ن: نه‌به‌ز هه‌ورامى‌و ڕێبوار چه‌له‌بى
ناوى محه‌ممه‌د، كوڕى شێخ عه‌لى، كوڕى حاجى شێخ ئه‌مینى خاڵ، كوڕى شێخ محه‌ممه‌دى خاڵ، كوڕى مه‌لا ئیسماعیل، كوڕى مه‌لا مسته‌فا، (موفتى میرنشینیی بابانه‌كان بووه)، كوڕى مه‌لا شمس ا‌لدین، كوڕى مه‌لا عوسمان، كوڕى سه‌ید مه‌حمود، كوڕى سه‌ید محه‌ممه‌د، كوڕى سه‌ید حه‌سه‌نى ناسراو به مه‌لا (ئه‌بوبكرى موصه‌ننیف)ه. نازناوى (خاڵ)ى له باپیره‌ى دووه‌مى بۆ ماوه‌ته‌وه.
ساڵى (1904ز) له گه‌ڕه‌كى گۆیژه‌ى شارى سوله‌یمانى، له‌دایك بووه‌و له ته‌مه‌نى (9 یان 10) ساڵیدا، باوكى كۆچى دوایى كردووه. باپیرى ئه‌ركى په‌روه‌رده ـ ـ كردنى ئه‌وو چوار براى تر‌ى له ئه‌ستۆ گرتووه، له پانزه ساڵیدا له‌گه‌ڵ كچێكى برازاى شێخ عومه‌ر ناسراو به (ابن القره‌داغى)، ژیانى هاوسه‌رگیریى پێكهێناوه.
ساڵى (1928ز) خوێندنى زانسته‌كانى ته‌واوكردووه‌و ئیجازه‌ى زانستیی مه‌لایه‌تى وه‌رگرتووه. ده‌رباره‌ى ئه‌و زانایه‌ى (مۆڵه‌تى زانستیى) پێبه‌خشیوه، بیروڕاى جیاواز هه‌ن، هه‌ندێك لایان وایه (شێخ عومه‌رى قه‌ره‌داغى) بووه، هه‌ندێك به مه‌لا محه‌ممه‌دى جه‌لیزاده، (مه‌لاى گه‌وره‌ى كۆیه)ى ده‌زانن، هه‌ندێكى تر به (مه‌لا فندى هه‌ولێر)یان داناوه.
ساڵى (1931ز) باپیره‌ى شێخ محه‌ممه‌دى خالأ -واته: مه‌لا شێخ ئه‌مین- كۆچى دوایی كردووه‌و مامۆستا خاڵ -وه‌ك جێگره‌وه‌ى- له ڕێوڕه‌سمێكى گه‌وره‌دا، به ئاماده‌بوونى ئه‌حمه‌د به‌گى ته‌وفیق به‌گ، موته‌صه‌رریفى سلێمانى‌و جه‌ماوه‌رێكى زۆر، خراوه‌ته جێى.
مامۆستاكانى:
ناسراوترینیان بریتی بوون له:
1-شێخ ئه‌مینى خاڵ، (باپیرى)
2- شێخ جه‌لالى قه‌ره‌داغى
3- مامۆستا مه‌لا حوسه‌ینى پیسكه‌ندى
4-شێخ عومه‌رى قه‌ره‌داغى، ناسراو به (ابن القره‌داغی). ئه‌مانه له مه‌لا ناوداره‌كانى شارى سلێمانى بوون‌و شێخ محه‌ممه‌دى خاڵ به (زانا‌و زاهیدو مامۆستاى هه‌مووان) ناوى بردوون.
جگه كارى مه‌لایه‌تیى‌و مامۆستایه‌تیى‌و نووسین، ساڵى (1939ز) له تاقیكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دادى عێراقیدا به پله‌ى یه‌كه‌م ده‌رچووه‌و به فه‌رمانى پادشایی كراوه‌ته قازى‌و له دادگاكانى هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانى‌و كه‌ركوك‌و چه‌مچه‌ماڵ‌و موسڵ‌و به‌غداد، قازییه‌تى كردووه‌و بۆ ماوه‌ى (28) ساڵ، له‌و كاره‌دا ماوه‌ته‌وه‌و ساڵى (1964ز) له نێو قازییه‌كانى عێراقدا، به ئه‌ندامى دادگاى ته‌میزى شه‌رعیى به‌غدا دیاریكراوه‌و له(1968ز) خانه‌نشین كراوه. ساڵى (1953ز) بووه به ئه‌ندامى (كۆڕى زانیارى عێراق)و له (1972ز) شدا بووه‌ته جێگرى سه‌رۆكى (كۆڕى زانیارى كورد).
