به‌هره‌ عبد الله حه‌مه‌ ته‌وفیق

عادیله‌ خانم، كچى عبد القادر به‌گ، كوڕى حه‌مید به‌گ، كوڕى مه‌حمود به‌گ، كوڕى ئه‌حمد به‌گى ساحێبقرانه‌. هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان مێژووى له‌دایكبوونى به‌ ساڵى (1858 ز)، (1236ك) كه‌ ده‌كاته‌ ساڵى (2558 كوردیى)، ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ساڵى له‌دایك بوونى به‌ ساڵى (1859 ز)، دیارى ده‌كه‌ن.
عادیله‌ خانم له‌ شارى سنه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان‌و پایته‌ختى میرنشینى (ئه‌رده‌ڵانییه‌كان)، له‌دایك بووه‌، كاتێك بۆته‌ هاوسه‌رى (وه‌سمان پاشاى كوڕى محه‌ممه‌د پاشاى جاف) چۆته‌ هه‌ڵه‌بجه‌.
بنه‌ماڵه‌ى ساحێبقران یه‌كێك بوون له‌و بنه‌ماڵه‌ گرنگانه‌ى كه‌ له‌ سه‌رده‌مى بابانه‌كاندا ده‌سته‌ڵاتێكى فراوانیان هه‌بووه‌، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ پتر له‌ (پێنج سه‌ده‌) له‌مه‌و پێش تا ئێسته‌ش، ناوى سه‌دان زاناو گه‌وره‌ پیاوى هه‌ڵكه‌وتووى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردییان بۆ خۆیان بردووه‌. ئه‌حمه‌د به‌گى گه‌وره‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ (دوانزه‌ سواره‌ى مه‌ریوان)و له‌ شارى سنه‌ نیشته‌جێ بووه‌، له‌سه‌ر داخوازى (سلێمان پاشاى كوڕى خالید پاشاى بابان) كه‌ ساڵى (1747-1763ز) فه‌رمانڕه‌واى میرنشینى بابان بووه‌، میرنشینه‌كه‌ى گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ (قه‌ڵاچوالان)ى پایته‌ختى بابانییه‌كان‌و كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ى گشتیى سوپاى میرنشینه‌كه‌و ڕاوێژكارى پاشاى بابان.
ئه‌و (ئه‌حمد به‌گ)ه‌ باپیرى گه‌وره‌ى ساحێبقرانه‌كانى شارى سلێمانى‌و باشورى كوردستانه‌و به‌ (ئه‌حمه‌د به‌گى گه‌وره‌) ناوى ده‌ركردووه‌، هه‌روه‌ها (ئه‌حان)یشى پى وتراوه‌، پاش ئه‌وه‌ى كه‌ چووه‌ته‌ حه‌ج به‌ (حاجى ئه‌حان) ناوى ده‌ركردووه‌، هونه‌رمه‌ندێكى به‌تواناش بووه‌و نازناوى (شه‌وقى) بووه‌، كاتێك له‌ ساڵى (1784ز) شارى (سلێمانى) له‌لایه‌ن (ئیبراهیم پاشاى بابان)ه‌وه‌ بنیات نراوه‌و پایته‌ختى میرنشینه‌كه‌ى بۆ گوێزراوه‌ته‌وه‌، (ئه‌حمد به‌گى گه‌وره‌ش) به‌خێزان‌و ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانییه‌وه‌ چووه‌ته‌ شارى سلێمانى‌و مزگه‌وتێكى له‌نزیك ماڵه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ دروستكردووه‌، كه‌ تا ئێسته‌ش خانووه‌كه‌ى‌و مزگه‌وته‌كه‌ش به‌ ناوى (حاجى حان) ناوده‌برێت. كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى (ئه‌حمد به‌گ) كه‌ ناوى (مه‌حمود به‌گ) بووه‌ له‌گه‌ڵ باوكیدا هاتووته‌ سلێمانى‌و له‌دواى باوكى كراوه‌ته‌ وه‌زیرى جه‌نگى میرنشینى بابان.
