د. عه‌دنان عه‌بدولقادر هه‌ورامانى
مه‌لا عبد الرحمن، كوڕى عبد الكریم، كوڕى حه‌مه سوور، كوڕى مه‌عروف، كوڕى زاهیر، كوڕى سوڵتان وه‌یسه. دایكى ناوى (جه‌واهیر) بووه‌و له‌گه‌ڵ باوكى ئامۆزاى یه‌كتر بوون. له سه‌ره‌تاى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌مدا، له ساڵى (1914ز) ى زاینی‌دا له گوندى داربه‌ڕووله‌ى سه‌ر به ناوچه‌ى (تانجه‌رۆ)ى پارێزگاى سلێمانى، له بنه‌ماڵه‌یه‌كى جوتیارى خواپه‌رست هاتۆته دنیاوه.
مامۆستا له ناو خه‌ڵكدا به (مه‌لا عبد الرحمن كۆڵ) ناسراو بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر له منداڵی‌دا ده‌ستى چه‌پى سووتابوو، به‌شێك له په‌نجه‌كانى هه‌ڵوه‌ریبوون. هه‌ندێ جاریش به (مه‌لا عبد الرحمن داربه‌ڕووله‌یی)، ناوده‌برا، كه خۆیشى ئهمهیانى پێ خۆشتر بوو، چونكه له ئیجازهنامهكانیدا ئه‌م ناوه‌ى ده‌نووسى.
مامۆستا له سكى دایكی‌دا بووه كه باوكى براوه بۆ (سه‌فه‌ر به‌لك) له‌گه‌ڵ سوپاى عوسمانی‌دا، كاتێ سوپاى عوسمانیى شكاوه هه‌واڵى شه‌هیدبوونى باوكیشى گه‌یشتۆته (داربه‌ڕووله)و له‌و كاته‌دا مامۆستایش له‌دایكبووه، ئیتر دایكىو كه‌سه‌كانى هیچ گوێیان به‌م نه‌داوه، ته‌نانه‌ت ناویشیان نه‌ناوه‌و وتوویانه: ئه‌مه سه‌ره‌خۆره‌یه!. له ڕۆژانى سه‌ره‌تاى له‌دایكبوونی مامۆستادا، سه‌یدێك ده‌بێته میوانیان، (جه‌واهیر)ى دایكى مامۆستا ده‌ڵێت: مامه سه‌ید! نانت بۆ دابنێم، نانمان ده‌خۆیت؟ ده‌ڵێت: بۆچى نانتان ناخۆم؟ ده‌ڵێت: ئاخر من ههتیوبارم، تازه‌یش منداڵێكم بووه ناومان نه‌ناوه، چونكه باوكیان له (سه‌فه‌ر به‌لك) شه‌هید بووه. (مام سه‌ید)یش ده‌ڵێت: باوكى ئه‌و منداڵه نه‌مردووه‌و ماوه، ئێستا وا له شارى (شوش)ى ئێران، له كاتى جۆدرهودا ده‌گاته‌وه ئێره، ئینجا ده‌ڵا: منداڵه‌كه‌م بۆ بێنن، با ناوى بنێم، منداڵه‌كه ده‌خاته سه‌ر كۆشىو ناوى ده‌نێت (عبد الرحمن)و ده‌ڵێت: ئه‌م منداڵه پاشه‌ڕۆژ سوودى ده‌بێت بۆ ئیسلام. پاشان ده‌ڵێت: یا خوا ڕۆڵه له هه‌ر كۆمه‌ڵێكدا بووى، خه‌ڵك ڕوو بكاته ده‌مت ، تۆ ڕوو نه‌كه‌یته ده‌مى كه‌س.
قسه‌كه‌ى مامه سه‌ید دێته دى، پاش ماوه‌یه‌ك باوكى مامۆستا دێته‌وه‌و دواى مردنى دایكى مامۆستایش، دوو ژنى تریش دێنێت كه ناویان (خانم)و (وه‌نه‌وش) ده‌بێت.