له (15/7/1989ز) كۆچى دوایى كردووه‌و له ڕێوڕه‌سمێكى شایسته‌داو به ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌كى زۆرى زانایانى كوردستان‌و جه‌ماوه‌رێكى زۆر، له (گردى سه‌یوان)ى سوله‌یمانى نێژراوه.
كه‌سایه‌تیى‌و هه‌ڵوێست:
شێخ محه‌ممه‌دى خاڵ خوێنده‌وارو ڕوناكبیرێكى گه‌وره‌ى سه‌رده‌مه‌كه‌ى بووه، له ڕیزى ئه‌و زانایانه‌دا بووه كه زانیویه‌تى ئاینه‌كه‌ى هه‌روه‌ك ئاینى مزگه‌وت‌و لایه‌نى ڕۆحییه، ئاینى مه‌یدانى تێكۆشان‌و ڕێگه‌ى پیشكه‌وتنیشه.
له سه‌ره‌تاى خوێندنییه‌وه -وه‌ك مامۆستاكه‌ى شێخ عومه‌رى (ابن القره‌داغى) هه‌ستى پێ كردبوو- بێجگه له زانسته‌كانى شه‌ریعه‌ت، هه‌وڵی داوه ئاشناى زانسته‌كانى دیكه‌ش ببێت. دواتریش ئه‌و هه‌وڵدانه‌ى به‌رده‌وام بووه‌و به پێویستییه‌كى هه‌نگاوه ڕۆشنبیرى‌و ڕیفۆرمییه‌كانى زانیوه.
له‌سه‌ر داواى سه‌رۆك كۆمارى عیراقى ئه‌و كاته (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر)، گه‌وره به‌رپرسێك پێوه‌ندیى پێوه كردووه كه پۆستى (ئه‌میندارى گشتیى ئه‌وقافى كوردستان) وه‌ربگرێت، به‌ڵام وه‌رى نه‌گرتووه، دوایى ئه‌و به‌رپرسه به زۆر شێوازى دى له‌سه‌ر داواكه‌ى به‌رده‌وام بووه، شێخى خاڵ هه‌ر ملى نه‌داوه. هه‌روه‌ها صه‌دام حوسێن- له ڕێگه‌ى كاربه‌ده‌سته‌كانییه‌وه – داواى لێ كردووه كه ده‌ستنووسه‌كانى كتێبخانه‌كه‌ى كه نزیكه‌ى (636) دانه ده‌ستنووس بوون، به كتێبخانه‌ى صه‌دام بفرۆشێت، به‌ڵام ئه‌و كاره ناكات، پاشان ته‌ماعى پاره‌یه‌كى زۆر‌و پاشتر چه‌كى كراوه‌یان وه‌به‌ر ناوه، دوا قسه‌ى شێخ ئه‌وه بووه: “به‌رانبه‌ر به‌و چه‌كه، تاقه ده‌ستنووسێك ناده‌م.”
شایانى باسه زۆربه‌ى ئه‌م ده‌ستنووسانه ئه‌وانه‌ن كه له كاتى گوێزرانه‌وه‌ى میرنشینى بابان له (قه‌ڵاچوالان)ه‌وه بۆ شارى سلێمانى، له ساڵى (1784ز) دا، شێخ مسته‌فاى باپیرى پێنجه‌مى خاڵ، له‌گه‌ڵ خۆی هێناونى بۆ سلێمانى، كه ئه‌ویش له مه‌لا ئه‌بوبه‌كرى موصه‌ننیف، باپیره‌ى شه‌شه‌مییه‌وه بۆى مابوونه‌وه، واته ته‌مه‌نى هه‌ندێك له‌و ده‌ستنووسانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له (400) ساڵ.
خاڵ له كارى قه‌زاوه‌تیشدا، هه‌وڵی داوه وه‌ك پێویست به یاسا‌و شه‌ریعه‌ته‌وه پابه‌ند بێت، بۆیه هه‌رچه‌ند جاروبار فشاریشى له‌سه‌ر بووبێت، له ڕاستیى‌و مافپه‌روه‌ریى لای نه‌داوه. هه‌روه‌ها زۆر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه خێزانییانه‌ى داوه كه ده‌بوونه هۆى ئاژاوه‌و جیابوونه‌وه‌ى ژن‌و مێرد. هه‌میشه كێشه‌كانى به‌و ئاقاره‌دا بردوون كه جیابوونه‌وه‌ى لێنه‌كه‌وێتـه‌وه.