له‌ دواى ڕوخانى میرنشینى بابان‌و هاتنى سوپاى تورك بۆ شارى سلێمانى ژماره‌یه‌كى زۆر بابانه‌كان په‌رته‌وازه‌ بوون‌و ئه‌و شاره‌یان به‌جێهێشت‌و ڕوویان كرده‌ به‌غداو ژماره‌یه‌كیشیان وه‌ك ده‌سته‌به‌سه‌ر به‌زۆر له‌ ئه‌سته‌مبوڵ نیشته‌جێ كران، به‌ بڕواى (حه‌سه‌ن فه‌همى به‌گى جاف)، عبد القادر به‌گى باوكى (عادیله‌خانم)یش چیتر چاوى به‌رایى نه‌ده‌دا له‌ شارى سلێمانى بمێنێته‌وه‌و ڕووى كرده‌ شارى سنه‌و هه‌ر له‌و شاره‌ش نیشته‌جێ بوو، ئیتر (عادیله‌ خانم) له‌و شاره‌ له‌دایك بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ شارى سنه‌ هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌، له‌وێ‌و له‌ ماڵى خاڵوانى (وه‌كێڵه‌كان) گه‌وره‌ بوو، بۆیه‌ زۆرتر به‌ سنه‌یى ده‌ناسرا.
سه‌باره‌ت به‌ دایكى عادیله‌ خانم، ئه‌و به‌ڵگانه‌ش كه‌ له‌ به‌رده‌ستدان ڕه‌چه‌ڵه‌كى دایكى عادیله‌ خانم ده‌به‌نه‌وه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌كى ترى شارى سنه‌، ئه‌ویش بنه‌ماڵه‌ى به‌ناوبانگى (وه‌كێڵ) ـه‌.
چوونى عادیله‌ خانم بۆ هه‌ڵه‌بجه‌:
وه‌سمان پاشاى جاف له‌ ماوه‌ى ژیانیدا (1847-1909ز) دوو ژنى هێناوه‌ خێزانى یه‌كه‌مى ناوى (مه‌نیجه‌خان) بووه‌و له‌ به‌گزاده‌كانى هه‌ورامان بووه‌، خێزانى دووه‌میشى بریتی بووه‌ له‌ (عادیله‌ خانم). دواى ئه‌وه‌ى وه‌سمان پاشا له‌سه‌ردانێكى دا بۆ شارى سنه‌ ڕێى ده‌كه‌وێته‌ ماڵى (عبد القادر به‌گى صاحێبقران)، چاوى به‌ عادیله‌ خانم ده‌كه‌وێت، ڕاسته‌وخۆ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بڕیارى خوازبێنیكردنى عادیله‌خانم ده‌دات، وه‌سمان پاشا به‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئازارى توركه‌كانى دا، چونكه‌ عادیله‌ خانم له‌ بنه‌ماڵه‌مایه‌كى گه‌وره‌ى (ئۆرستۆكرات)ى شارى سنه‌ بوو، ئه‌م كاره‌ش نیگه‌رانیى‌و دڵه‌ڕاوكێى له‌لاى كاربه‌ده‌ستانى تورك دروست كرد، چونكه‌ هه‌ر توركه‌كان بوون كه‌ ژنى یه‌كه‌میان بۆ خواستبوو، تا بتوانن (وه‌سمان پاشا) له‌ ماوه‌كانى پێشووتر زیاتر له‌ خۆیان نزیك بخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام خواستنى ژنێك له‌لایه‌ن پاشاوه‌ كه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌و خێزانه‌ ناوداره‌كانى شارى سنه‌ بوو-كه‌ زیاتر لایه‌نگرى فارسه‌كان بوون- به‌لاى كاربه‌ده‌ستانى توركه‌وه‌ كارێكى یه‌كجار نابه‌جێ بوو، ئه‌وان زۆر باش ده‌یانزانى كه‌ عادیله‌ خانم ده‌بێته‌ پشت‌وپه‌ناو ده‌سته‌ڵاتێكى به‌هێز بۆ وه‌سمان پاشاو نزیكبوونه‌وه‌ى ئه‌و له‌ ئێرانییه‌كان، هه‌ر بۆیه‌ شتێكى سروشتى بوو كه‌ توركه‌كان دژایه‌تى ئه‌م كاره‌ بكه‌ن.