كاتێ مامۆستا ته‌مه‌نى ده‌گاته (7) ساڵان، باوكى ده‌یخاته به‌ر خوێندن، لاى مه‌لاى گونده‌كه‌یان (مامۆستا مه‌لا عبدالله) قورئان‌و هه‌ندێ ورده كتێب ده‌خوێنێت. دواى ئه‌ویش لاى مه‌لا (سه‌ید حه‌سه‌نى سه‌ید نه‌جیب)و دواتریش زۆر شوێنى تر دهگهڕێتو لاى زۆرێك له مامۆستایانى تر زانسته‌كان دهخوێنێتو له (5/10/1361ك/ 15/10/1942ز) به‌شداریى تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى زانستى (مه‌جلیسى عیلمى سلێمانى) دهكاتو سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.
دواتر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه زانستییه داوا ده‌كات له هه‌ر دوو مامۆستاى ناودار: مامۆستا (مه‌لا عینایه‌تى سه‌روماڵی)و مامۆستا (مه‌لا عبدالله چروستانى) ئیجازه بنووسن بۆ مامۆستا (مه‌لا عبد الرحمن)، ئیتر له مزگه‌وتى (شێخ حسێنى قازى) له سلێمانى به پێشنوێژ‌و موده‌ڕیس داده‌مه‌زرێت. ویستى خوا وه‌ها بوو ئه‌و مزگه‌وته بۆ ماوه‌ى (67) ساڵ بوو به مه‌ڵبه‌ندى زانست‌و وانه‌وتنه‌وه‌و باره‌گاى فه‌تواو وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیار‌و چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى موسوڵمانان، مامۆستایش دڵسۆزانه به‌ده‌م خه‌ڵكه‌وه بوو، بێ ئه‌وه‌ى داواى هیچێك له هیچ كه‌س بكات.
له ساڵى (1966ز) دواى كۆكردنه‌وه‌ى فه‌قێى هه‌موو مزگه‌وته‌كان له په‌یمانگاى ئیسلامیى له مزگه‌وتى (گه‌وره)، مامۆستا كرایه وانه‌بێژو ڕۆژانه ده‌یان فه‌قێ لێی به‌هره‌مه‌ند ده‌بوون، به تایبه‌تى له وانه‌كانى (فیقهـ)و (فرائچ)، كه مامۆستا تاقانه‌ى سه‌رده‌مى خۆى بوو له‌و دوو بواره‌دا، به شێوه‌یه‌ك هه‌موو مه‌سه‌له‌كانى میراتى له‌به‌ر بوو، بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه بۆ كتێبه‌كان.
ساڵى (1974ز) دواى ئه‌وه‌ى په‌یمانگاى ئیسلامیى له ده‌ستى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف دهردههێنرێتو ده‌خرێته سه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، مامۆستاكان سه‌رپشك ده‌كرێن له نێوان ئیمامه‌تى مزگهوتو ته‌دریس له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌دا، به بیانووى ئه‌وه‌ى ناگونجێ یه‌ك كه‌س دووكارى هه‌بێت، بۆیه مامۆستا بێ دوودڵى خۆى یه‌كلاده‌كاته‌وه بۆ مزگهوتو وه‌ك جارى جاران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر وانه‌وتنه‌وه به‌و فه‌قێیانه‌ى ده‌هاتنه خزمه‌تى، هه‌ر چه‌ند له‌و سه‌رده‌مه‌دا پاره‌ى ته‌دریسیان نه‌ئه‌دا به مامۆستایانى مزگه‌وت، وه‌ك پیلانێك بۆ نه‌هێڵانى ده‌رسى مزگه‌وت.
ساڵى (1985ز) مامۆستا خانه‌نشین ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر وانهبێژییو وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیار‌و كێشه‌كان، هه‌روه‌ك سه‌رده‌مى گه‌نجیى، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست به ماندووبوون بكات، به‌ڵكو ڕۆژانه به پێ له گه‌ڕه‌كى (تووى مه‌لیك)ه‌وه له شارى سلێمانى، ده‌چوو بۆ مزگه‌وتى شێخ حوسه‌ینى قازى، بۆ وانه گوتنه‌وه.
