوه‌، به‌جێی هێشتووه‌‌و چووه‌ته‌ شاره‌دێى (دزڵی) له‌ دیوى خۆرهه‌ڵاتى هه‌ورامان‌و پاش ساڵێك له‌وێوه‌ بارى كردووه‌ته‌ گوندى (مه‌حمودئاوا)، نزیك ئاوایى (دووڕۆ)، تا ساڵى (1967ز)، پاش ناكام بوون له‌ هبواى ئاسایش‌و له‌به‌ر خوێندنى منداڵه‌كانى، چووه‌ته‌ شارى (كرماشان)‌و له‌وێ خۆیشی سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵچووه‌ته‌وه‌ بۆ خوێندن‌و قۆناغى ئاماده‌یى له‌وێ ته‌واوكردووه‌‌و پاشان بارى كردووه‌ بۆ شارى (تاران)، پایته‌ختى ئێران‌و له‌وێش به‌كالۆریۆسى له‌ ئادابدا وه‌رگرتووه‌. له‌و ماوه‌ى خوێندنه‌بدا به‌ ده‌مى خوێندنه‌وه‌ كاریشی كردووه‌‌و به‌ ناوى په‌نابه‌ره‌وه‌ مووچه‌‌و مانگانه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌.
شێخ ئه‌مین ساڵى (1978ز) له‌ سه‌ره‌تاكانى شۆڕشى ئێران، بارى كردووه‌ بۆ شارى (سنه‌)، له‌ (1979ز) له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنى شۆڕشدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق. ساڵه‌كانى (1982)و (1983ز)، له‌ به‌شی فارسی كۆلێژى ئادابى زانكۆى به‌غدا به‌ شێوه‌ى (وانه‌بێژ) ده‌رسی وتووه‌ته‌وه‌و له‌ (1970) و (1981)و (1983ز)دا، سێ جار حه‌جى كردووه‌.

نووسراوه‌كانى:
1- دیوانێكى شیعر به‌ ناوى (به‌رهه‌مى ژیان) به‌ شێوه‌ى سۆرانى‌و هه‌ورامى‌و فارسی/ له‌ ساڵى (1981ز)دا چاپ كراوه‌و نازناوى (بێوه‌ى) بۆ خۆى هه‌ڵبژاردووه‌و به‌شى دیوانێكى تریش شیعرى هه‌یه‌.
2- (چۆنیه‌تى به‌دیهاتنى زانسته‌ ئیسلامی یه‌كان): نووسراوێكى فارسییه‌‌و نزیكه‌ى (700) لاپه‌ڕه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى به‌دیهاتنى یه‌كه‌ یه‌كه‌ى زانیارییه‌كانى ئیسلامیی باس ئه‌كات، كه‌ چۆن‌و له‌ كه‌یه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ دى‌و گه‌وره‌ پیاوانى ئه‌و زانیارییانه‌ش ئه‌ناسێنێ.
3- (شاره‌زور‌و شاره‌زورییه‌كان):
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى مێژووییه‌، كه‌ به‌ركوڵێكى له‌ به‌رگى ده‌یه‌مى گۆڤارى (كۆڕى زانیارى عێراق، ده‌سته‌ى كورد)دا، له‌چاپ دراوه‌.
4- قه‌صیده‌ى بورده‌ى گۆڕیوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى.