شێخ محه‌ممه‌دى خاڵ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى په‌روه‌رده‌كراوى ده‌ستى باپیرى بووه، خاوه‌نى په‌روه‌رده‌یه‌كى ده‌روونیى دروست‌و ئه‌خلاقێكى به‌رزى زانایانه بووه. كه‌سێكى به ویقار بووه‌و زانستێكى فراوانى له زمان‌و ئه‌ده‌بى كوردیى‌و عه‌ره‌بى‌و فارسی‌دا هه‌بووه‌و له په‌یڤیندا سه‌رنجى ده‌وروبه‌رى ڕاكێشاوه.، له وتاردانیشدا خاوه‌نى توانایه‌كى ده‌گمه‌نى ده‌ربڕین بووه.
خاڵ‌و بازنه‌ى پێوه‌ندی:
مامۆستاى خاڵ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى زانا‌و ڕۆشنبیران‌و نووسه‌ران‌و شاعیره دیاره‌كانى كورددا – به جیاوازى بیر‌و ڕایانه‌وه- هه‌بووه، به تایبه‌ت: ئه‌مین زه‌كى به‌گ، ته‌وفیق وه‌هبى به‌گ، پیره‌مێرد، ڕه‌فیق حیلمى، بێكه‌س، قانیع، بێخود، گۆران، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، عه‌لادین سه‌جادى، د.فوئاد مه‌عصوم، د. كه‌مال فوئاد، د.جه‌مال نه‌به‌ز، د. كامیل به‌صیر، د.عیزه‌دین موسته‌فا ڕه‌سوڵ، شاكیر فه‌تاح، مه‌لا موحه‌ممه‌دى قزڵجه‌یى، شێخ ئه‌مجه‌د زه‌هاویى، موحه‌ممه‌د عه‌لى عه‌ونى‌و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ریس‌و..هتد.
هه‌ر به پله‌وپایه‌ى زانایه‌تیى‌و به جل‌وبه‌رگى مه‌لایه‌تیشه‌وه، له سه‌ره‌تاى حه‌فتاكاندا ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكایه‌تى لقى سلێمانى یه‌كێتى نووسه‌رانى كوردى كردووه. حوجره‌كه‌شى هه‌میشه جمه‌ى هاتووه له نووسه‌ران و ڕۆشنبیران، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له سه‌ره‌وه ناومان بردن، به‌رده‌وام سه‌ردانى ماڵ‌و حوجره‌كه‌یان كردووه.
پێوه‌ندیى ناردنى به‌رهه‌م‌و نامه گۆڕینه‌وه‌شى له‌گه‌ڵ هێندێك له گه‌وره زانا‌و نووسه‌ره‌كانى وڵاتى میصردا هه‌بووه، وه‌ك: ته‌ها حوسێن، مه‌حمود ئه‌مین، موحه‌ممه‌د فه‌رید وه‌جدى، عه‌باس عه‌ققاد، شێخ شه‌لتووتى سه‌رۆكى زانكۆى ئه‌زهه‌ر، تۆفیق حه‌كیم، نه‌جیب مه‌حفوز، موسته‌فا سوباعى‌و.. هتد.
له سه‌رێكى تره‌وه به كه‌سایه‌تیی‌و فیكرى جمال ا‌لدین ئه‌فغانى‌و موحه‌ممه‌د عه‌بده‌و حه‌سه‌ن به‌نناو سه‌عیدى نورسی‌و سه‌ید قوتب سه‌رسام بووه. بۆیه كاتێك كه ده‌سه‌ڵاتدارنى میصر بڕیارى له سێداره‌دانى (سه‌ید قوتب)یان ده‌ركردووه، خاڵ به نامه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته، دژایه‌تى بڕیاره‌كه‌ى كردووه.
له چاوپێكه‌وتنێكى ڕۆژنامه‌ى (عێراق)دا ده‌ڵێت: “هۆى بنه‌ڕه‌تیى كاریگه‌ر له جیهانى ڕ‌ۆشنبیرى مندا، نووسینه‌كانى جه‌ماله‌دینى ئه‌فعانى بوون. له وته جه‌مالییه‌كاندا بۆم ده‌ركه‌وت كه زمان گیانى میلله‌ته، كه زمان هه‌بوو گه‌ل هه‌یه، ئه‌و دوو ڕسته‌یه ڕایانچڵه‌كاندم.” هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “ساڵى (1932ز) دانه‌یه‌كم له هه‌موو ژماره‌كانى (العروه الوپقى) ده‌ستكه‌وت، كه وه‌ك كتێب له‌چاپ دراون، له (528) لاپه‌ڕه‌دا، به خوێندنه‌وه‌ى، په‌رده له سه‌ر چاوو دڵم لاچوو، له بارێكه‌وه كه‌وتمه بارێكى تر.”