چه‌ندین به‌ڵگه‌و بۆچوونى مێژوویى هه‌ن كاتى شووكردنى عادیله‌ خانم به‌ وه‌سمان پاشاى جاف، بۆ نیوه‌ى دووه‌مى ساڵانى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مى زاینیی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، واته‌ ئه‌و كاته‌ى كه‌ خانم هێشا ته‌مه‌نى له‌ (16 بۆ 18 ساڵ)یدا بووه‌، بۆچوونى واش هه‌ن ساڵى (1895ز) وه‌ك ساڵى شوكردنى عادیله‌ خانم به‌ وه‌سمان پاشا دیارى ده‌كه‌ن.
عادیله‌ خانم سێ كوڕى هه‌بوون:
1- تاهیر به‌گى جاف، له‌ ساڵى (1878ز) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بووه‌.
2- عیزه‌ت به‌گ، له‌ ساڵى (1895ز) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بووه‌.
3- ئه‌حمه‌د موختار جاف، دوامنداڵى خێزانه‌كه‌یه‌تى، له‌ ساڵى (1898ز) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بووه‌.
عادیله‌ خانم پاش مێرده‌كه‌ى بوو به‌ قائیمقامى هه‌ڵه‌بجه‌، كۆمه‌ڵێك كارى گرنگى ئه‌نجامدان‌و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ گوندێكى وێرانه‌وه‌ بوو به‌ شارێكى جوان‌و ڕازاوه‌. ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ كاره‌كانى ئه‌و خاتوونه‌:
1- سێ كۆشكى زۆر گه‌وره‌ى له‌سه‌ر شێوازى كۆشكه‌كانى شارى سنه‌ى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا دروست كرد .
2- هه‌میشه‌ ده‌رگاى ماڵه‌كه‌ى به‌ڕووى میوانانى كوردى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا كراوه‌ بووه‌و په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزو هه‌میشه‌یى له‌گه‌ڵ سنه‌دا دامه‌زراند كه‌ پێنج ڕۆژ ڕێگه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دوور بوو.
3- دادگایه‌كى سه‌ربه‌خۆى تایبه‌تى دامه‌زراند، خۆى بوو به‌ به‌رپرسى تایبه‌تى دادگاكه‌.
4- به‌ندیخانه‌یه‌كى نوێى دروستكرد.
5- قه‌یسه‌رییه‌كى جوانى به‌ خشت دروستكرد كه‌ سه‌قفه‌كه‌ى به‌ شێوازى گومه‌زى بوو، ئه‌م قه‌یسه‌رییه‌ (54) دوكانى له‌خۆ ده‌گرت، ئه‌م دوكانانه‌ مانگى به‌ دوو قڕان، ده‌دران به‌ كرێ، به‌ كوردو جوله‌كه‌كان.
6- ورده‌ ورده‌ جڵه‌وى فه‌رمانڕه‌وایى سیاسى وه‌رگرت، به‌تایبه‌تى له‌و كاتانه‌ى كه‌ وه‌سمان پاشا بۆ موسڵ‌و كه‌ركوك‌و سلێمانى بۆ هه‌ندێك كارى گرنگى میریى بانگ ده‌كرا، له‌م كاتانه‌دا خانم ده‌بووه‌ نوێنه‌رو كه‌سى یه‌كه‌م له‌ شاره‌كه‌داو ئه‌و ته‌واوى كاره‌كانى ڕاده‌په‌ڕاند.
7- هه‌روه‌ك چۆن وه‌سمان پاشا له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا مزگه‌وتێكى به‌ناوى (مزگه‌وتى پاشا) هه‌بوو، هه‌ر خۆشى تێچوون‌و پێداویستى مزگه‌وت‌و مه‌لاو گوزه‌رانى فه‌قێكانى مزگه‌وته‌كه‌ى دابین ده‌كرد، خانمى خێزانیشى هه‌ر له‌و شاره‌دا مزگه‌وتێكى به‌ناوى مزگه‌وتى (خانم) دروستكردو تێچوون‌و پێداویستیى مزگه‌وت‌و مه‌لاو فه‌قێكانى له‌ ئه‌ستۆ گرت، ئه‌و مزگه‌وته‌ هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وام‌و ئاوه‌دانه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش هاوكارییه‌كى باشى قوتابخانه‌ ئاینیه‌كان‌و زانایانى ئاینیى ناوچه‌كه‌ى ده‌كرد.
