د.عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز
(عبد الرحمان) زه‌بیحى، كوڕى سۆفى مینه‌ى ناسراو به مینه‌ى قورئانخوێنه، له‌دایكبووی ساڵی (1920ز)ی مه‌هاباده. هه‌موو نازناوه خوازراوه‌كانی (ع.بێژه‌ن)و (بێژه‌ن)و (عوله‌ما) مه‌به‌ست ناوبراوه. یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانى ڕێكخراوى (ژێ. كاف)، سه‌رپه‌رشتیارى گۆڤارى (نیشتیمان)، زمانحاڵى ئه‌و ڕێكخراوه بووه. پاش نه‌مانى كۆمار، به‌ره‌و باشوورى كوردستان هه‌ڵهات‌و بۆ ماوه‌یه‌ك چووه‌ته گوندى (سیته‌ك)ى شارباژێڕ‌و لاى شێخ له‌تیفى حه‌فید ماوه‌ته‌وه. دواتر (32) ساڵی له به‌غداو سوریه‌و غه‌ریبی به‌سه‌ربردووه.
پاش شۆڕشى كۆماریی عیراق، گه‌ڕاوه‌ته‌وه عیراق‌و له‌ناو پارتى دیمو‌كراتى كوردستاندا درێژه‌ى به چالاكیی داوه‌و ساڵى (1982ز) له سه‌فه‌رێكى نێوان عێراق‌و ئێران‌دا، له كه‌شێكى گوماناویدا سه‌رنگوم‌و بێسه‌ر‌وشوێن كرا.
له هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سییه‌تى زه‌بیحیدا چه‌ندین قسه‌ى دژبه‌یه‌ك كراون. بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سییه‌تى ئه‌و پیاوه له ڕووه جیاجیاكانه‌وه ده‌ركه‌وێت، له زارى چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراوه‌وه ده‌رخه‌ین، ئه‌م چه‌ند لێدوانه‌مان له‌سه‌رى هه‌ڵبژارد:
جه‌لال تاڵه‌بانى سیاسهتمهدارو ڕوناكبیر سه‌باره‌ت به زه‌بیحى ده‌ڵێت: “مامۆستا زه‌بیحى پیاوێكى تێكۆشه‌رى كوردپه‌روه‌رى خه‌باتگێڕى شۆڕشگێڕى له‌خۆبردووى خۆنه‌ویست -ده‌توانم پێى بڵێم: سه‌ربازى گومناوى كوردایه‌تى- بوو. هه‌موو ژیانى خۆى بۆ مه‌سه‌له‌ى ڕزگاریى كوردستان‌و گه‌یاندنى خه‌ڵكى كورد به جۆرێك له مافه‌كانى ته‌رخانكردبوو. هیچ ته‌ماحێكى له دونیادا نه‌بوو، تا بڵێى هۆشیار بوو، دووربین بوو، سه‌رڕاست بوو، فرت‌و فێڵى سیاسى نه‌ده‌زانى. هیچ نه‌ده‌سڵه‌مییه‌وه، صادق بوو، حه‌وت زمانى ده‌زانى.”
(صه‌لاحه‌دین موهته‌دی) سیاسه‌تمه‌دارى خۆرهه‌ڵاتى كوردستانیش، زه‌بیحى به كه‌سێكى “سیاسهتمهدارو زمانه‌وان‌و نووسه‌ر‌و ڕۆژنامه‌وان‌و زانا‌و گه‌وره‌و سازده‌ر‌و ڕێكخه‌ر‌و به‌ڕێوبه‌رى پڕتوانا‌و به ئه‌زمون..” ناوده‌بات.
ڕوناكبیرو سیاسه‌تمه‌دار (نه‌وشیروان مسته‌فا)ش پێى وایه: “زه‌بیحى له دوو سه‌روه‌ریى گه‌وره‌دا به‌شداره: (ژێ، كاف)و ده‌ركردنى گۆڤارى (نیشتیمان)”، جگه له‌وه به هه‌ڵكه‌وتوویه‌ك ده‌یناسێنێت كه “تێگه‌یشتنى سیاسى زۆر‌و ئاگاداریى ئه‌ده‌بیى‌و ڕۆشنبیریى‌و مێژویى‌و زمانه‌وانیى پێكه‌وه ناوه.” به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه به‌م حاڵ‌و پیاهه‌ڵدانه‌وه نووسه‌رێكى ڕۆژهه‌ڵات، له گۆشه نیگایه‌كى تره‌وه باسى ده‌كات‌و ده‌ڵێت: “زه‌بیحى پاش شكانى شۆرشى ئه‌یلول له ساڵى (1975ز) له به‌غدا مایه‌وه‌و به‌ره‌به‌ره له به‌شێك له‌كاره په‌یوه‌ندیداره‌كان به كورد‌و كوردستانه‌وه هاوكارى ڕ‌ژێمى صه‌دام حوسه‌ینى كرد… له (1982ز)وه بێسه‌ر‌و شوێنه‌و له سه‌فه‌رێكى نێوان عێراق‌و ئێران‌دا دیار نه‌ما… ئه‌وه‌ى زه‌بیحى له دوا ساڵه‌كانى مه‌رگیدا تووشى هاتبوو، به‌شێك له خه‌باتگێڕان ئاگادارى نه‌بوون.” به‌ڵام ئه‌و نووسه‌ره بۆ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه، هیچ به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتێكى ئه‌وتۆى نه‌خستۆته ڕوو.
ژێده‌ره‌كان:
1- ژیان‌و به‌سه‌رهاتى عبد الرحمن زه‌بیحى، (مامۆستا عوله‌ما)، عه‌لى كه‌ریمى.
2- كۆمه‌ڵه‌ى ژیانه‌وه‌ى كوردستان، حامدى گه‌وهه‌ریى، (هه‌ڵسه‌نگاندنه نێگه‌تیڤه‌كه قسه‌ى ئه‌م نووسه‌ره‌یه).

کۆمێنتەکان لەکارخراون.