له ئاستێكى ناوخۆى كوردستانیشدا پێوه‌ندیى شه‌خصیی به ڕه‌مزه‌كانى كارى ئیسلامیی كوردستانه‌وه هه‌بووه، وه‌ك: مامۆستایان نیزامه‌ددین عه‌بدولحه‌مید، موحسین عبد الحمید، عابدین ڕه‌شید، شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز، عه‌بدولعه‌زیز پاڕه‌زانیى، مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دى خورماڵ، مامۆستا مه‌لا عه‌لى محه‌ممه‌د به‌هادین. له‌گه‌ڵ مامۆستا عوسمان عبد العزیز له‌سه‌ر ته‌فسیركردنى جوزئه‌كانى قورئان ڕێككه‌وتنیان هه‌بووه. له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانى كوردستانیشدا، وه‌ك شێخ مه‌حمودى حه‌فید، مه‌لا مسته‌فا بارزانى، د.عبد الرحمن قاسملۆ، جه‌لال تاڵه‌بانى‌و كه‌سانى دیكه‌دا نێوانى هه‌بووه، ته‌نانه‌ت مسته‌فا بارزانى ماوه‌یه‌ك وانه‌ى زانسته ئاینییه‌كانى لاى ئه‌و خوێندووه‌و په‌یوه‌ندیى نامه‌گۆڕینه‌وه‌شى له نێوانیاندا هه‌بووه.
مامۆستا خاڵ به‌رده‌وام له شه‌وو ڕۆژێكدا نزیكه‌ى ده سه‌عات موتاڵاى كردووه، ته‌نانه‌ت له ساڵانى كۆتایى ته‌مه‌نیشیدا – كه ته‌نیا چاوێكى ڕۆشنایى تێدا مابوو- ده‌ستى له خوێندنه‌وه هه‌ڵنه‌گرتووه، خوێندنه‌وه‌یشى هه‌موو لایه‌نه‌كانى ئه‌ده‌ب‌و زمان‌و زانسته سروشتیى‌و مرۆییه‌كان‌و جوگرافیا‌و مێژووى گرتووه‌ته‌وه. بۆیه ده‌توانین بڵێین: عه‌قڵیه‌ت‌و بیركردنه‌وه‌ى خاڵ، زۆر پێش سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى كه‌وتووه. ئه‌وه‌ى ئێستا له‌باره‌ى زمان‌و ئه‌ده‌ب‌و مه‌ده‌نیه‌ت‌و میانڕه‌ویى‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و گرێدانى ڕه‌هه‌ندى ئاینیى به نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌وه، قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، لاى ئه‌و پێش زیاتر له نیو سه‌ده، قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرا.
ساڵى (1967ز) پاش سه‌فه‌رى حه‌ج، سه‌ردانى میصرى كردووه‌و چاوى به شێخى ئه‌زهه‌رى ئه‌وكاته كه‌وتووه‌و له‌سه‌ر چه‌ند بوارێكى ئاینیى گفتوگۆیان كردووه‌و شێخى ئه‌زهه‌ر به زیره‌كیی‌و وریایی خاڵ سه‌رسام بووه.
خاڵ له‌و قۆناغه‌دا ئه‌و كه‌لێنه تازه دروستكراوه‌ى نێوان ئاین‌و فه‌رهه‌نگى نه‌ته‌وه‌یى، له لایه‌كى دیكه‌وه دین‌و دونیا‌و كۆمه‌ڵگه‌ى سڕییه‌وه، ئه‌و نه‌ك بایه‌خى به زمان‌و فه‌رهه‌نگى نه‌ته‌وه‌یى ده‌دا، به‌ڵكو ئه‌وانه‌و خه‌مى نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانى به به‌شێك له په‌رستش ده‌زانی. بۆیه چه‌ندین وتارى له باره‌ى ژێرده‌سته‌یى كورد‌و سته‌مكاریى دوژمنه‌كانى نووسیوه. ئاگادارى ده‌ردو نه‌هامه‌تییه هه‌مه‌جۆره‌كانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بووه. بۆ نموونه له وتارێكیدا به‌ناوى (ساڵى تازه) ده‌ڵێت: “تا كه‌ى گه‌ل هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن به به‌ڵێنى درۆ‌و ده‌له‌سه‌و وته‌ى بۆش‌و پف هه‌ڵدراو؟ هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك تا نه‌هاتۆته سه‌ركار، هه‌زاران به‌ڵێنى زل زل ئه‌دات، كه‌چى كه له‌گه‌ڵ هاته سه‌ركار، له ده‌سته‌كه‌ى خۆیان خراپتر ده‌ر ئه‌چن، خوایه! شۆڕش هه‌ڵگیرساندن وه‌ك ئاگر هه‌ڵگیرساندن ئاسانه، به‌ڵام هه‌ڵسووڕاندنى له قازانجى گشتیی سوودى كۆمه‌ڵگه‌دا گرانه.”