عادیله‌ خانم ژنێكى قسه‌خۆش‌و خاوه‌ن ئه‌رباب بووه‌و ئاماده‌ى نێو كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ بووه‌و هه‌میشه‌ دیوه‌خانى گه‌رم بووه‌، له‌گه‌ڵ ووته‌ى شیرین‌و په‌ندو ئه‌ده‌ب‌و شیعردا سه‌وداى هه‌بووه‌، هه‌میشه‌ ماڵ‌و دیوه‌خانه‌كه‌یان شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى شاعیران‌و ئه‌دیبانى هاوسه‌رده‌مى خۆیان بووه‌، گه‌لێك له‌ شاعیران هاتووچۆى دیوه‌خانه‌كه‌یان ده‌كردو له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیاندا نێوانیان زۆر خۆش بووه‌و له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى‌و دۆستایه‌تییان هه‌بووه‌، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ خانم ژنێكى دڵ‌و ده‌روون باش بووه‌و هه‌میشه‌ هاوكاریى هه‌ژاران‌و نه‌دارانى شاره‌كه‌ى كردووه‌، به‌شێوازێك له‌ ساڵانى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانیدا كه‌ برسێتى‌و قات‌وقڕى گران باڵى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشا بوو، خانم بڕیاریدا هه‌تا گرانییه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت هه‌فتانه‌ حه‌وت سه‌ر مه‌ڕ سه‌رببڕێت‌و گۆشته‌كه‌ى به‌سه‌ر خه‌ڵكى نه‌دارو هه‌ژارى شاره‌كه‌دا دابه‌ش بكرێت.
عادیله‌ خانم له‌ ته‌مه‌نى (65) ساڵیداو له‌ ته‌موزى ساڵى (1924ز)/ (1302 ك)/ (2624 كوردى) كۆچى دوایى كردو له‌ گۆڕستانى (عه‌بابه‌یلێ) له‌ ته‌نیشت تاهیر به‌گى كوڕیه‌وه‌ به‌خاك سپێردرا، پانزه‌ ساڵ دواى ئه‌و ئه‌حمه‌د موختارى كوڕیشى هه‌ر له‌و گۆڕستانه‌ بووه‌ به‌ میوانى دایك‌و برا گه‌وره‌كه‌ى.
(هێنى هارۆڵد وڵسن)ى ژنه‌ كوردناسى دانیماركى، ساڵى (1957ز) به‌ مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاو كه‌لتورو داب‌ونه‌ریتى كورده‌واریى، هاتووه‌ته‌ كوردستان‌و سه‌رى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ داوه‌، له‌و سه‌ردانه‌یدا سه‌ردانى گۆڕستانى عه‌بابه‌یلێى كردووه‌و به‌چاوى خۆى گۆڕى عادیله‌خانمى بینیوه‌ كه‌ چه‌ند بێ خزمه‌ت بووه‌و به‌ ته‌واویى پشتگوێ خراوه‌.
سه‌رچاوه‌كان:
1- عادیله‌خانم، كه‌سایه‌تیى‌و ئه‌رده‌ڵانى بوون‌و ساحێبقرانى بوونى، عادل صدیق، ساڵى چاپ كردنى، ساڵى (2010ز).
2- سلێمانى، ناوچه‌یه‌ك له‌ كوردستان، ئى. بى. میجه‌ر سۆن، وه‌رگێڕانى: (مینه‌) محمد ئه‌مین حسین، (2007ز).
3- هه‌ڵه‌بجه‌و پێگه‌ى سیاسى‌و كۆمه‌ڵایه‌تیى خانمى وه‌سمان پاشا له‌ ڕاپۆرته‌كانى (مێجه‌رسۆن)دا، به‌ختیار هه‌ڵه‌بجه‌یى.
4- دیوانى ئه‌حمه‌د موختار جاف، ئاماده‌ كردنى: عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، (1986ز) چاپخانه‌ى (أدیب)، به‌غدا.

کۆمێنتەکان لەکارخراون.