ساڵى (1991ز) دواى راپهڕینو پێكهێنانى حكومه‌تى خۆماڵیى، مامۆستا ده‌كرێته سه‌رۆكى (لێژنه‌ى فه‌تواى كوردستان)و ده‌ورێكى باڵا‌و كاریگه‌رى ده‌بێت بۆ ڕاگرتن‌و به‌رده‌وامبوونى كار‌و چالاكى ئه‌م لێژنه‌یه‌ى كه هه‌موو ڕۆژانێكى سێ شه‌ممه كۆده‌بوونه‌وه‌و چاویان ده‌بڕییه ده‌مى مامۆستا‌و بێ پرسوڕاى ئه‌و هیچ فه‌توایه‌كیان نهدهنووسى.
به‌م شێوه‌یه مامۆستا خوا مۆڵه‌تیدا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كانى هه‌تا هه‌فته‌یه‌ك پێش وه‌فاتى.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه مامۆستا كتێب‌و نووسراوى به‌جێ نه‌هێشتووه، به‌ڵام سامانێكى گه‌وره‌ى له فه‌تواى به‌نرخ جێ هێڵاوه، ئه‌گه‌ر به جوانیى كۆ بكرێته‌وه، به‌رگێكى گه‌وره‌ى لێده‌رده‌چێت، چونكه مامۆستا ماوه‌ى زیاتر له پازده ساڵ ڕیشسپى لیژنه‌ى فه‌تواى سلێمانى بووه، هه‌موو فه‌تواكانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ماون‌و لاى هه‌ندێك له مامۆستایان پارێزراون.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه گه‌وره‌ترین جێدهستو شوێنه‌وارى مامۆستا، ئه‌و سه‌دان فهقێیهن كه له‌لاى خوێندوویانه‌و پێگهیشتوونو كۆمه‌ڵێكى زۆریشیان ئیجازه‌یان له خزمه‌تیدا وه‌رگرتووه، كه ئه‌مانه هه‌ندێكیانن:
دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمى، مه‌لا موحه‌ممه‌د ئه‌مین بامۆكى، مه‌لا موحه‌ممه‌د شاسوار شاره‌زوورى، مه‌لا عبد الله ههجیجى، مه‌لا شێخ عوسمانى شێخ مارف نێرگسهجاڕى، د. فاچل عبد الواحد، شێخ ئه‌حمه‌د شێخ صدیق كه‌سنه‌زانى، مه‌لا عبد الله شوكر جاسم، مه‌لا عبد الرحمن كه‌ریم مه‌حمود، مه‌لا سه‌عید هه‌مزه سه‌عید، مه‌لا نه‌جمه‌دین وادى، مامۆستا شێخ عه‌زیز پاڕهزانى، مه‌لا عه‌لى چایچى، عبد الله په‌رخى، مه‌لا شێخ نوره‌دینى موفتى، مه‌لا عبد الله مه‌لا صاڵح بێژوێیی، مه‌لا عبد الله مسته‌فا محه‌ممه‌د، شێخ عه‌لائه‌دین ڕه‌زا سه‌نگاوى، مه‌لا صالح حسێن قادر قه‌ره‌داغی، شێخ عومه‌ر شێخ مارف، مه‌لا فه‌تاح پیسكهندى، مه‌لا عه‌لى سهرنهوانى..
مامۆستا عبد الرحمن له شه‌وى شه‌ممه (1) ى (ژی الحجه)ى ساڵى (1429ك، به‌رامبه‌ر 29/11/2008ز) له ته‌مه‌نى (94) ساڵیدا، گیانى سپارد به‌خواو له به‌یانى ئه‌و ڕۆژه‌دا له مه‌راسیمێكى پڕ شكۆدا له گۆڕستانى (گردى سه‌یوان) به‌خاك سپێردرا.
سه‌رچاوه‌كان:
1- صه‌د ئه‌ستێره له ئاسمانى زانست، عومه‌ر ئه‌حمه‌د نیزامى، چاپ نه‌كراوه.
2- ژیان‌و كۆششه‌كانى زاناى پایه‌به‌رزى كوردستان مامۆستا عبد الرحمن، كامه‌ران عبد الرحمن مه‌جید، سلێمانى، (2009ز).

کۆمێنتەکان لەکارخراون.