شێخ محه‌ممه‌دى خاڵ له سه‌رهه‌ڵدانى بزاڤه ئیسلامییه‌كانیش ئاگادار بووه. بۆ نموونه زۆر ئاشنا بووه به بزافى (برایانى موسڵمان)، سوودیشى له بۆچوونه‌كانى هه‌ردوو كه‌سایه‌تى ناسراویان (حه‌سه‌ن به‌ننا)و (سه‌ید قوتب) وه‌رگرتووه، شێخ محه‌ممه‌د صه‌وافیش وه‌ك كه‌سى یه‌كه‌مى ئه‌و بزافه له عێراق، كه سه‌ردانى كوردستانى كردووه، شێخى خاڵی بینیوه، به‌ڵام ئه‌و نه‌چووه‌ته ناو كارى ڕێكخستنه‌وه، چونكه تا ڕاده‌یه‌كى زۆر له‌و كاته‌دا نهێنیی‌و سنووردار بووه‌و حه‌زیشى كردووه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى گشتیی بناسرێت‌و له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك حیساب نه‌كرێت.
هه‌وڵى نوێكردنه‌وه‌و چاكسازیى: نووسینه‌كانى شێخ محه‌ممه‌دى خاڵ هه‌ڵگرى پرۆژه‌ى نوێكردنه‌وه بوون، توانیشى گوتارێكى ئاینیى گونجاو بۆ سه‌رده‌مى خۆى به‌رهه‌م بهێنێت. ئه‌گه‌ر به وردیى له ته‌فسیرو كتێبه‌كانى‌و وتاره‌كانى ڕۆژانى هه‌ینیى‌و وتاره‌كانى له نێو گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌كان ڕابمێنین، به ڕوونیى هه‌ست به پرۆژه‌ى نوێكردنه‌وه ده‌كه‌ین. ته‌فسیره‌كه‌ى ته‌فسیرێكى پاك‌و پاڵفته بووه له خوارفات‌و ڕاو بۆچوونى لاواز‌و هه‌ڵبه‌ستراو، هه‌وڵی داوه ئیمانى خه‌ڵك له خڵته‌ى بۆچوونى نادروست پاك بكاته‌وه. له‌لایه‌كى دیكه‌وه، ڕوونتر تیشكى خستووه‌ته سه‌ر چه‌مكه‌كانى پێشكه‌وتن‌و زانستخوازیى‌و دادپه‌روه‌ریى‌و گونجاویى ئه‌حكامه‌كانى قورئان بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك.
پاش قورئان‌و ئیمان، له باره‌ى ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌ره‌وه (درودى خواى له‌سه‌ر بێت) بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نه‌زانیى‌و خورافات‌و بۆ پووچه‌ڵكرنه‌وه‌ى هێندێك كتێبى مه‌ولودنامه‌ى پڕ له شتى هه‌ڵبه‌ستراو – كه له‌و ڕۆژگاره‌دا باو بوون‌و بره‌ویان هه‌بوو-مه‌ولودنامه‌ى (نه‌وئه‌سه‌ر)ى نووسیوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ناوى مه‌ولودنامه‌ى لێ ناوه، تا له ئاهه‌نگه‌كاندا بخوێنرێته‌وه.
به‌رهه‌مه‌كانى:
- ته‌فسیرى قورئانى پیرۆز، حه‌وت به‌رگ، (1967- 1981ز).
- ناڵه‌ى ده‌روون، چوار به‌رگ.
- فه‌لسه‌فه‌ى ئاینى ئیسلام، (1938ز).
4.مه‌ولودنامه‌ى نه‌وئه‌سه‌ر، (1937، 1972ز). - سۆزى مینبه‌ر، (1997ز).