5- په‌ڕتوكى (ته‌صه‌وف چیه‌؟)، كه‌ هه‌ر به‌ پێى ده‌ربڕینى خۆیشى ئازیزترین به‌رهه‌مى ژیانییه‌تى! بۆ یه‌كه‌مجار له‌ (1985ز) له‌ به‌غدا چاپكراوه‌، بۆ دووه‌مجار له‌ (2002ز) له‌ سلێمانى چاپكراوه‌ته‌وه‌، بۆ سێیه‌م جار له‌ (2015ز) هه‌ر له‌ سلێمانى چاپ كراوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن دكتۆر محه‌ممه‌د شه‌ریفه‌وه‌ كراوه‌ته‌ عه‌ره‌بى‌و ساڵى (1988ز) له‌ به‌غدا چاپكراوه‌، هه‌روه‌ها كراوه‌ته‌ ئه‌فغانى‌و له‌وێش چاپكراوه‌. جگه‌ له‌وه‌ له‌ لایه‌ن (موختار هۆڵاند)ه‌وه‌ كراوه‌ته‌ ئینگلیزى‌و له‌ لایه‌ن (ڕێكخراوى نه‌قشبه‌ندیى بۆ په‌روه‌رده‌ى ئیسلامیى) له‌ ئه‌مریكا چاپ‌و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و چه‌ند پڕۆفیسۆرێك‌و سه‌رۆك به‌شى فه‌لسه‌فه‌‌و ئه‌دیانى هه‌ندێك له‌ زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانى جیهان، ده‌رباره‌ى ئه‌م په‌ڕتووكه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى ڕاو بۆچوونى خۆیانیان له‌سه‌رى نووسیوه‌‌و له‌ دووتوێى چاپى ئینگلیزى كتێبه‌كه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ (تى جه‌ى وینتر، زانكۆى كامبریج)، (تیرى زاركۆن، سه‌نته‌رى دیلا)، (حه‌مید ئه‌لغار، زانكۆى كالیفۆرنیا، بێركلى)و (عه‌بدولحه‌كیم موراد، زانكۆى شێخ زاید بۆ توێژینه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان‌و مامۆستاى به‌شى ئایینه‌كان له‌ زانكۆى كامبریج)‌و (ئاڕپڕ.ف بۆیلر، مامۆستاى زانكۆى ڤیكتۆریا له‌ شارى ویلینگتۆن له‌ وڵاتى ننیوزیلاند).
كۆچى دوایى شێح ئه‌مین:
شێخ ئه‌مین دواجار له‌ (9/4/1990ز)، له‌ شارى به‌غدا ژیانى دنیاى به‌جێ هێشتووه‌و له‌ گۆڕستانى (عه‌بدولقادرى گه‌یلانى) به‌خاك سپێردراوه‌.
نمونه‌یه‌ك له‌ شیعره‌كانى (شێخ ئه‌مینى نه‌قشبه‌ندیى، بێوه‌ى):
دوو چاوم بۆیه‌ لا چاكه‌،
كه‌ ڕێگه‌ى ڕاس دیاریى كه‌ن
كه‌ چاو ڕێگه‌ى نه‌دى، گاڵۆكى كوێرێ چاكه‌ له‌و چاوه‌
غیره‌ت وا به‌ كه‌ڵكه‌، وا
له‌ ده‌ردى سه‌ر نه‌جاتم دا
چ عه‌قڵێكه‌ نه‌زانێ كامه‌ دانه‌و كامه‌یه‌ داوه‌؟
ده‌سێك هه‌ر هه‌وڵی بردن بۆ ده‌م‌و گیرفانى ئینسان بێ
چ ده‌ستێكه‌ نه‌زانێ
كامه‌ پاكه‌و كامه‌ گڵیاوه‌
ئه‌گه‌ر قاچ‌و قولم هه‌ر بۆ
په‌لامار بێ به‌ هــه‌ر لادا
له‌ ئاكامدا ئه‌بێ بمخاته‌ ناو
چاوه‌ به‌ دوو پاوه‌
زووان بۆیه‌ خـوا داویه‌
كه‌ ڕاس‌و چاك‌و باش بێژێ
ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌د به‌ خه‌ڵك بێژێ، ئــه‌وه‌ مارى كونى ناوه‌
ئه‌گه‌ر گوێ، گوێ قوڵاغى غه‌یبه‌ت‌و لۆمه‌ى برایانه‌
خۆشا به‌و ڕۆژه‌ وا بێژن
كه‌ په‌رده‌ى گوێته‌ دڕیاوه‌
په‌نا به‌ خوا به‌رین چاكه‌،
مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و به‌ لوتفى خۆى
بمانپارێزێ له‌م داوه‌،
چ له‌م لاوه‌، چ له‌و لاوه‌
(ئه‌مین) گه‌ر لوتفى حه‌ق فریا نه‌گا، له‌م ڕۆژو ده‌ورانـا
به‌شه‌ر، تا چاو ئه‌كاتۆ، تیاچووه‌، فه‌وتاوه‌، خنكاوه‌
ژێده‌ره‌كان:
1- ته‌صه‌ووف چییه‌؟ سێ چاپ كراوه‌ته‌وه‌.
2- به‌رهه‌مى ژیان، شیعره‌كانى، چاپى به‌غدا (1981).

کۆمێنتەکان لەکارخراون.