د. عمر عبدالعزیز
بەشی یەكەم
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى مانگى (موحه‌ڕڕه‌م)ـى هه‌ر ساڵێكى كۆچی‌دا، موسڵمانانى جیهان یاداوه‌رییه دێرین و زێڕینه‌كانى مێژووى پڕ له جوامێریى ئوممه‌تى ئیسلام دێته‌وه بیریان، مێژوویه‌ك كه به‌شێكى زۆرى گۆشه‌كانى شارستانییه‌تى و ژیاریی جیهانى پڕ كرد له مه‌شخه‌ڵى ڕووناكیى، سه‌ره‌تایه‌كى نوێى بۆ تێگه‌یشتن له (ژیان) و (بوون) و (ئه‌ركى مرۆڤ له بوونه‌وه‌ردا) و (گرنگیى و بایه‌خدان به ڕه‌وشته به‌رزه‌كان) دانا.
له‌وه ناچێت هیچ حه‌قبێژ و ئه‌مه‌كدارێك داننه‌نێت به هه‌وڵى موسڵمانان و جێده‌ستیاندا له هه‌موو بواره‌كانى ژیانى مرۆڤایه‌تیدا، بۆیە موسڵمانان هه‌موو ساڵێك به‌م ئومێد و گیانه‌وه پێشوازیى له سه‌ره‌تاى ساڵى كۆچیى و مانگى (موحه‌ڕه‌م) ده‌كه‌ن و له‌م یاده نه‌مره‌دا بیرى نه‌قڵكردنى ئاینى خوا ده‌كه‌نه‌وه له جیهانى پڕ ئازار و تاڵیی و وشكى (مه‌ككه)وه، به‌ره‌و جیهانى پڕ له ئومێد و شیرینیى و پاراویى (مه‌دینه). بیرى ده‌ربازكردنى هه‌ڵگرانى په‌یامى خوایان ده‌كه‌وێته‌وه، له ئه‌شكه‌نجه‌ى گیان و لاشه‌وه، به‌ره‌و ئازادیى و حه‌وانه‌وه و جیهانى واقع و بوون و جێهێشتنى قۆناغى خۆسازدان و بنیاتنان و ڕووه‌و ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌سازدان، ده‌كه‌وێته‌وه بیریان.
پێشه‌وا عومه‌ر و ڕاوێژكارانی، له‌خۆڕا ئه‌و ڕۆژه‌یان بۆ سه‌ره‌تاى مێژووى ئیسلامیى هه‌ڵنه‌بژارد! له ڕاستیدا ده‌ركیان كردبوو كه ئه‌و ڕۆژه خاڵێكى وه‌رچه‌رخان و شامه‌شخه‌ڵه له مێژووى ئوممه‌تى ئیسلامدا، دەیانزانى كە ئەو ڕووداوە جومگەیەكى توندوتۆڵى مێژووى ئیسلامە و بۆ هەمیشەش سەرچاوەى پەند و عیبرەتە، بۆیه زۆر پێویسته به زیندوویى ڕابگیرێت.
لە ڕاستیدا له قۆناغی كۆچ به‌دواوه لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ بۆ ده‌فته‌رى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامیى هه‌ڵدرایه‌وه. سه‌رده‌مى ئازارچه‌شتن و ئابڵۆقه و ڕێلێگرتن و چه‌وساندنه‌وه، به‌ڕێ كرا و سه‌ره‌تاى هه‌نگاونان به‌ره‌و ده‌وڵه‌تداریى و په‌یوه‌ندیى به‌ستن و كرانەوە بەسەر كۆمه‌ڵگاكانى تر‌ى جیهاندا ده‌ستى پێكرد.
هیجره‌ت بووه سه‌ره‌تاى قۆناغى جێبه‌جێكردنى زۆربه‌ى تیۆره‌كان، وه‌رزى دروێنه‌ى ڕه‌نجه‌كان، هاتنه به‌رهه‌مى خه‌باتى پڕ سه‌بر و لێبڕان و خۆڕاگریی قۆناغى مه‌ككه.
ده‌كرێ بڵێین: كۆچكردنى هاوەڵان شۆڕشێكى ئارام و كوده‌تایه‌كى بێدەنگ بوو دژى سته‌مكاریى و دیكتاتۆریه‌تى تاغوتانى قوره‌یش و ژوانى كه‌وتنه‌كارى هێز و لێهاتنه‌كان بوو. وه‌رزى نومایانبوونى شكۆى ئیسلام و لێكئاڵانى غیره‌تى كۆچبه‌ران و خزمه‌تى یاریده‌ران بوو، هه‌روه‌ك مه‌حوى (ڕه‌حمه‌تى خواى لێ بێ) ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر ئه‌م هیجره‌ته نه‌بووایه، دین ئه‌م شه‌وكه‌ته‌ى كه‌ى بوو؟
كه هه‌ر كه‌س تێ بگا به‌م دینه، نه‌سخى جومله ئه‌دیانه
به هیجره‌ت، غیره‌تی دینى موهاجیر، خزمه‌تى ئه‌نصار،
له قووه هاته فیعل و بوو له عاله‌مدا به ده‌ستانه،
له فه‌یزى هیجره‌ته، ئه‌صحابى به‌در ئه‌م شه‌و هیلالى بوون،
سبه‌ى هه‌ریه‌ك بووه به‌درێكى كامیل، ئه‌و هیلالانه ..
بۆیە لە بۆنه‌ی كۆچدا پێویستە چه‌ند خاڵێكمان وەبیركەونه‌وه، كە بۆ هەر سەردەمێكی مێژووی بانگەوازی ئیسلامیی گرنگن و جێگای پەند و وانەوەرگرتنن:
سەرەتا دەبێت بایه‌خدانمان به مێژووى هیجریى له‌بیر نه‌چێته‌وه، چونكه ئه‌م مێژووه تایبه‌تمه‌ندیى هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نیه و موڵكى ئوممه‌تى ئیسلامه. كارێك كه گه‌وره یارانى پێغه‌مبه‌رى خوا ڕایان له‌سه‌رى كۆك بووبێت، دیاره گرنگییه‌كى تایبه‌تیى هه‌یه و ده‌بێت مافى خۆى بدرێتێ.
مه‌سه‌له‌كه زیندووڕاگرتنى مێژووى چڕ و پڕ و پڕسەروەرییى ئیسلامه، له‌پێشچاودانانى تابلۆ ڕه‌نگینه‌كانى پێشانگه‌ى چوارده سه‌ده‌ى موسڵمانانه، شانازیكردنه به داب و نه‌ریتى خۆییه‌وه و خۆ خه‌مڵاندنە به ئاكار و زێوه‌رى تایبه‌تیى به‌ها به‌رزه‌كان. مه‌گه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه و خاوه‌ن ژیارێك مێژووى تایبه‌تیى خۆی نیه: (مێژووى ئیگریكى، بابلى، فارسى، هیندیى، چینى، عیبرى..؟) كه‌واته مافێكى زۆر به‌جێ و ڕه‌وایه كه بایه‌خ به‌و مێژووه بدرێ و له ناوه‌نده سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیى و ئه‌ده‌بییه‌كانماندا به‌كار ببرێ و باسى كوێر نه‌كرێته‌وه