- مه‌لا موحه‌ممه‌دى خاكیى، (1978ز).
- پێشگرو پاشگر، (1974ز).
- بابا تاهیرى هه‌مه‌دانیى مه‌شهور به عوریان، (1977ز).
- ئاین‌و ڕه‌وشت جوانكردن، (1949ز)
- فه‌رهه‌نگى خاڵ، سێ به‌رگ، (1960 . 1976ز).
- په‌ندى پێشینان، (4513) په‌ند.
- ئاگادارى ئه‌مانه‌ت، ساڵى (1959ز).
- ژیانى موفتی زه‌هاوی، ساڵى (1953ز).
- ڕێزمانی كوردیی بۆ قوتابخانه‌كان، ساڵی (1961ز).
- په‌روه‌رده‌ی ئاینی بۆ قوتابخانه‌كان، ساڵى (1974ز).
- سه‌ید جه‌ماله‌ددینی ئه‌فغانی، ساڵی (1976ز).
- البیتوشی، (1975ز).
- تاریخ الإماره الأفراسیابیه، أو حلقه مفقوده من تاریخ البصره، خه‌ڵاتى (المۆرخ العربی) له‌سه‌ر وه‌رگرتووه، (1967ز).
- مقدمه فى المۆنپات السّماعیه، (1967ز).
- الشیخ معروف النودهی البرزنجی، (1961ز).
- حاشیه وتعلیق على حاشیه الملا عبد الرحمن البنجوینی على (گلنبوی برهان).
- حاشیه وتعلیق على تعلیقات الملا عبد الرحمن البنجوینی على (گلنبوی ئاداب).
- حاشیه على (شرح سید عبد الله) على كتاب الشافیه لابن حاجب.
- حاشیه على كتاب (سعد الله الصغیر).
ئه‌مانه له ژماره (21)ـه وه چاپنه‌كراون. جگه له چه‌ندین وتار‌و كورته نووسینى دیكه‌و چه‌ندین په‌راوێز له‌سه‌ر زانسته‌كانى مه‌نتیق‌و صه‌رف‌و نه‌حو و مونازه‌ره.
سه‌رچاوه‌كان:
1- الشیخ محمد الخال وجهوده الفكریه والدعویه، نصر ا‌لدین توفیق نادر، رساله ماجستیر، (2014ز).
2- الشیخ محمد الخال مفسرا، (2005ز) عمر على محمد بها‌و ا‌لدین.
3- حیاه الشیخ محمد الخال، به پینووسى خۆى، ده‌ستنووسه، بۆ جه‌مال بابانى نووسیوه.
4- شێخ موحه‌ممه‌دى خاڵ، له كۆمه‌ڵه دیدارێكى ڕۆژنامه‌نووسیدا، د.ئاراس موحه‌ممه‌د صاڵح.
5- ناڵه‌ى ده‌روون، (2007ز)، ده‌زگاى ئاراس.
6- شێخ موحه‌ممه‌دى خاڵ، مونه‌ووه‌رێكى گه‌وره‌و چراخانێكى زمانى كوردى، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، ده‌زگاى چاپى سه‌رده‌م.
7- ڕۆژنامه‌ى عێراق، ژ: (99/23) له: (8/1989)، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ شێخى خاڵ، موحه‌ممه‌د صالح مه‌لا حه‌سه‌ن.
8- زاناى گه‌وره شێخ موحه‌ممه‌دى خاڵ، نه‌به‌ز هه‌ورامى، گۆڤارى ڕابه‌ر، ژماره‌ى (8)ى ئه‌یلولى (1992ز).
9- دیدارى نووسه‌ر نه‌به‌ز هه‌ورامى، له‌گه‌ڵ شێخ خالید كوڕى شێخى خاڵ له (5/8/ 1992ز).
10- نامه‌یه‌كى مامۆستا مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز، بۆ نه‌به‌ز هه‌ورامى، له (8)ى (10)ى ساڵى 1991ز) له باره‌ى پێوه‌ندیى نێوانیان‌و شێخى خاڵ به كارى ڕێكخراوى برایانى موسڵمانه‌وه.
11- ڕۆژنامه‌ى عێراق، جه‌مال بابان، ژماره: (4157ز).
12- چاوپێكه‌وتنى نووسه‌ر: ڕێبوار چه‌له‌بى له‌گه‌ڵ خالدى كوڕى شێخ محه‌ممه‌دى خاڵ، (1993ز).